ڕژێنی ئەدرینال (بە ئینگلیزی Adrenal gland) بەشێکە لە کوێرە ڕژێنەکانی لەشی مرۆڤ، دەکەوێتە سەر ھەر گورچیلەیەک. ھەر ئەدرینالە ڕژێنێک کاکڵی ناوەکی ھەیە کە پێی دەڵێن کرۆکە (Medulla)، و چینی دەرەوەش توێکڵە (Cortex). ھەریەکە لە کرۆک و توێکڵ وەکو ڕژێنێکی سەربەخۆ کاردەکەن. دەمارە کۆئەندام کۆنتڕۆڵی دەردانی ھۆرمۆنەکانی کرۆک دەکات، و ھۆرمۆنەکانی پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن دەردانی ھۆرمۆنەکانی توێکڵ ڕێکدەخەن.

ڕژێنی ئەدرینال دەکەوێتە سەرەوەی گورجیلەکان

کرۆکی ئەدرینال دەستکاری

کرۆکی ئەدرینال دوو ھۆرمۆن بەرھەمدێنێت لە ترشە ئەمینییەکان پێکدێن. ئەوانیش ئیپینفرین (Epinephrine) و نۆرئیپینفرین (Norepinephrine)ن، کە بەدوای یەکدا ناسراون بە ئەدرینالین و نۆرئەدرینالین. ئەو دوو ھۆرمۆنە کاردانەوەی دەمارە کۆئەندام لەسەر ئەرک و مەترسی ڕیکدەخەن. ئەو کاردانەوەیە بە ھێرش بردن و ھەڵاتن ناودەبرێت.

کاتێک کەسێک کاردەکات (یان لەژێر فشاردا)، کرۆک ئیپینفرین و نۆرئیپینفرین بۆ خوێن دەردەدات و:

  • خێرایی تێکڕایی لێدانی دڵ زیاد دەکەن.
  • پەستانی خوێن و خەستی گلوکۆز لە خوێندا بەرز دەکەنەوە.
  • ورژمی خوێن بۆ دڵ و سییەکان بەرز دەکەنەوە.
  • ھانی فراوانبوونی بۆریچکەکانی ھەوا و ھەدروو بیلبیلەی چاو دەدەن.

توێکڵی ئەدرینال دەستکاری

توێکڵی ئەدرینال وەڵامی ھۆرمۆنی ھاندەری توێکڵی ئەدرینال (ACTH) Adrenocorticotropic hormone)) دەداتەوە، کە پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن دەریدەدات.

ئەرک، دەبێتە ھۆی ھاندانی ژێر لانک لە دەردانی ھۆرمۆن دەرپەڕاندن (ACTH)، کە پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن ھاندەدات ھۆرمۆنی (ACTH) دەربدات. پاشان (ACTH) توێکڵی ئەدرینال ھاندەدات بۆ بەرھەمھێنانی دوو ھۆرمۆنی سترۆیدی: کۆرتیزۆل و ئەلدۆستیرۆن.

  • کۆرتیزۆڵ Cortisol کاردەکاتە سەر بەرھەمھێنانی گلوکۆز لەپرۆتینەکان، و وزە بۆ خانەکان دابین دەکات، کە توانای بەکارھێنانی ھەبێت.
  • ئەلدۆستیرۆن Aldosterone یارمەتی بەرزکردنەوەی پەستانی خوێن و قەبارەکەی دەدات، بۆ ئەوەی گورجیلەکان پاریزگاری لە خوێیەکان و ئاو بکەن.

سەرچاوە دەستکاری

  • پەرتووکی زانست بۆ ھەمووان (زیندەزانی) • پۆلی دوازدەھەمی زانستی • وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان • چاپی سێیەم ٢٠١٢.