[[yo:Ẹ̀ka:Ìgbésíayé]]
[[zh:Category:傳記作家]]
"شیخ سه‌عید" له ساڵی 1865دا له‌ناوچه‌ی "پاڵوو" له‌دایکبووه و یه‌کێکه له شێخه به‌رزه‌کانی نه‌قشه‌به‌ندی له پاش مردنی باپیره‌ی "شیخ عه‌لی" باوکی ناوچه‌ی "پاڵووی" به‌جێهێشتووه و ڕووی کردۆته شاری "خنیس".
شێخ سه‌عید خوێندنی دینی له‌و شاره ته‌واو کردووه. پایه و ڕیزی کۆمه‌ڵایه‌تی شێخ و زیره‌کی و لێهاتوویی و ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆته هۆکاری سه‌ره‌کی، که "کۆمەڵەی سەرخۆبوون" په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆ و پته‌و به شێخ سه‌عیده‌وه بکات و له کۆتایی هاوینی 1923دا "یوسف زیبا"، سه‌رۆکێکی بزوتنه‌وه‌ی کورد و جێگیری کۆنی شاری "به‌تلیس" له په‌رله‌مانی تورکیا، چۆته شاری "خنیس" بۆ خزمه‌ت و دیده‌نی شێخ سه‌عید. له‌پاش گۆرینه‌وه‌ی بیروڕا و ڕونکردنه‌وه‌ی دید و بۆچوونیان، ڕێکه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که بڕیاری هه‌ڵگیرسانی شۆرشێکی نوێ بده‌ن.
له‌زستانی ساڵی 1923 تا ساڵی 1924 سه‌رۆك هۆزه‌کان و ئه‌ندامه چالاکه‌کانی "کۆمه‌ڵه‌ی سه‌رخۆبوون" کۆبونه‌وه‌ی فراوانیان له ناوچه‌ی "پاڵوو" به‌ست. له کۆبوونه‌وه‌کاندا باس له‌فراوانکردن و خۆسازدان بۆ چالاکیکردن له پێناو بزوتنه‌وه‌ی نهینی و خۆ ئاماده‌کردن بۆ ڕاپه‌ڕینی نۆی بۆ سه‌ربه‌خۆی کوردستان کرد.
ئه‌م کاروبڕیاره‌ش تا ڕاده‌یه‌کی به‌رفراوان به یارمه‌تی "شێخ مه‌حمودی حه‌فی" و "سمکۆ شکاک" بوو، هه‌روه‌ها بڕیاردرا یادداشتێک ده‌رباره‌ی پشتگیری نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان بنێرن. "سه‌رهه‌نگ خالید جه‌بری" و "یوسف زیبا" چالاکترین ئه‌ندامانی "کۆمه‌ڵه‌ی سه‌رخۆبون" بوون، که هه‌موو بڕیاره گرنگه‌کانی کۆمه‌ڵه‌یان ده‌گه‌یانده دوورترین ناوچه‌کانی کوردستان و ئاماده‌ییه‌کی هه‌میشه‌ییان له نێوان سه‌رۆک هۆزه‌کاندا په‌یدا کردبوو، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پارتی جه‌مهوری پێشکه‌وتووی تورکیا په‌یدا کردبوو، که له تشرینی دووه‌می 1925دا دامه‌زرابوو، به‌ڵام به‌هۆی ناپاکی سه‌رۆکه‌کانی هۆزی "خورمیک"، که ده‌نگوباس و خوئاماده‌کردنی گه‌یانده یاساوڵانی ڕژیمی تورکیا. به‌بڕیاری مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک "یوسف زیبا" و "خالید جه‌بری به‌گ" گیران و ڕه‌وانه‌ی زیندانی "به‌تلیس" کران.
له‌پاش گرتنی ئه‌م دوو سه‌رکرده‌یه، کۆمه‌ڵه وه‌ک پێویستیه‌کی گرنگ به په‌له بریاریدا، که "شێخ سه‌عیدی پیران" هه‌ڵبژردریت و بکرێت به سه‌رۆکی "کۆمه‌ڵه‌ی سه‌رخۆبوون".
شیخ سه‌عید له پاش هه‌ڵبژاردنی به سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه بڕیاری هه‌ڵگیرسانی مه‌شخه‌ڵی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کدارانه‌یدا. به‌ڵام زیاتر ده‌یویست بڕیاره‌که مۆرکی کوردستانی گه‌وره‌ی پێوه دیاربێت له‌به‌ر ئه‌وه "عه‌لی ڕه‌زای" کوڕی نارده شاره‌کانی دیاربه‌کر و حه‌له‌ب بۆ زانینی بیروبۆچوونی سه‌رۆکه‌کانی کوردی ڕۆژئاوا و باشوو و ڕۆژهه‌ڵات و بۆ زیاتر ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر کاتی گشتی ڕاپه‌ڕینه‌که. له پاش کۆبونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره له شاری حه‌له‌ب هه‌مووان گه‌یشتنه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که مافی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد به‌بێ شۆڕشێکی چه‌کدارانه ئاسته‌مه مسۆگه‌ر بکرێت.
پاشان و 21ی ئازاری 1925 دانرا به‌یه‌که‌م ڕوژی هه‌ڵگیرسانی مه‌شخه‌ڵی شۆرش و ڕاپه‌ڕین، له نیوه‌ی دووه‌می مانگی یه‌که‌می ساڵی 1925دا شێخ سه‌عید گه‌شتێکی به‌زۆربه‌ی ناوچه‌کانی کوردستاندا کرد، گه‌رمی هه‌ستی کوردانه‌ی خه‌ڵکی کورد کارێکی وای لێکه‌وته‌وه، که شێخ سه‌عید شۆڕشی چه‌کدارانه ده‌ست پێ‌بکات له دژی داگیرکه‌رانی تورك. ده‌چووه هه‌ر ناوچه و گوندێک وشار و شارۆچکه‌یه‌ک به‌کۆمه‌ڵ لایه‌نگر و دوست ڕوویان تێده‌کرد، تا ده‌هات خه‌ڵکی چه‌کداری ڕاپه‌ڕینه‌که ڕوو له زیاد بوون ده‌چوو، به‌تایبه‌تی له‌شاری "گه‌نچ" و ناوچه‌ی "لیچه"، "خانی"، "پیران" له پێنچی شوباتی 1925 شیخ سه‌عید "خانی"ی به‌جێهیشت و له‌گه‌ڵ سه‌د سواره‌ی ئازا به‌ره‌و گوندی
"پیران" به‌ڕێکه‌وتن بۆ ماڵی "عه‌بدول ڕه‌حیمی" برای.
له‌هه‌مان شه‌ودا کۆمه‌ڵێك له سوپای تورک به‌سه‌رۆکایه‌تی هه‌ردوو ئه‌فسه‌ر "حوسنی ئه‌فه‌ندی" و "موسته‌فا عالیم"، که بۆ گرتنی چه‌ند که‌سێک له گوندنشینه‌کان هاتبوون، دواجار شێخ سه‌عید ڕازی نه‌بوو، که که‌س بگیرێ، ئه‌مه بووه هوی ئه‌وه‌ی، که هه‌ردوولا سه‌نگه‌ر له‌یه‌ک بگرن. له‌پاش شه‌ڕوته‌قه کردن چه‌نده‌ها که‌س له سوپای تورك کوژران و ئه‌وانی تریش به دیل گیران.
ئه‌م ڕووداوه له‌پڕ بووه هۆی ڕێگرێکی سه‌ره‌کی ناکات له ته‌واو‌نه‌بوونی خۆئاماده کردنی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی شێخ سه‌عید. کاتێك "شێخ تایه‌ر" ی برای شێخ سه‌عید ئه‌م هه‌واڵه‌ی بیست، بێ وه‌ستان و چاوه‌ڕوانی له 10ی شوباتی هه‌مان ساڵدا کونتڕوڵی شاروچکه‌ی "لیچه" ی کرد و ده‌ستی به‌سه‌ر گشت پاره و نووسین و نامه و ته‌لگرافی نهێنی ڕژێمدا گرت. له‌ڕوژی 11ی شوباتدا، له‌گه‌ڵ دوو سه‌د هه‌زار سواره چوونه خزمه‌ت شێخ. ئه‌م ڕوودا و هۆکارانه بونه هۆی سستبوونی هه‌ندێ کاری شۆرشه‌که ڕێگه‌یان له‌دوا خستنی شۆرشه‌که گرت بۆیه "شێخ سه‌عید" به‌ناچاری پێشکات بڕیاری ده‌ستپێکردنی ڕاپه‌ڕینه‌که‌یدا، به‌پێی ئامارێکی ئه‌و کاته، ژماره‌ی پێشمه‌رگه کورده‌کان ته‌نیا له چوار ناوچه‌دا نزیکه‌ی شه‌ش سه‌د هه‌زار که‌س بوون، ئه‌مه‌ش به‌رانبه‌ر ژماره‌ی هێزی تورکه‌کان، که له سه‌د هه‌زار که‌متر بوون جگه له‌وه‌ی له‌م ناوچانه‌دا نه‌ته‌وه‌ی "چه‌رکه‌س" و "عه‌ره‌ب" و "ئه‌رمه‌ن"یشی تێدابوو. ئه‌م که‌مینه نه‌ته‌وانه‌ش زۆر چه‌وساوه و زوڵم لێکراوی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تورک بوون، هه‌ربۆیه زۆربه‌یان له شۆڕشه‌که‌دا به‌شدار بوون و هاوکاری و پشتیوانیان نیشاندا.
