ئیمانوێل کانت: جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکان

ناوەڕۆکی سڕاو ناوەڕۆکی زیادکراو
ب پێداچوونەوەی زمانەوانی
تاگەکان: دەستکاریی دیداری دەستکاریی مۆبایل بە وێبی مۆبایل دەستکاری کراوە دەستکاریی مۆبایلیی پێشکەوتوو
بNo edit summary
تاگەکان: دەستکاریی دیداری دەستکاریی مۆبایل بە وێبی مۆبایل دەستکاری کراوە دەستکاریی مۆبایلیی پێشکەوتوو
ھێڵی ١٦:
کانت لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا گەورە بوو و، باوەڕی ئایینی و پارێزگاربوونی بنەماڵە شوێنێکی گرنگی لەسەر گیرساندنی فکری و فەلسەفی ئەو دانا. کانت کوڕی کۆپاندروویەکی دەستتەنگ بوو. سەردەمی منداڵی و لاویی بە چەرمەسەری بردە سەر، بەڵام توانیی ئەو ئاستەنگانە بکا بە ھێزێکی بزوێنەری لەڕادەبەدەر پۆزەتیڤ و، نەوەک ڕۆحی گرژی و تۆڵە و ناھومێدی بەڵکوو وانەی ڕزگاری و جووڵانەوەو پێگەیشتنی فکریی لێوە فێر بێ. ھەر ئەم تێکۆشانە بەربڵاو و ڕزگارکەرە بەتوندی ناو و ژیانی کانتی بە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە گرێ داوە. کانت دایک و باوکی وەک نموونەی خاوێنی و پارێزگاری دەھێنێتەوە بیر و لەبارەی دایکیەوە دەنووسێ: «قەت دایکم لەبیر ناکەم؛ ئەو بوو کە یەکەم تۆوی چاکەی لە مندا چاند و پەروەدەی کرد. ئەو دڵی منی بە ڕووی سروشتدا کردەوە، ھزرمی لە خەو ڕاپەڕاند و بەرینی کرد. ڕاھێنانەکانی لە ژیانمدا ھەردەم شوێنی شایان و بەردەوامی بووە.» کانت ھەڵسووڕاوانە بەشداری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نەکرد و، دوور لە ھەراوھوریای دەرەوە ژیانی بردە سەر. خولیای سەرەکیی کانت جیھانی بیرکردنەوە و ماریفەت و ڕامان بوو. ئەو ژیانێکی لەڕادەبەدەر تاقەتپڕووکێن و پڕکار و ڕێکوپێکی ھەبوو. لە بارەی نەزم و وردبینی و شێوەی ژیانی کانتەوە بۆ نموونە پیاسەی ڕۆژانە و بەرنامەی ڕێکوپێکی بۆ ئەم بوارە دەھێننەوە. پیاسەکانی ھەموو ڕۆژێک و لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا بەڕێوە دەچوو و قەت نەدەبڕایەوە. پیاسەکانی ھێندە ڕێکوپێک بە ڕێسای تایبەتەوە بوو کە دەکرا کاتژمێری پێ ھەڵبھێنیت. شوێنپێی ئەم وردبینی و شێوە ژیانە بەڕوونی لە بەرھەم و نووسراوەکانی کانتدا دەبینرێت. دەڵێن پیاسەی ڕۆژانەی کانت تەنیا جارێک تێک چوو— ئەویش کاتێک بوو کە سەری بە خوێندنەوەی"ئیمیل"ی بەرھەمی ڕۆسۆوە قاڵ بوو. کانت مرۆڤێکی خاوێن و چاکەخواز بوو و، ڕێزی بۆ ھەموو شتێکی شیاو دادەنا و پتر لە لایەنی خراپە، سەرنجی لایەنە چاکەکانی مرۆڤەکانی دەدا. تێکڕای تەمەنی لە گەڵ ئاستەنگی دارایی بەرەوڕوو بوو، بەو حاڵەیش نە یارمەتیی لە قوتابییەکانی وەردەگرت و نە پەشیمان دەبووەوە لەو ڕێبازەی ھەڵیبژاردبوو. لە پیریدا دوای ئەوەی لە ڕێی نووسراوەکانیەوە پاشەکەوتێکی خستبوو، یارمەتیی کەسوکارەکانی دەدا و مووچەی ھەفتانەی بۆ ھەندێک لە ھەژاران بڕیبووەوە. کانت وەک زۆربەی بیرمەندان و ئیلیتەکانی ھاوسەردەمی کە ژیانیان لەڕێی وانەگوتنەوەی تایبەتییەوە دەبردە سەر و، چەن ساڵێک مامۆستای تایبەتی بوو. دوای چەند ساڵ وانەگوتنەوە، بوو بە مامۆستای فەلسەفەی زانکۆ و ھەر بەم بۆنەوە لەو یەکەم بیرمەندانەیە کە پێیان دەڵێن: "فەیلەسووفی لێھاتوو". کاری کانت وەک فەیلەسووف و ھەروەھا پسپۆڕی بواری فەلسەفە (فەلسەفەزان) ڕایکێشایە قووڵاییی مێژووی فەلسەفە و ھزرەوە و ئەو ھەلەی بۆ ڕەخساند کە نە تەنیا بە نیسبەت بەرھەمی فەیلەسووفانی سەردەمانی کۆن بەڵکوو دەرھەق ھزرڤانانی سەردەمی خۆیشی لەوانە دیکارت، سپینۆزا، لاک، ھابز، ڕۆسۆ و، ھیوم مەعریفە و شرۆڤەی سیستماتیک پەیدا بکا. شیکاری و شرۆڤەی بەرھەمی ھاوسەردەمانی دەرفەتێکی بە کانت دا کە ئاکامی گرنگترین ھەڵوێستەکانیان کامڵ بکات و، ھەندێک لە لایەنە چەوتەکانیشیان بەوردی پووچەڵ بکاتەوە.
 
کانت وەک مامۆستای زانکۆ بە وانە مژاری جۆراوجۆری وەک ماتماتیک و فیزیا و فەلسەفە و تیۆلۆجیی سروشتی و ئەستێرەناسی و مرۆڤناسیی دەگوتەوە و میتینگ و باسەکانی ھەمیشە پێشوازییەکی زۆری لێ دەکرا. ھێردێر، فەیلەسووفی ئەڵمانی، یەکێک لەو کەسانەی کە چەندین جار لە کۆبوونەوەوکۆبوونەوە و قسەکانیدا بەشدار بووە، ئاوای نووسیوە: «ئەو وەک لاوان گەش بوو و پێم وایە لە پیریشدا ھەروا ماوە. ڕووی ئاوەڵا و تژی لە ھزری جێگای ئۆخژن وشادی بوو. گوتەی پڕ لە ھزر لە زاری جاری بوو. تەبعی شۆخ و پەیڤی نیان و وردبینی کەتبەستەی بوون و وانەکانی ھەڤپەیڤینێکی دڵپەسەن بوو. بە ھەمان ھەڵکەوتەیییەوە کە ڕەخنەی لە ھزری لایبنیتس و ھیوم دەگرت، ڕووناکیی دەخستە سەر یاساکانی نیۆتۆن و کێپلێر، خۆی بە نووسراوەکانی ڕۆسۆ و دۆزراوە نوێیەکانی سروشتیشەوە خەریک دەکرد... ئەو خۆی لە ھیچ مژارێکی شایانی زانین گێل نەدەکرد. لە پێناو ڕۆشنگەری و زانینی ھەقیقەتدا، ھیچ پارت و ھیچ نەنگ و ھیچ ناوبانگ و قازانجێک، کەمترین نرخی نەبوو. ورەی دەدا بە کەسانی دیکە و ھانی دەدان بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆ. قەت مەبەستی ئەوە نەبوو بە سەریاندا سەرکەوێ. ئەم پیاوە کە من زۆر بە سوپاس و ڕێزەوە ناوی دەھێنم ئیمانوئیل کانتە. پیاوێک کە وێنە دلۆڤانەکەیم لە بەردەمدایە.»
 
'''تیۆریی مەعریفە''' وەک دەزانین سەردەمی ڕۆشنگەری سەردەمی عەقڵگەرایی و دزەکردنی ئەزموونگەرایی وتاقیکردنەوە بوو لە دنیای فکر و مەعریفەدا. کانت سەرەتا تیۆریی مەعریفەی ھیومی بەرەو کامڵبوون برد کە ئەویش پشتی بەو تێزە بەستبوو کە مرۆڤ ناتوانێت بەتەواوەتی ھەموو شتێک و ھەموو یاساکانی دەوروبەری بناسێت. کانت تیۆریی عیللەت ومەعلوولی بەم شێوە فۆرموولە کرد کە پێویستە لە نێوان "جیھانی ناوخۆ" و "جیھانی بەرچاو"دا جیاوازی دابنێین. مەبەستی کانت ئەوە بوو کە مرۆڤ ھەرگیز ناتوانێ تێبگا لە نێوئاخنی دەروونی زۆربەی مەسەلە و شتەکان، بەڵام دەتوانێت لە ڕوانگەی دەرک و بۆچوونی خۆیەوە بیانناسێتەوە و تیشک بخاتە سەریان و شرۆڤەیان بکات. چونکە تێگەیشتوویی و ماریفەتی مرۆڤ گەرچی سنووردارە، بەڵام خاوەن ھەستی لێکدانەوە و جیاکردنەوەیە، کە ئەم تایبەتمەندیەیش لە ئاوەزی زاتی ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە. کەوابوو مەعریفە بەشێک لە خودی مرۆڤ و بەشێکە لە ئاگایی و شعووری مرۆڤ، بەڵام لەھەمان کاتدا ماریفەتی مرۆڤ بەرھەمی ئەزموونکردنیشە و، بە ھۆی ئەوەی کە مرۆڤ بە شێوەیەکی زاتی سەر دەکێشێتە ناو شتەکان و بە دووی ھۆکاری ڕووداوەکاندا دەگەڕێ، لە تاقیکردنەوە شت فێر دەبێ و دەیخاتە سەر ماریفەتەکانی. کانت لە بەرھەمە گرینگەکەی خۆیدا "ھەڵسەنگاندنی ئاوەزی ڕووت" دەنووسێ: «گومانێک لەوەدا نییە ھەر چەشنە ناسینێک لە ئەزموونکردنەوە دەست پێ دەکات چونکە چۆن دەکرێ کە ھانای ناسینکاری بکەوێتە کار و ئەو ھانایە لە ژێر کاریگەریی ئەو مژارانەوە نەورووژابێ کە شوێن دادەنێن لە سەر ھەستەکانی ئێمە؟کەوابوو بەپێی کات، ھیچ ناسینکارییەک لە پێش ئەزموون کردنەوە نایە، بەڵکوو ئەزموون سەرەتای ھەر چەشنە ناسینێکە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەیش، ئەم پەیڤە کە ھەرچەشنە ناسینکارییەک بە ئەزموونەوە دەست پێ دەکات، قەت ئەو ئاکامەی لێ ناکەوێتەوە کە تێکڕای ناسینکاری لە ئەزموونەوە بەرھەم دێت. ڕێک بە پێچەوانەی ئەم بیرەوە، ڕەنگە زۆر جار ناسینکاری ئەزموونی ئێمە تێکەڵاوێک بێت لەوەی کە کاریگەرییەکانی سەر ھەست پێمانی دەدەن و ئەوەی کە خودی ھانای ناسینکاری دەیخاتە سەری. (و کاریگەرییەکانی سەر ھەست تەنیا زەمینەی بۆ خۆش دەکەن) و ئەگەر ئێمە سەرنجمان نەدابێت و پڕۆڤەی گونجاومان نەکردبێ و لەم بابەتەوە لێھاتوویبیەکمان دەست نەخستبێ، بێتوانا دەبین لە