ئانی ھال

فیلمێکی ١٩٧٧ی دەرھێندراو لەلایەن وودی ئاڵن

ئانی ھال فیلمێکی ١٩٧٧ی کۆمێدی ئەمریکییە، لەلایەن وودی ئاڵن دەرھێنراوە. ھەروەھا سیناریۆیەکەی بەھاوبەشی وودی ئاڵن لەگەڵ مارشال بریکمەن نووسراوە. فیلمەکە لە بەرھەمھێنانی چارڵز ئێچ جۆفییە، کە بەڕێوبەری کارەکانی ئاڵنە. لەفیلمەکە وودی ئاڵن بەڕۆڵی ئەلڤی سینگەر ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، کە ناوبراو ھەوڵدەدات ئەو ھۆکارانە بدۆزێتەوە کە شکستی بەچیڕۆکی خۆشەویستییەکەی ھێنا لەگەڵ ئانی ھاڵ کە ئەویش لەلایەن دیان کیتن ڕۆڵی سەرەکی دەگێردرێت.

ئانی ھال
پۆستەری سینەما
دەرھێنەروودی ئاڵن
بەرھەمھێنەرچارڵز ئێچ جۆفییەی
نووسەر
ئەکتەران
وێنەگری سینەماییگۆردن ویلز
مۆنتاژڕاڵف ڕۆسێنبلوم
بڵاوکردنەوەیونایتد ئارتیستس
دەرچوون
  • ٢٠ی نیسانی ١٩٧٧ (1977-04-20)
ماوەی فیلم٩٣ خولەک
وڵاتئەمریکا
زمانئینگلیزی
تێچوون٤ میلیۆن دۆلار
داھات$٣٨٫٣ میلیۆن[١]

قۆناغی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی لە ١٩ی ئایاری ١٩٧٦ دەستیپێکرد، قۆناغی وێنەگرتنی فیلمەکەش دە مانگی خایاند. شارەزایانی سینەما تێبینی بەکارھێنانی چەند کەرەستەیەکیان کرد لە فیلمەکە لەوانە جیاوازیکردن لەنێوان شارەکانی نیویۆرک و لۆس ئەنجەلس، ھاوکێشەکانی جیاوازی ھەستی سێکس لەنێوان ڕەگەزە جیاوازەکان، پشاندانی شوناسی جوولەکە، نیشاندانی سایکۆئانالیز و مۆدێرنیزم.

ئانی ھال لە ئازاری ١٩٧٧، لە فیستیڤاڵی فیلمی لۆس ئەنجەلەس نمایشکرا، ئەمەش پێش نمایشکردنی فیلمەکەبوو لە ھۆڵەکانی سینەما لە ڕۆژی ٢٠ی نیسانی ١٩٧٧. فیلمەکە ستایشکرا، لەگەڵ ئەوەش بووە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلم، لەپاڵ ئەوەش بووە براوەی سێ خەڵاتی دیکە لە خەڵاتەکانی ئۆسکار (دووانیان بۆ ئاڵن بوو، یەکێکیان وەک دەرھێنەر ئەوەی تریش بەھاوبەشی لەگەڵ مارشال بریکمەن بۆ باشترین سیناریۆ)، ھەروەھا خەڵاتێکی دیکەش بۆ باشترین کچەئەکتەر بۆ دیان کیتن. فیلمەکە چوار خەڵاتی لە خەڵاتەکانی بافتا و خەڵاتێکیش لە گۆڵدن گلۆب بەدەستھێنا، خەڵاتەکەی گۆڵدن گلۆب بۆ دیان کیتن بوو. فیلمەکە توانی ٣٨٬٢٥١٬٤٢٥ دۆلار کۆبکاتەوە لە باکووری ئەمریکا، ئەمەش چوارەم پڕداھاتترین فیلمی ئاڵن بوو کەبەبێ ھاوتاکردنی داھات ئەو پلەیە وەربگرێت.

فیلمی ئانی ھال پلەی ٣١ەمینی لە پێرستی گەورەترین فیلمەکانی سینەمای ئەمریکی پێدرا، لەناویشیاندا پلەی چوارەمینی لەلیستی فیلمە کۆمێدییەکان وەرگرت، ھەروەھا پلەی ٢٨ەمین لەکۆی ١٠٠ فیلمی گاڵتەئامێز وەرگرت. ڕۆجەرت ئێبەرت لەبارەی فیلمەکەوە وتی، «زۆر بەئاسانی ئەو فیلمە دڵخوازترین فیلمی وودڵی ئاڵانە لای ھەمووان».[٢] سیناریۆی فیلمەکە ناوی لە لیستی ١٠١ گاڵتەئامێزترین سیناریۆ لەلایەن نووسەرانی گیلدی ئەمریکی ھەژمارکرا.[٣] لە ساڵی ١٩٩٢، کتێبخانەی کۆنگەرەی ئەمریکا، فیلمەکە ھەڵبژارد لە ناو لیستی تۆماری نیشتمانی فیلمەکان بەوەی فیلمێکە کە «کەلتوور، مێژوو و بایەخداری» لە خۆدەگرێت.[٤]

چیڕۆک دەستکاری

کۆمێدیکار (گاڵتەچی) ئەلڤی سینگەر ھەوڵدەدات لەوە تێبگات کە بۆچی پارساڵ پەیوەندییە خۆشەویستییەکەی لەگەڵ ئانی ھال بەکۆتایی ھات، ئەو لە برووکلین گەورەبوو، ئەو دایکی تووڕەدەکرد بەپرسیارە مەحاڵەکانی، ھاوکات ئەلڤی کەسێکە کە پەرۆشی ھەیە بۆ سێکس.

دیمەنی فیلمەکە دەچیتە سەر ژوانێکی ئەلڤی و ئانی، کە لەڕیزی سینەما وەستاون بۆ بینینی فیلمی بەڵگەنامەیی "The Sorrow and the Pity"، لە ڕیزەکە پیاوێک دەبێتە ھۆی بێزارکردنی ئەلڤی کاتێک باس لە کار و فیلمەکانی دەرھێنەری ئیتالی فێدێریکۆ فێلینی و مارشال مەکلوھان دەکات. دوای تەواوبوون لە سەیرکردنی فیلمەکە، ئەوا دەگەڕێنەوە ماڵەوە لەوێ ئانی حەزی بە سێکسکردن نییە لەگەڵ ئەلڤی. لەبڕی ئەوە وتووێژ لەسەر ژنی یەکەمی ئەلڤی دەکەن، کەکەسێکی لەڕادەبەر سۆزدارانە بوو بەڵام ھیچ خۆشییەکی بە ئەلڤی نەدەبەخشی. دووەم ژنی ئەلڤیش نووسەرێک بوو لە نیویۆرک، کە حەزی بە وەرزش نەدەکرد و نەیدەتوانی بگاتە باری لووتکەی چێژ. لە سێکس.

بەڵام لەگەڵ ئانی، شتەکان جیاوازبوون. ھەردووکیان چێژیان لە ئامادەکردنی ڕۆبیانی کوڵاو دەبینی. ڕۆژێکیان ئەلڤی و ئانی یاریی تێنسی دوانییان لەگەڵ دوو ھاوڕێی دیکەیان ئەنجامدا، دوای یارییەکە بەھۆی گفتووگۆی نێوانیانەوە ئەوا ئانی ناچاربوو ئەلڤی بانگێشتی ماڵەکەی بکات و لەوێوە پێکێک شەڕاب بخۆنەوە. دواتر ڕۆژێک دادەنێن بۆ ژووانکردن، لەھەمان ڕۆژدا ئانی تاقیکردنەوەی گۆرانیبێژی ھەیە لە یانەیەکی شەوانە. دواتر لەوشەوە، ئەلڤی پێشنیار بۆ ئانی دەکات کە سەرەتا ماچێک بکەن بەرلەوەی نانەکە بخۆن چونکە یارمەتی ھەرسکردن دەدات، دوای بەڕێکردنی شەوێکی ڕۆمانسی ئەوا ئەلڤی نقوومی خۆشەویستی دەبێت.

بە زوویی ئانی دان بەخۆشەویستییەکەی بۆ ئەلڤی دادەنێت، ئەمەش لەوکاتەی کتێبێکی لەسەر مردن بۆ دەکڕێت و پێشی دەڵێت کە ھەستەکانی ئەو زیاترن لە خۆشەویستی. دواتر ئەلڤی ئانی بینی کاتێک دەستی لەناو دەستی پڕۆفیسۆرەکەی ئانییە، ئەمانەش وایکرد کە ئەلڤی بکەوێتە قسەکردن لەگەڵ خودی خۆی لەبارەی ئانی و پڕۆفیسۆرەکە. دوابەدوای ئەوانە ئانی و ئەلڤی لەیەکتری جیادەبنەوە، ئەلڤی بەدوای پەیوەندی ڕاستەقینەدا دەگەڕێت، لەسەر شەقام پرسیار لە کەپڵەکان دەکات لەبارەی پەیوەندی و سرووشتی خۆشەویستی، ھەروەھا ئەلڤی لە خەیاڵەکانیدا بەردەوام قسە لەگەڵ خۆیدا دەکات و خۆی وەک کارتۆنێک دەبینێت و لەھەمان کاتدا ئانی وەک کارەکتەری شاژنی شەڕەنگێز لە چیڕۆکی دنکە ھەنارە و حەوت کورتەباڵاکە.

ئەلڤی دوای جیابوونەوەی لە ئانی، دەستدەکاتەوە بە درووستکردنی پەیوەندی ئەوینداری لەگەڵ کچێکی دیکە بۆئەوەی ھاوسەرگیری لەگەڵدا بکات. بەڵام لەکاتی ژوانەکەیدا لەلایەن ئانییەوە تەلەفۆنی بۆ دەکرێت، کاتێک دەچێتەوە لای ئانی ئەوا بانگکردنەکەی بۆ ئەوەبووە تا یارماتی بدات لە کوشتنی جاڵجاڵۆکەیەک. ئەلڤی و ئانی لەوکاتەدا بڕیاردەدەن کە پێداچوونەوەیەک بە پەیوەندییەکەیان بکەنەوە و دووبارە بێنەوە لای یەکتری. ئەلڤی ئۆفەری پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی خەڵاتی تەلەفزیۆنی قبووڵ دەکات، بۆ ئەوەش دەچێتە لۆس ئەنجەلیس، لەگەڵ بۆب کە ھاوڕێی ئەلڤییە. دواتر ئەلڤی و ئانی دان بەوە دادەنێن کە پەیوەندییەکەیان وا بۆ ناچێتە سەر.

کاست دەستکاری

خەڵاتی ئۆسکار
١. باشترین فیلم، چارڵز ئێچ جۆفییە
٢. باشترین دەرھێنەر، وودی ئاڵن
٣. باشترین خانمەئەکتەر، دیان کیتن
٤. خەڵاتی باشترین سیناریۆی ڕەسەن،

مارشال بریکمەن و وودی ئاڵن

خەڵاتەکانی گۆڵدن گلۆب
١. باشترین فیلم بۆ کچەئەکتەر لەفیلمی کۆمێدی و میوزیکاڵ، دیان کیتۆن
خەڵاتەکانی بافتا
١. باشترین فیلم
٢. باشترین دەرھێنەر، وودی ئاڵن
٣. باشترین خانمەئەکتەر، دیان کیتن
٤. باشترین مۆنتاژ (ئیدینگ)، ڕاڵف ڕۆسنبلوم، ویندی گرین بریکۆمۆنت
٤. خەڵاتی باشترین سیناریۆ،

مارشال بریکمەن و وودی ئاڵن

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Annie Hall, Box Office Information". Box Office Mojo. Archived from the original on January 13, 2012. Retrieved January 29, 2012.
  2. ^ Ebert, Roger (May 12, 2002). "Great Movies: Annie Hall". The Chicago Sun-Times. Archived from the original on December 30, 2006. Retrieved January 23, 2007. ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ McNary, Dave (November 11, 2015). "'Annie Hall' Named Funniest Screenplay by WGA Members". Variety. Archived from the original on December 22, 2017. Retrieved December 9, 2017.
  4. ^ "The National Film Registry List". Library of Congress. National Film Preservation Board. Archived from the original on August 29, 2008. Retrieved July 18, 2012.