بەکارھێنەر:Daniel abdullah/وشەدانی کوردی

لێکۆڵینەوە لەسەر هەندێک وشەی کوردی و باس و خواس لەسەریان دەستکاری

١ بەرد دەستکاری
بەرد[١]
بەڕێزان.. ئەمەی خوارەوە چەند وشە و ناوێکن بۆ بەرد، زیاتر ئێمە لە رواندز و دەوروبەری، کە ناوچەکەمان شاخاوییە، بەپێی شێوە و قەبارەی بەردەکان هەر لە دەنکەزیخەوە تا شاخی گەورە، هەروەها بەپێی شوێن و شێواز و ئیش پێکردنی ناویان دێنین، کە رەنگە لە شوێنی دیکە ناوی دیکەیان هەبێ، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێ، کە زمانی کوردی زمانێکی زۆر دەوڵەمەندە.

- زیخ: دەنکە بەردی زۆر بچووک، دەنکەزیخ.

- وردەبەرد: بەردی وردی گەورەتر لە دەنکەزیخ.

- بەردەزیخ: بەو بەردانەی لەناو رووباردان و لووس و سافن.

- خڕەبەرد: بەردی خڕ، وەک کەلابەرد و گەورەتریش.

- کەلابەرد: ئەو بەردە خڕەیە، کە بە چەکوچێکی بچووک، یان بە ئاسنێک چاک دەکرێ و دەکرێتە کەلا بۆ کەلایانێ (ماتانێ).

- تیشەبەرد: بەردی تەنک.

- پەلەبەرد: بەردی بەقەدەرایی چەند پەنجەیەک، دەخرێتە ژێر بەردەکان لە کاتی دروستکردنی دیوار، بۆ ئەوەی بەردەکانی دیوار رێک و هاوسەنگ دابنیشن.

- کوچکەبەرد: بەردێکە پڕ بە مشتی دەست.

- دەستەبەرد: بەردێک بەقەدەرایی دەستێک بێ، لە دیوارداناندا دەخرێتە نێوان دوو بەردی گەورەتر.

- گاشەبەرد: بەردی گەورە لە یاریی کێلکێلانێ دەهاوێژرێتە کێلەکان. کانگێڕیشی پێ دەڵێن.

- گابەرد: بەردی زۆر گەورە.

- بەردەباز: ئەو بەرد یان ئەو بەردانەی لەناو رووبار یان جۆگەکاندا، خەڵک بەسەریاندا باز دەدا و دەپەڕێتەوە، بۆ ئەوەی پێیەکانیان تەڕ نەبن.

- چیلە: دروستکردنی پەرژینی زەوی یان باخ لە چۆم و دەراوان بە وشکەبەرد.

- هیشکەبەرد: وشکەبەرد، هەر دیوارێک کە تەنیا بە بەرد، بەبێ قوڕ و گەچ و هیچ مادەیەک دروست بکرێ، دەڵێن بە وشکەبەرد دروست کراوە.

- بەردی سیلە: ئەو بەردە نەقاڕکراوە رێک و جوانەیە، کە لە (قوڕنە، قوژبن، زاویە)ی دیوار دادەنرێ، بۆ ئەوەی شاولی لێ ببەستن و دیوارەکەی لەسەر راست بێنن.

- بەردی تورخ (توڵخ): بەردێکە زۆر رەق نییە و بە دەست، یان بە لێدانێک ورد ورد دەبێ.

- تاتەبەرد: بەردێکی پان، بۆ شت لەسەر راکردن و نوێژلەسەرکردن.

- تاشەبەرد: هەمان تاتەبەردی پان و لووسە، کە بۆ نوێژلەسەرکردن، یان شت لەسەر راخستن سوودی لێ دەبینرا.

- بەردەنوێژ: تاتەنوێژ.

- بەردەپان: بەردێکی پان و گەورە، بۆ لەسەردانشتن و نوێژلەسەر کردن و شت لەسەر هەڵخستن..

- تاتەشۆر: تاتێکی بەردی پان بوو، لە مزگەوتەکان و لەنزیک کانیی ئاو، مردووی لەسەر دەشۆن.

- قووچەک: لە چیادا لەنزیک رێگاکان چەندبەردێک لەسەر یەک دادەنرێن، وەک هێما کە رێگا بێرەدا دەڕوا، رەنگە لە شوێنی دیکەیش ئەو هێمایە دابنرێ، یان بۆ ئاگادارکردنە بەدەوری لوغم دابنرێ، بۆ ئەوەی کەس نەکەوێتە سەر لوغمەکە.

- غەڕەبەرد: بۆ ئەوەی زەوی بۆ داچاندن لە بەرد پاک بکرێتەوە، بەردەکان لە شوێنێک لەسەریەک کۆ ئەکرێنەوە و ئەبێتە غەڕە، یان غەڕەبەرد.

