باجرەنگی بایجان

فیلمى هیندى ٢٠١٥

باجرەنگی بایجان فیلمێکی ھیندیی درامییە لە دەرھێنانی کەبیر خانە.[١] وە لەبەرھەمھێنانی سەلمان خان و (Rockline Venkatesh). فیلمەکە لەڕۆڵبینینی سەرەکی سەلمان خان و ھارشالی مالھوترا و کارینا کاپوور و نەواززەدین سدیقییە.[٢] فیلمەکە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە نیودلھی دەستبەوێنەگرتی کرا. فیلمەکە بەشێوەیەکی گشتی لە ڕۆژی ١٧ی تەممووزی ٢٠١٥ نمایشکرا لەجیھان کە ھاوتابوو لەگەڵ جێژنی ڕەمەزان.[٣][٤]

باجرەنگی بایجان
پۆستەری فیلم
دەرھێنەرکەبیر خان
بەرھەمھێنەرسەلمان خان
Rockline Venkatesh
نووسەرکەبیرخان
(دایالۆگ)
کەوسەر مونیر
(دایالۆگی زۆرتر)
شانۆنامەK. V. Vijayendra Prasad
کەبیر خان
Parveez Shaikh
چیرۆکK. V. Vijayendra Prasad
ئەکتەرانسەلمان خان
کارینا کاپوور
نەواززەدین سدیقی
ھارشالی مالھوترا
وێنەگری سینەماییAseem Mishra

چیڕۆکی فیلم[٥][٦] دەستکاری

فیلمەکە دەست پێ دەکات بە نیشاندانی خێزانێکی موسڵمان کە سەیری تەلەڤیزیۆن دەکەن لە گوندی سوڵتانپور لە ئازاد کەشمیر لە پاکستان. لەوکاتە ژنێکی دووگیان (میھیر ڤیج) منداڵەکەی ناوسکی لەقە دەھاوێت و ھاوکات لەو دیمەنە یاریکەری کریکیتی پاکستانی شاھید ئافرەندی سەرکردایەتی پاکستان دەکات بۆ بردنەوەی یارییەکە لە بەرامبەر ھیندستان. دیمەنەکە دەگۆڕێت بۆ ٦ ساڵ دواتر کچەکە گەورە بووە و ناوی نراوە شاھیدە (ھارشالی مالھوترا) واتە بەھۆی ناوی یاریکەری کریکیتەوە ئەو ناوەی لێنرا. دایکی شاھیدە کچەکەی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ حەزرەتی نیزامەددین دەرگا (Nizamuddin Dargah) لە نیودلھی لە ھیندستان بۆئەوەی لەوێ نزای بۆ بکات چونکە کچەکەی لەزگماکییەوە ڵاڵبووە (واتە قسەی پێناکرێت).

لەکاتی چوون بەرەو نیودەلھی لەناو شەمەندەفەرێک شاھیدە وندەبێت لەدایکەکەی، شاھیدە لەکاتی ونبوونی دەگاتە شارێکی مێژوویی و ئایینی بەناوی کوروکشتەرا (Kurukshetra) لەوێ کوڕێک بەناوی پاوان کومار (سەلمان خان) دەبینێت لەگەڵ چەند پیاوێکی ئایینی سەما دەکات ئەم دیمەنە کار لە شاھیدە دەکات و بەدوای ئەو کوڕە دەکەوێت، کوڕەکەش سەرەتا بە چیڕۆکی ئەو کچە نازانێت بە تەواوی بۆیە سەرەتا تەنیا دەیەوێت بە پێدانی خواردن لەکۆڵ خۆی بکاتەوە بەڵام دواتر ناتوانێت واز لەو کچە بھێنێت وە کچەکەش لەبەر ئەوەی ناتوانێت قسەبکات ئەمەش لێکگەیشتنییان ئاڵۆز دەکات بۆیە پاوان کومار وادەزانێت ئەو کچە لە پەیڕەوانی ئایینی ھیندووئیسمە بۆیەش پاوان پەیکەرێکی (Bajrang Bali) بۆ دەکڕێت بۆئەوەی بیپارێزێت لە مەترسی.

