ئەڕۆڕا (بە ئینگلیزی: Aurora) دیاردەیەکی سروشتی سەرسوڕهێنەرە کە لە جەمسەرەکانی زەویدا ڕوودەدات. ئۆڕۆڕا بە شێوەی هەور و تیشکی ڕەنگاوڕەنگ کە بەدرێژاییی ئاسمان سەمادەکەن دەردەکەوێت.[١] و دوو جۆری هەیە: ئەڕۆڕای باکووری (Aurora borealis) کە لە جەمسەری باکووری زەوی بەدیاردەکەوێت و ئەڕۆڕای باشووری (Aurora australis). ئەمەشیان لە جەمسەری باشووری زەویدا بەدیار دەکەوێت.

ئەڕۆڕای باکووری

ئەڕۆڕا لەو کاتەدا دروست دەبێت کە ئەو تەنۆچکە بارگاوییانەی کە لە خۆر دەردەچن قەڵغانی موگناتیسی زەوی دەبڕن و خۆیان بە گەرد و گەردیلەی نێو بەرگەهەوای زەوی دەکێشن. کە ئەوەش دەبێتە هۆی دەرپەڕینی ژمارەیەکی ئێگجار زۆری فۆتۆن، کە بە هەموویان ئۆڕۆڕا پێکدەهێنن.[٢]

هۆکار دەستکاری

سەرچاوەی وزەی ئۆڕۆڕا خۆرە. خۆر بە بەردەوامی تەنۆچکەی بارگاوی (بەزۆری پڕۆتۆن و ئەلێکتڕۆن) دەوەشێنێت، کە بەرهەمی کارلێکە ناوکییەکانی نێو خۆرن. ئەو تەنۆچکانە بەناو بۆشاییی ئاسماندا گەشت دەکەن بەرەو زەوی بە خێرایی ٣٠٠ بۆ ١٠٠٠ کم/چرکە. و نزیکەی دوو یان سێ ڕۆژیان پێ دەچێت بۆ ئەوەی بگەنە زەوی.[١]

کاتێک ئەو تەنۆچکانە دەگەنە زەوی، بواری موگناتیسی زەوی، یان ماگنێتۆسفێر، هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو تەنۆچکانە دەدات و بەمەش تەنۆچکەکان بەرەو جەمسەرەکانی زەوی ئاڕاستە دەکرێن، وەک چۆن کاتێک ئاوی ڕووبار دەگاتە بەردێک و بە دەوری بەردەکە دا دەڕوات، و دەبنە هۆی گۆڕینی شێوەی باری موگناتیسی زەوی.[١][٣]

هەندێک جار ئەو تەنۆچکانە بە نێو ماگنێتۆسفێردا تێپەڕدەبن و خۆیان بە گەرد و گەردیلەکانی نێو بەشی سەرەوەی بەرگەهەوای زەوی دەکێشن. کە تەنۆچکەکان خۆیان بە گەردیلەکاندا دەکێشن (بە زۆری O, N, N2)، وزەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ گەردیلەکان و بەمەش گەردیلەکان دەورووژێن و فۆتۆنێک دەردەدەن بۆ ئەوەی بگەنەوە باری جێگیری خۆیان.[١]

 
چەند وێنەیەکی ئۆڕۆڕای باشووری و باکووری، کە هەندێکیان ڕووناکی دەگمەنی سوور و شینیان تێدایە.

کاتێک تەنۆچکەکان بەر گەردی ئۆکسجین دەکەون، ڕەنگی سەوز و سوور دروست دەبن و کاتێکیش بەر نایترۆجین دەکەون ڕەنگی شین و مۆر و پەمەیی درووست دەبێت.[١][٢][٣] سەوز باوترین ڕەنگی ئۆڕۆڕایە، لە دوای ئەویش پەمەیی، تێکەڵەیەکی سەوز و سووری کاڵ، سوور، زەرد و شین دێن.[٣]

کات[١] دەستکاری

لە هەندێک شوێنی زەوی ئۆڕۆڕا بەنزیکەیی هەموو ڕۆژێک دەتواندرێت ببیندرێت، بەڵام ئەو هۆکارانە ئەگەری بینینی ئۆڕۆڕا زیاد دەکەن:

دەم: لەبەر ئەوەی تینی ڕووناکی ئۆڕۆڕا نزمە، تەنیا لەشەودا دەتواندرێت ببیندرێت. و هەروەها جوانترین نمایشەکانیش هەر بە شەو بەدیار دەکەون. بۆیە باشترین دەم بۆ بینی ئۆڕۆڕا لە ١١ی شەو تا ٢ی دوای نیوە شەوە.

وەرز: لە نیوەگۆی باکووری زەوی، باشترین وەرز بۆ بینینی ئۆڕۆڕا وەرزی زستانە، لە هاوینان زۆربەی کات دونیا ڕووناکە، بۆیە زۆر بەکەمی ئۆڕۆڕا بەدیار دەکەوێت.

چالاکیی خۆر: چەند خۆر چالاکتر بێت، ئۆڕۆڕا زۆرتر دەبیندرێت لەسەر زەوی.

شوێن دەستکاری

ئۆڕۆڕا زۆرتر لە جەمسەرەکانی زەوی دروست دەبێت. ئەو ناوچەیەی ئۆڕۆڕای تێدا دروست دەبێت، پانییەکەی لە ١٠ بۆ ١٠٠٠ کم دەگۆڕێت. وە دوورییەکەشی دەگاتە ٣٠٠٠ کم لە جەمسەری موگناتیسیی زەوی. و ئۆڕۆڕا لە بەرزی نێوان ٩٥ بۆ ١٠٠٠ کم دروست دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە بەرزایی خوار ٩٥ کیلۆمەتر بەرگەهەوا ئەوەندە چڕە کە خۆپێکداکێشانەکان لە نێوان تەنۆچکە بارگاوییەکان و گەردیلەکانی بەرگەهەوان ئەوەندە زۆر دەبێت کە لە کۆتاییدا لە جووڵە دەوەستن. و لە بەرزایی زۆرتر لە ١٠٠٠ کیلۆمەتریش بەرگەهەوا زۆر تەنکە، بۆیە بەپێی پێویست بەریەککەوتن ڕوونادات.[١]

کە چالاکیی خۆر زیاد دەکات نەک تەنها ڕووناکیی ئۆڕۆڕا زیاد دەکات، بەڵکو ئۆڕۆڕا لە ناوچەیەکی فراوانتریش دروست دەبن. باشترین شوێنیش بۆ بینینی ئۆڕۆڕا ناوچەکانی باکووری کەنەدا، باکووری ڕووسیا، سکاندیناڤیا، و ئالاسکان.[١]

هەسارەکانی دیکە دەستکاری

جگە لە زەوی، چەند هەسارەیەکی دیکەش ئۆڕۆڕایان لەسەر دروست دەبێت. هەسارەی هورمز و کەیوان ئۆڕۆڕایان لەسەر بینراوە کە هی ئەوان زۆر بەهێزترە لەوەی زەوی. هەروەها نێپتۆن و ئورانوس و ڤینوس و مەریخیش ئۆڕۆڕایان لەسەر ڕوودەدات.[٤]

پەراوێزەکان دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح "ئۆڕۆڕای باکووری" ١٨ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. ئینسایکڵۆپیدیای زەوی
  2. ^ ئ ا "چۆن ئۆڕۆڕای باکووری درووست دەبێت" ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. سایتی Aurora Hunter
  3. ^ ئ ا ب "ئۆڕۆڕای باکووری و باشووری". ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سایتی Boundless
  4. ^ پۆڕتاڵی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. دەزگای بۆشاییناسیی ئەورووپی (ESA)