ئینجیلی مەرقۆس

پەرتووکی پەیمانی نوێ

ئینجیلی مەرقۆس یان مارکۆس یەکێکە لە چوار پەرتووکە پیرۆزە بڕواپێکراوەکەی ئاینی مەسیحی. مارکۆس یەکێکە لە خزمەکانی شیمعۆن پێترۆس، شیمعۆن پەترۆس نزیکترین ھاوەڵی عیسا بوو، لە دواین شێوەی مەسیحدا کە لە قاتی سەرەوەی ماڵێکی زەنگین ڕاگیرا، بە پێی مێژووی کڵێسا ئەو ماڵە ماڵی دایکی مارکۆس بووە، وە ئەو کوڕەی کە بە چەرچەفێکەوە ڕایدەکرد لە کاتی دەسگیرکردنی مەسیحدا (مارکوس ١٤: ٥١) کەسی تر نییە جگە لە مارکۆس خۆی، کەواتە ئەوەی بۆمان دەردەکەوێت ئەوەیە کە مارکۆس دیداری تەواوی ھەبووە لەگەڵ مەسیحدا و بە ھۆی خزمایەتیشی لەگەڵ پێترۆس زانیاری و فێرکاری تەواوی ھەبووە سەبارەت بە ئایینی مەسیحی (یەکەم پێترۆس ٥: ١٣).

ئینجیلی مەرقۆس
ئینجیلی مەرقۆس

مارکۆس یەکەم چاودێری شاری ئەسکەندریە بووە و یەکەم کەس بووە کە ئاینی مەسیحی بردووە بۆ وڵاتی میسر و ھەر لەوێش لەسەر بیروباوەڕی مەسیحی کوژراوە.

زۆرینەی دەستنووسەکانی مزگێنییەکەی بە زمانی یۆنانی و قبتی لەوێ ھەن.

زۆر کەس دەگێڕنەوە کە دەستنووسەکانی دەربارەی مارکۆس لە دێڕی ٨ی بەشی ١٦دا کۆتایی دێت، وە ئەمەش باس لە زیندووبوونەوەی عیسا ناکات و گەورەترین بنەمای مەسیحی باس نەکردووە، بەڵام ئەوەی کە ھەیە لە کۆنترین دەستنووسەکانی مەسیحی کە دەگەڕێنەوە سەدەی یەکەم و دووەم ئەو دەستنووسانەن کە پێی دەووترێت دەستنووسی بێزەنتینی، دەستنووسی بێزەنتینی لە ھەمووی ڕاسترە و لە سەدەی یەکەمەوە تا ئێستاش لە کلێسا ئۆرتۆدۆکسییەکاندا لە تێکڕایی کلێساکاندا خوێنراونەتەوە و ئەوەشی ئاشکرایە کە ھیچ پەرستن و خوێندنی نیایشی ئۆرتۆدۆکسەکان گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە، لە دەستنووسە بێزەنتینیەکاندا دەبینین کە تێکڕای مزگێنی مارکۆس نووسراونەتەوە بێ ھیچ کەم‌ و کوڕییەک.

چاودێری گەورە و یەکێک لە باوکانی کلێسا، پایەبەرز ئیرینیۆس(١٣٠ی زایینی- ٢٠٢ز) لە نووسینەکانیدا مزگێنی مارکۆس وەک بەڵگە دەھینێتەوە بەو دێڕانەشەوە کە بە تۆمەتی ڕەخنەگران زۆر لە مێژە دوای ئیرینیۆس نووسراون لە ساڵی ١٦٥دا پایەبەرز یوستینۆسی گەواڤ لە وەڵامنامەکەیدا ڕێک مارکۆس بەشی ١٦ دێڕی ٢٠ دەھێنیتەوە، ئەمەش کە باس لە زیندووبوونەوەی عیسا دەکات دەقاودەق ووشەکانی مارکۆس دەڵێتەوە کە دەڵێت ' تو لۆگۆو - του Λογου' بە واتای 'لە ووشە' و لە چەندەھا شوێنی تری وەڵام نامەکەشیدا مزگێنی بەگوێرەی مارکۆس ھێناوەتەوە ھەروەھا گەورە مێژووناسی مەسیحی تێرتولیان و ئەفراتیسی سووری ھەموویان دێڕەکانی مارکۆس بە تێکڕایی دەھێننەوە و دەیسەلمێنن کە ھەرگیز گۆڕانکاری نەھاتووە بەسەر ئەو مزگێنیەدا.