دوای ئەوە پاوان دەیەوێت بیباتەوە ماڵەوە لەناو پاسێکدا لەوێ پاوان ناو لە کچەکە دەنێت موونی ئەمەش لەبەر ئەوەی ناوی کچەکە نازانێت و کچەکەش ناتوانێت ناوی خۆی دەرببڕێت وە لەناو پاسەکە پاوان ھەوڵدەدات ناوی ھەموو شار و شارۆچکەکانی ھیندستان بڵێت بۆئەوەی شوێنی موونی بدۆزێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابێت چونکە کچەکە پاکستانییە نەوەک ھیندی، دواتر پاوان لەگەڵ سەرنشینەکانی پاسەکە دەکەوێتە وتووێژ و چیڕۆکی ژیانی خۆی بۆ ئەوان دەگێڕێتەوە. کە ناوبراو لە کارکردن دەگەڕێتەوە بەمەبەستی پەیداکردنی پارە بۆ ژنھێنانەکەی لەگەڵ ڕاسیکا (کارینا کاپوور خان) ئەمەش چونکە بەڵێنی بە باوکی ڕاسیکا دابوو (Sharat Saxena) کە ماڵێک بۆ ڕاسیکا بکڕێت لەگەڵ دانی ئەرکەکانی وەک زاوا. دوای ئەوە گێڕانەوەی ژیانی پاوان تەواو دەبێت و پاوان دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی ڕاسیکا و لەوێ داوا لە ڕاسیکا دەکات لێبگەڕێن کە موونی بمێنێتەوە تاکوو دایک و باوکی دەدۆزنەوە. دوای ماوەیەک بەھۆی ھەڵسوکەوتەکانی موونییەوە پاوان یان باجرەنگی دەزانێت کە موونی ھیندوو نییە بەڵکوو، موسڵمانێکی پاکستانییە ئەمەش لەدوای ئەوەی دەیبنێت لە پەرستگای ھیندووەوە دەچێتە مزگەوت وە لەجێگای خواردنی سەوزە دەچێت گۆشتی مریشک لە ماڵی دراوسێیە موسڵمانەکەیان دەخوات.

پاوان/باجرەنگی بڕیاردەدات کچەکە لەگەڵ خۆی ببات بۆ پاکستان، بەڵام ئەو ھیچ کاتێک گەشتی نەکردووە و پاسەپۆرتیشی نییە بۆیە دەیەوێت بە پێ بچێتە پاکستان لە ڕێگادا چەند قاچاغچییەک دەبینێت ئەوان بە پارە دەیگەیەننە ئەوبەری سنوور، بەڵام لەسەر سنوور پاوان دەوەستێت و دەڵێت بەبێ ڕەزامەندی پاسەوانانی سنوور ناچمە پاکستان لەوێش تووشی ناڕەحەتی دەبێت، بەڵام دوای چەندجارێک لە ھەوڵدان ئەوە پۆلیسی سنوور ڕەزامەند دەبن کە پاوان بچێتە ناو پاکستان. ئەوکاتەی دەربازی پاکستان دەبن لە قاوەخانەیەک دەمێننەوە و لەوێ موونی دەستگرێکی پۆلیس (کەلەمچە) دەدزێت چونکە ئەو وەک بازنی منداڵان لێی دەڕوانێت و لەگەڵ پاوان/باجرەنگی دەڕوات، بەڵام پۆلیسەکان دەیانگرن و لێیان دەپرسن کێن وە پاوانیش ھەموو ڕاستییەکەیان پێدەڵێت ئەوانیش ئەو بە سیخوڕی ھیندی لە دژی پاکستان لەقەڵم دەدەن و دەیگرن؛ لەناو بنکەی پۆلیس موونی وێنەیەک دەبینێت و بەدەست ئاماژە بەوەدەکات کە ئەوە گوندەکەی ئەوانە ئەمەش پاوان تووشی خرووشان دەکات و لە پۆلیسەکان دەدات و ڕادەکات لەوکاتە ڕۆژنامەنووسێکی پاکستانیش بەناوی چاند نەواب ڕووماڵی ئەو دەستگیرکردنەی سیخوڕە پاکستانییەکە دەکات لەوکاتەی ڕۆژنامەنووسەکە دەبینێت سیخوڕەکە ڕادەکات ئەویش بەدوای ئەوان دەگەڕێت و لەڕێگادا ئاشنایەتییان لەگەڵ پەیدا دەکات و چیڕۆکەکە بەتەواوی دەزانێت ئەویش ھەوڵدەدات لەڕێگای دەزگا ڕاگەیاندنەکان ئەو باسە بورووژێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نابێت بۆیە ھەوڵدەدات دۆزینەوەی موونی بۆ دایکی بکاتە دۆکیومێنت لەڕێگای کامێراکەیەوە. ڕێگایەکی زۆر دەبڕن بۆ دۆزینەوەی ماڵی موونی تاکوو دەگەن بە شوێنێک بۆ حەسانەوە لەوێ ڕۆژنامەنووسەکە ڤیدیۆیەک چاک دەکات و لە ماڵپەڕی یوتیوب بەرزی دەکاتەوە و دەنگدانەوەی باشی دەبێت کە ھیندییەک یارمەتی پاکستانییەکی داوە؛ لەوکاتەی ڤیدیۆیەکە بۆ موونی لێدەدەن ئەوە موونی ئەوە تێبینی دەکات کە دایکی لە ڤیدیۆیەکە دەرکەوتووە ئەمەش دەبێت ھەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ نەواب و پاوان ئەوانیش بەدواداچوون بۆ چوونی ئەو پاسە دەکەن کە دایکی سەرکەوتبوو کە ئەم دیمەنە لە ڤیدیۆیەکەی نەواب دەرکەوتبوو لەوێدا بۆ بەیانی پاسەکە دەدۆزنەوە و سەرجەم ئەو گوندانە دەپرسن کە پاسەکە پێیدا دەڕوات تاکوو ناوی سوڵتانپور دێت و ناوی گوندەکەی موونی دەزانن ھاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چیڕۆکی پاوان و موونی، بەڵام پۆلیسەکان ئەوە قبووڵناکەن و لەبەدوا گەڕان بەدوای سیخوڕەکە بەردەوام دەبن و بەئامانجەکەشییان دەگەن و پاوان دەستگیردەکەن، بەڵام یەکێ لە ئەفسەرەکان بڕیاردەدات پاوان بداتەوە ھیندستان ئەمەش لەدوای ئەوەی کە موونی بە دایکی شاددەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سوڵتانپور و نەوابی ڕۆژنامەنووسیش ھەموو ئەو گرتانە دەگرێت و بە ڤیدیۆیەکی کاریگەر بڵاوی دەکاتەوە. و دەنگدانەوەیەکی گەورەتری ھەبوو لە ڕۆژی دانەوەی پاوان بە ھیند ئەوا موونیش دەچێتە سەر سنوور بۆ دوابینینی پاوان کە یارمەتیی داوە بۆ شادبوونەوەی بە دایکی و ماڵەوەی، لەوێ موونی ناتوانێت پاوان ببینێت تا دواسات کە ھاوار دەکات و زمانی دەبێتەوە و دەڵێت "مامە" وە بەشێوازی ھیندووەکان دەڵێت "خوات لەگەڵ" و لەوکاتە پاوان دەگەڕێتەوە و شاھیدە لەباوەشدەگرێت.