لێکدانەوەی ئەوەی کە خۆمان خستوومانەتە سەر کاریگەرییەکانی ھەستی پێشوومان. کانت دوای داکۆکیکردن لەسەر ئەوەی کە ھەڵسەنگاندن ھەمان بنەمای ئازادە لە ئەزموونکردن، کە تێکڕای بینای ھزری خۆی لەسەر دامەزراندووە، لە درێژەدا دەڵێ: «چارەنووسی عەقڵی مرۆڤ بەم شێوەیەیە کە سەرەتا بەخێرایی بینای ھزری خۆی بەرز دەکاتەوە، دوای کۆتاییپێھێنانی کارەکەی، ئینجا دێتە سەر تاوتوێکردنی قایمبوونەکەی.» کانت لە درێژەی باسەکەیدا دەگات بە ئایدیای "ڕەخنە لەسەر ئاوەزی ڕووت" واتە زانستێک کە پێگەی ناسینکاری ئازاد لە ئەزموونکردن و سنووری تواناکانی ناسینکاری تاوتوێ دەکات و ھەرچەشنە مژارێکی ناسینکاری تەنیا بە نیسبەتی ئەو توانایییانەوە لەبەرچاو دەگرێت. کانت لە "ڕەخنە لەسەر ئاوەزی ڕووت"دا درک بە بنەمای ھەر چەشنە بیرکردنەوە و ناسینکارییەک دەکات کە لە قووڵاییی نەناسراوەوە ھەڵدەستێ و تاقانەکردنی وێناکان بە پێداویستیی یەکێتیی زانیارییەکانەوە دەبەستێتەوە. ئەو بۆمان شیدەکاتەوە کە ھێزی دادوەریکردنی مرۆڤ بێگومان ئەو توانایەیە کە مژارەکان لە ژێر واتا و ڕێساکاندا کۆدەکاتەوە: «ئەگەر درک بە گشتی وەک توانای لێکدانەوەی ڕێساکان پێناسە بکەین، دەتوانین بڵێین ھێزی دادوەریکردن دیارە توانای کۆکردنەوەی ژێرڕێساکانە—واتە لێکدانەوەی ئەوەی کە ئایا ئەو شتە پەیڕەوی لە ڕێسایەکی دیاریکراو دەکات یان نا.» کانت چەن پرسیارێکی ھەمیشەییی لە بواری ھزر و فەلسەفەدا خستە بەرباس، وەکوو نیسبەتی نێوان ڕۆح و مادە و بوون یا نەبوونی خودای بە سەرنجدان بە گریمانەکان و تێزەکانی فەیلەسووفە کۆن و نوێیەکان و لە ڕوانگەیەکی بەتەواوی تازەوە ھێنایە گۆڕێ. کانت گەیشت بەم باوەڕە کە بۆ ناسینی خودا و باوەڕ بە بوونی نابێ لە ڕێگای عەقڵ و ئەزموونەوە ھەوڵی بۆ بدرێ، بەڵکوو باوەڕ بە خودا ئیقانێکی دەروونی مرۆڤە و باڵای عەقڵ و ئەزموون زۆر کورتترە لەوەی بگاتە باڵای. کانت بورھانە ئەقڵییە تیۆرییەکانی سەلماندنی بوونی خودای بە ناتەواو ناوزەد کرد وخەریکبوون بە ئیلاھیاتی عەقڵانییەوە بە کارێکی پڕوپووچ و فیڕۆدانی کات دەزانی: «من پێم وایە ھەر چەشنە ھەوڵێک بۆ قوتکردنەوەی ئیلاھیاتێک بە پشتبەستن بە ھزری تەنیا، بێکەڵکە و، لەم بوارەدا چەمکەکانی ئاوەز ناتوانن پراکتیکێک لەمەڕ سروشت و گەیشتن بە حەقیقەتێک دەستەبەر بکەن. لەم ڕووەوە ئیلاھیاتی عەقڵانی ناتوانێ بوونی ھەبێت مەگەر ئەوەی کە لە سەر بنەمای یاساکانی ئەخلاقدا بێت.»