"شێخ سه‌عید" سه‌رۆکایه‌تی سواره پێشمه‌رگه‌کانی "حاجی حه‌سه‌ن" و "عه‌مه‌ری خارۆ" هۆزی "مه‌ستان" و "بۆتان"ی باشووری چیای "کوچه‌رانی" ده‌کرد. هێزی "ساڵح به‌گی خانی" هێزه‌کانی "شێخ شه‌مسه‌دین"یش هاتنه ناوچه‌ی "مادن" و "شێخ ئه‌یوب"یش له‌گه‌ڵ هه‌زاران سواره‌ی پێشمه‌رگه چوونه ناو ڕیزه‌کانی "شێخ عه‌بدول ڕه‌حیم"ی برای شێخ سه‌عید به‌ره‌وو ڕزگارکردنی شاری "دیار به‌کر" ڕۆیشتن. شیخ سه‌عید له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ستیکرد، که هێزه‌کانی له توانایان نییه شاری "دیار به‌کر" ڕزگار بکه‌ن بۆیه بیری له ڕیگای تر کرده‌وه. بۆ ئه‌مه‌ش که‌وتبووه گفتوگۆ کردن له گه‌ڵ حکومه‌تی تورک، تا بواریکی له‌بار بۆ ڕاپه‌ڕینی کورده‌کانی ناو شاره‌که بڕه‌خسێنێ، هه‌رچه‌نده بوار و ڕێگا نه‌بوو بۆ گه‌یاندنی هیچ جۆره چه‌کێک بۆ خه‌ڵکانی ناو شاره‌که، گه‌مارۆدانی شاره‌که‌ش زۆری کێشا، سوپای دوژمنیش له‌ناو شاره‌که‌دا ڕازی نه‌بوون، که ده‌ستبه‌رداری به‌ره‌نگاری و خۆڕاگرتن ببن. له سه‌ره‌تای مانگی ئازاره‌وه پێشمه‌رگه هێرشی به جۆره‌ها چه‌ک ده‌ستپێکرد، به‌ڵام خۆڕاگری سوپای تورک زۆری خایاند، له ده‌رگای ماردینی شاره‌وه که‌رتێکی پێشمه‌رگه و خه‌ڵکی شار یه‌کتریان گرته‌وه‌و که‌وتنه په‌لامار بۆ سه‌ر سوپای دوژمن، تورکه‌کان سه‌نگه‌ری پته‌ویان لێ دابوو ، له هه‌مان کاتدا خاوه‌نی سه‌دان چه‌کی نوێ بوون و توانای سه‌رکه‌وتنیان زیاتر بوو ، له پاش شه‌رێکی قورس و کوژرانی ژماره‌یه‌کی زۆر له هه‌ردوولا، که‌رتی هێرش به‌ری پێشمه‌رگه و خه‌ڵک ملیان دایه به‌ر پاشه کشه‌کردن و گه‌ڕانه‌وه دواوه، له پاش دوو سێ هێرش پێشمه‌رگه‌کان، که تێدا سه‌رنه‌که‌وتن، به ته‌واوی بڕیاری وازهێنان له گه‌ماروی شاره‌که و پاشه‌کشه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له لایه‌ن "شێخ سه‌عید" درا.
ڕیزه‌کانی شۆرش ڕۆژ له دوای ڕۆژ به‌ره‌و شپرزه‌یی و په‌رش و بڵاوی ده‌چوو، به تایبه‌تی کاتێک سوپای دوژمن له باکور و باشوره‌وه به هێزی زۆر هێرشیان هیناو گه‌ماروکه‌یان پێچه‌وانه کرده‌وه و له شکری "جه‌ندرمه" ش بۆ هێرش بردنه سه‌ر دوا هێزی پێشمه‌رگه و سه‌رکوتکردنی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی کورد له چه‌نده‌ها لاوه هێرشی دڕندانه‌یان برد و کوشتارێکی بێ ڕه‌وایان له‌خه‌ڵکی بێ گوناح و ڕه‌ش و ڕووتی کورد کرد.
له کۆتایی مانگی نیسان به هۆی ناپاکی و جاشێتی سه‌رۆک هۆزی "جبرانان" و ده‌ره‌به‌گی تاوانبار "قاسم به‌گی جبران" شێخ سه‌عید، شێخ عه‌بدوڵا، عه‌لی غالب و ڕه‌شید ئاغا و 26 شۆرشگێڕی تر له‌سه‌ر پردی چه‌می "مۆراچ" له ناوچه‌ی "گه‌نج" به‌دیل گرت و دای به‌ده‌سته‌وه.
مانگی ئایاری 1925 دادگایکردنی تێکوشه‌ران له‌لایه‌ن ڕژێمی داگیرکه‌ری تورکییه‌وه ده‌ستیپێکرد و ماوه‌ی یه‌ک مانگی خایاند. له 1925.06.29 جگه له شێخ سه‌عید، چل و حه‌وت تێکۆشه‌ری کورد بڕیاری له سێداره‌دانیان بۆ ده‌رکرا و له شاری "دیار به‌کر" به گیانێکی شۆڕشگێڕانه و بووێرانه‌وه له سێداره‌دران.
|