ئەمە تا ئێستا سەلماندنی تەواوی و پوختی مزگێنی مارکۆس بوو، ئەو پرسیارەی کە دەمێنێت ئەمەیە ئایا کەی نووسرایەوە؟ ئەگەر ھزری خۆمان کەمێک بخەینە کار دەبێنین بەگوێرەی ئەوەی باسمان کردووە کە باوکانی کڵێسا لە سەدەی دووەمدا پەرتووکی مزگێنی بەگوێرەی مارکۆسیان وەک مزگێنییەکی باو و باوەڕپێکراو خوێندۆتەوە، کەواتە دەزانین کە سەردەمی نووسینی ئەم مزگێنیە پێش سەدەی دووەم بووە، ھەندێک دەستنووس ھەن کە ئێستا باسیان دەکەین.

باوکانی کڵێسا، وەک کەسانی یوستینۆس، ئیرینیۆس، تێرتولیان ھەموویان ئاماژە بەم پەرتووکە دەکەن، ئەمەش لەخۆیدا ھەرچەندە دەستنووس نییە بەڵام بەڵگەیەکی باشە بۆ سەلماندنی ھەبوونی مزگێنی بەگوێرەی مارکۆس لە پێش سەدەی دووەمدا، ئیفسیبیۆس گەورە مێژووناسی مەسیحی سەدەی سێیەم و چوارەم بۆمان دەگێڕێتەوە کە مارکۆس داوای لێکرا لەلایەن چەند مەسیحیەکەوە کە نووسراوێک بخاتەڕوو تا بمێنێتەوە لایان وەک بەڵگە، ئەمەش ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئەو مەسیحیانەوە و جوو نەبوون بەڵکو یۆنانی و لاتینی بوون، لە فەرھەنگی ئەوانیشدا نەریتی زارەکی لاوازتر بووە لە نەریتی نووسراو بۆیە مەسیحییەت دەستیکرد بە نووسینەوەی بابەتەکانی نەک ھەر بانگەوازێکی زارەکی کە ڕێچکەی مەسیحیەکانی نەوەی ئیسرائیل بوو.

پاپیروسی ٤٥ کە دەستنووسێکی ساڵی ٢٥٠ی زاینییە کە لە وڵاتی قبتییەکان دۆزراوەتەوە و بریتییە لە ٢٢٠ لاپەڕە، لێرەدا زۆری پەڕەکان بەکەڵکی خوێندنەوە نایەن بەڵام بەشێکی بەرچاویان مزگێنی مارکۆسی لەخۆگرتووە. دەستنووسی ئالێکسانسرانوس کە ھی سەدەی پێنجەمە، دەستنووسی ئێفرایمی ڕیسێپتوس سەدەی پێنجەم، ھەردووکیان لە دوای ڕێپێدانی مەسیحیەت لە فەرمانڕاویی ڕۆمدا نووسراون و ئاماژە بە تەواوی و نەگۆڕی مزگێنی بەگوێرەی مارکۆس دەکەن.

بەڵام سەیرترین و کەمەر شکێنترین بەڵگە ئەو دۆزینەوەیەی ساڵی ٢٠١٦ بوو کە لە مۆمیایەکی میسریدا چەند لاپەڕەیەکی مزگێنی مارکۆسیان دۆزیەوە، ئەم مۆمیایە لە ساڵی ٨٠دا داخراوە، کەواتە ئەو مزگێنییە لە پێش ساڵی ٨٠دا نووسراوەتەوە، ئەمە چەند شتێک دەسەلمێنێت، بەڵێ مارکۆس لە وڵاتی میسر بووە، بەڵێ لەوێ بانگەوازی کردووە و مزگێنییەکەشی ھەر لەوێ بووە، لەوانەیە ئەم دەستنووسە ڕێک دەستنووسی پایەبەرز مارکۆس خۆی بێت، بەپێی مێژووی کڵێسا پایەبەرز مارکۆس ساڵی ٦٨ کوژرا ھەربۆیەش لە مزگێنییەکەیدا باس لە تێکدانی پەرستگای ئۆرشەلیم ناکات لە ساڵی ٧٠دا، ئەمەش بەڵگەیەکی بەھێزترە بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنێت کە بەڵێ مزگێنی مارکۆس پێش ساڵی ٧٠ نووسراوەتەوە.

سەرچاوەکان دەستکاری

دژی گومراپەرستی، پەرتووکی ٣ بەشی ١٠، ئیرینیۆسی لیۆن. سەدەی دووەم

یەکەم وەڵام نامە پەڕەی ٤٥، یوستینۆسی گەواڤ، سەدەی دووەم.

دژی پراکسیاس بەشی ٢، تێرتولیان، سەدەی سێیەم.

مێژووی کۆڕ، ئیفسیبیۆس، بەشی ٣٥، سەدەی سێیەم.

https://aleteia.org/2016/08/01/was-the-worlds-oldest-copy-of-the-gospel-really-found-in-an-egyptian-funerary-mask/

Why Mark 16:9-20 Belongs in the Bible

A Case Study in Westcott-Hortian Silliness