بەشداربووان[٧] دەستکاری

  • ھارشالی مالھوترا لە ڕۆڵی شاھیدە/موونی
  • سەلمان خان لە ڕۆڵی پاوان کومار/باجرەنگی
  • کارینا کاپوور لە ڕۆڵی ڕاسیکا
  • نەواززەدین سدیقی لە ڕۆڵی چاند نەواب (ڕۆنامەنووسی پاکستانی)
  • میھیر ڤیج لە ڕۆڵی دایکی شاھیدە
  • ئۆم پوری (دەرکەوتنی تایبەتی)
  • Sharat Saxena لە ڕۆڵی باوکی ڕاسیکا
  • Alka Kaushal لە ڕۆڵی دایکی ڕاسیکا
  • ئەدنان سامی (میوانی تایبەت)
  • Atul Srivastava لە ڕۆڵی باوکی باجرەنگی

گۆرانییەکان[٨] دەستکاری

وەک ئاشکرایە فیلمەکانی بۆلیوود بەشێکی لەگۆرانی پێکدیت، فیلمی باجرەنگی بایجان لە ٤٣:٣١ خولەک لە گۆرانی پێکدێت.

  1. "Selfie Le Le Re" وتنی کۆمەڵێک گۆرانیبێژ
  2. "Tu Chahiye" وتنی ئاتیف ئەسلام
  3. "Bhar Do Jholi Meri (Traditional)" وتنی عەدنان سامی
  4. "Aaj Ki Party" وتنی میکا سینگ
  5. "Chicken Song" وتنی مایور پوری
  6. "Zindagi" وتنی Neelesh Misra
  7. Tu Jo Mila" وتنی کەوسەر مونیر
  8. "Tu Jo Mila – Dekhna Na Mudke" وتنی جاڤید عەلی
  9. "Zindagi Kuch Toh Bata (Reprise)" وتنی ڕاھات فاتح عەلی خان وە Rekha Bhardwaj
  10. "Tu Jo Mila (Reprise)" وتنی ڕاپۆن

پەراوێزەکان دەستکاری

  1. ^ http://indianexpress.com/article/entertainment/bollywood/salman-khan-bajrangi-bhaijaan-director-kabir-khan-hanuman-doesnt-belong-to-only-one-community/
  2. ^ http://www.imdb.com/title/tt3863552/
  3. ^ http://www.hindustantimes.com/bollywood/first-look-salman-khan-kareena-kapoor-on-sets-of-bajrangi-bhaijaan/article1-1282853.aspx
  4. ^ http://www.glamsham.com/movies/news/15/jul/bollywood-box-office-report-of-the-week-16-07-2015.asp
  5. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Bajrangi_Bhaijaan#Plot
  6. ^ http://www.bollywoodhungama.com/moviemicro/criticreview/id/732337
  7. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Bajrangi_Bhaijaan#Cast
  8. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Bajrangi_Bhaijaan#Track_listing

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری