ئۆبژەکتیڤیتە یان عەینییەت یان بابەتێتی[١] تێگەیشتەی «ڕاستیی ئازاد لە زەینییەتی تاک» -ە؛ یانی ئازاد لەو دڵپێوەبوون و بەلاداکێشران و ھۆگرەتییە کە ھەست یان کوڵوکۆی دەروون یان خەیاڵ سەبەبیەتی. کە دەڵێن قەزیەیەک دروستە و دروستییەکەشی ئۆبژەکتیڤە (یان عەینییە) مانای ئەوەیە کە بەجێھاتنی مەرجەکانی دروستیی قەزیەکە، دەستی سووژە و لایەنگریی ئەوی تێدا نەبووە.[٢] ئۆبژەکتیڤیتە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگەی ئەو کەسە کە سەیری شتەکان بەو شێوەیەی کە ھەن دەکا، واتە نە دەیانگۆڕێ و نە لە دۆخێکی تایبەتدا دایاندەنێ.[١]

لە زانستدا، ئۆبژەکتیڤیتە یان عەینییەت ئەوەیە کە بەبێ غەرەز و بەبێ ئەوە دەستێ لە دەرەوە لە کاردا بێ، واقیع بکەوێتە بەر داوەری و، حوکمی بۆ دەرچێ.[٢] بە تایبەت لە ئاکامگریی زانستیدا بیروڕای زەینیی زانیار و زەینییەتی لێکۆڵەرەوە ھیچ چەشنە کاریگەرێتییەک لەسەر چۆنیەتیی ئاکامەکان دانەنێ.[١]

لە چوارچێوەی ئەخلاقدا، داخوازی ئۆبژەکتیڤیتە ئەوەیە کە بناخەی نرخاندنی یاسا ئەخلاقییەکانی ھەر کۆمەڵگایەک، لەسەر خۆشبژیوی و بەختیاریی خەڵکی ئەو کۆمەڵگایەوە دانرابێ. هەروەها، داواکاری ئەوەشە کە لەبەریەکنان و پێکەوە هەڵسەنگاندنی یاسا ئەخلاقییەکان نەکەوێتە سەر شانی زەینییەتی تاکەکان و، لە جیاتیی ئەوە، ئەو پێکەوە ھەڵسەنگاندنە لە ڕێگەی فاکتگەلێکەوە بکرێت کە لە ھەموو شوێنەکان و حاڵەتەکاندا دروست و بەجێگە بن.[٣]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب فەرھەنگی شیکارانەی زاراوەی ئەدەبی. ئاراس. 2004. pp. 43–44.
  2. ^ ئ ا "Objectivity (philosophy)", Wikipedia (بە ئینگلیزی), 2022-01-06, retrieved 2022-02-22
  3. ^ Rescher, Nicholas (2008). "MORAL OBJECTIVITY". Social Philosophy and Policy (بە ئینگلیزی). 25 (1): 393–409. doi:10.1017/S0265052508080151. ISSN 1471-6437.

لینکە دەرەکییەکان دەستکاری