- بەردقەڵشتی: بەردێکی گەورە، کە قەڵشێکی گەورەی بردبێ و شەق بووبێ.

- کێل: ئەو بەردە نیومەترییەی لە سەرینگان و پێینگانی گۆڕی مردوو دادەنرێ. هەندێ شاخیش بە ناوی کێل کێل هەن.

- بەردی ئەلحەد: ئەو بەردەی بەسەر بێرازی قەبرەکە لەلای سەرینگانی مردوو رادەهێشترێ.

- بەردەپێ: ئەو بەردە گڕ و رەش و کون کونەیە، کە لە کاتی خۆشوشتن پانیی پێی پێ دەشورێ، بۆ ئەوەی ئەو تفرە مردووەی پانی، یان پاژنەی پێی پێ لێبکرێتەوە.

- هەرکەو: ئەو بەردەی لە چیا و بانەکان، چاڵێکی لەناودایە و ئاوی بارانی بەهارانی لەناودا دەمینێتەوە، رێبوار و گیاندار و تەیر و تار لێی دەخۆنەوە.

- خوێبەرد: تاتە بەردێک یان چەند تاتە بەردێکی پانن، شوانەکان بۆ خوێدانی مەڕوماڵات، خوێی لەسەر روو دەکەن.

- بەرداش: ئەو بەردە پان و خڕەی لە ئاش باراشی لێ دەکرێ.

- بەردەستێ: بەردێکی تایبەتە و لەکاتی لێکخشاندن پڕووشکەی ئاگری لێ هەڵدەستێ، پێشان کە شقارتە و چەرخی نەوت نەبوو، یان کەم بوو، بە بەردەستێ ئاگر هەڵدەکرا.

- بەردەسان، سان، یان هەسان: بەردێکی لووسە داس و بیور و داسوولکە و چەقۆی پێ دەسوون و تیژ دەکرێنەوە.

- بەردەچەرخ: ئەو بەردە وردانەن، کە لەناو چەرخدان و لە کاتێ داگرتن پرووشکی ئاگر لە فتیلی چەرخەکە ئەدەن و ئاگر هەڵئەبێ.

- کانەبەرد: شوێنێک کە بەردی زۆر بێ و تا هەڵیبکۆڵی هەر بەردی لێ بێتە دەر.

- جۆنی: ئاونێکە لە بەرد دروستکراوە، قۆڵتەکەی دانی تێدا دەکرێ بۆ کوتان.

- دەسکەجۆنی: ئەویش هەر لە بەرد دروستکراوە، بە هەردوودەست لەو دانە دەدرێ، کە لەناو چاڵی جۆنییەکەیە و دەیکوتێ.

- بەردەبێر: ئەو بەردەی شوان لە کاتی بێرکردندا سەری مەڕ یان بزن بۆ بێریوان دەگرێ تا بیدۆشێ.

- بەردڕێژ: رێگایەک لەبەر قوڕ و چڵپاو بەردی لێ دابنرێ، بۆ ئەوەی هاتوچۆی تێدا بکرێ، جاران ئەمە لەجیاتی سەب و چیمەنتۆکردنی ئێستا بوو بۆ رێگای ماڵ و مزگەوت.

- زوورەبەرد: گڕەبەرد، بەردی گڕ و زوور، کە لە کاتی بەکارهێنان دەست ئەگرێ و پێستی بەری دەست و پەنجەکان دەڕووشێنێ، هەندێ جار چەقۆشی پێ تیژ ئەکرێتەوە.

- بەردەشار: لە یاریی شارکەوانێدا بەردێک دیار دەکرا بۆ ئەوەی منداڵەکان کە هاتنەوە دەستی لێ بدەن و یارییەکە ببەنەوە.

- نقێم: ئەو بەردە بەنرخ و جوانەیە، کە دەخرێتە سەر ئەنگوستیلە و خەناوکە و شتی جوانکاری.

- مەڕمەڕ: جۆرە بەردێکی نایاب و گرانبەهایە بۆ دیوار و کاشی.

- زیخمار: ئەو گردەی سەراپای زیخ و وردەبەردە و هیچ خۆڵ یان بەردی گەورە و گژوگیا و درەختی لێ نییە.

- شاخ: چیا، کێو، کەژ، کە زۆربەی لە پێکهاتەی بەردە، لەگەڵ داروبار و خاک و خۆڵ و گژوگیا..

- لاشاخ: بەشێک لە شاخ.

- لاتەشاخ: درزی نێوان دوو لای شاخ بە ستوونی هەڵکەوتبێ، یاخود نێوانی دوو بەشی شاخ کە لێک بووبێتەوە.

- درزی شاخ: کەلێنێکە لە لاتەشاخ زۆر تەسکترە و تەنیا زیندەوەری بچووک پیایدا دێت و دەڕوا.

- تیوەڕەشاخ: ئەو کەلێنانەی لەناو قەدی شاخدان، رازەشاخ.

- قەدی شاخ: ناوەڕاستی شاخ.

- تیەشاخ: ئەو کەلێنە تەسکە لارانەی دە شاخ بوونە و رەنگە راست یان خواریش بن.

- رازەشاخ: ئەو کەلێنانەی لەناو قەدی شاخدان، تیوەڕەشاخ.

- گەو، گەوەشاخ: پێچی ناو شاخ.

- گاوەشاخ: شوێنێک لەناو قەدی شاخێکی عاسێ، کە بواری دانیشتن و چوون و هاتنی هەبێ و بە رێگایەکی سەخت پێی بگەی.

- عاسێ: شاخێکی سەخت، کە رێی پیاهەڵگەڕان و داگەڕانی نەبێ.

- حەشار: تیوەڕەشاخێک، کە شوێنی خۆحەشاردانی گیاندارانی کێوییە.

- چەقەر: شوێنێکی رووتەن و بەردەڵان، کە زۆر بەردی بەسەریەکدا کەوتبن و رۆیشتن تێیدا زەحمەت بێ.

- رەوەز: ئەو شوێنەی سەخت و عاسێیە لەناو شاخ و گەیشتن پێی زەحمەتە.

- کەرکەشاخ: بەردی زۆر گەورە، پارچەشاخ.

- زنار: بەشێکی شاخی سەخت و دژوار، کە لە بەردی گەورە گەورە پێکهاتووە.

- باسک: کاتێ بەسەر ملەی شاخ یان گردێک سەرئەکەوی و ئەودیوت لێ دیارە، شوێنەکە باسکی پێ دەڵێن.

- دمکەشاخێک: ئەو لوتکەشاخانەی بچووک و قووچەکن.

- لووتکەشاخ: بەرزترین شوێنی شاخ.

- خەرەند: ئەو قووڵایی و دۆڵاییەی لە ئەنجامی شەقبوونی شاخ و دوورکەوتنەوەی دوو بەری شاخەکە لە یەکدی دروست بووە.

- گەلی: نێوانی دوو شاخ، زیاتر وابووە، کە رووبار و چەم و باخی لەناودا بێ.

- هەنوان: شوێنێک لەژێر تیوەڕ، یان دمکەشاخێک، کە با و بەفر و باران نەگرێتەوە، بەڵام پێشی بەرهەڵ و کراوەیە، زیاتر بۆ بەهاران لە کاتی باران ئەوەی لە چیایە خۆی ئەداتە بن ئەو هەنوانانە.

- هەیوان: لە هەنوان فراوانترە و ئەمیش پێشی کراوەیە و بەفر و باران و نایگرێتەوە. هەروەها بێرایی خانوو، ساڵۆن، کە لەپێش خانوو دروست دەکرا و جگە لە بەرد، گڵ و قوڕ و دار و حەسیریشی تێدا بەکار دەهات.

- ئەشکەوت: ئەو هەنوان و پەناگەیە لە چیا، کە وەک ژوور وایە و مرۆڤ دەتوانێ تێیدا بسترێ، زۆر جار کراوەتە بارەگا، یان شوێنی ماڵ، یانیش مۆڵگەی مەڕوماڵات.

هەندێ جار وشەی بەرد بووە بە ناوی شوێن و گیانەوەر، یان سیفەت، یانیش ئامراز، بۆ نموونە:

  • بەردەشان: ناوی شوێنێکە لە ناوچەی قەڵادزێ.

- بەردەبووک: سەردەمی پێشان بەردێکی دیار لەسەر رێگایەی نێوان گوندەکان دیارئەکرا و لەوێ بووکەکان کە ئەودەم زیاتر ژن بە ژنی بووە، دەگۆڕدرانەوە. ناوی چیایەکیشە لە ناوچەی باڵەکایەتی، گوندیش بەو ناوە هەیە.

- کانی بەرد: ناوی گوندێکە.

- بەردەقارەمان: ئەو بەردەی شێخ مەحمودی حەفید لەپشتیدا لە کاتی شەڕ بریندار کرا.

- بەردەکوڕە: ئەگەرچی ناوی بەردی پێولکاوە، بەڵام ناوی تەیرێکە.

- بەردباران: بەردتێگرتنێکی زۆر و لەسەریەک، رەجمکردن.

- بن بەردووکە: رێواسی ناسکە، کە لەبن بەرد شین ببێ.

- نەقاڕی: تراشینی بەردی ناڕێکە بۆ ئەوەی رێک و گونجاو بێ بۆ ناو دیوار.

- بەردەقانی: پەتێک لەناوەڕاستیدا کەوڵێک گرێ ئەدرێ و بەرد ئەخرێتە ناو ئەو کەوڵەوە و رائەوەشێنرێ و و دەهاوێژرێ.

- بەردی زراو: ئەو بەردەی لەناو زراودایە و مرۆڤ گرفتار دەکا و ناچار بە نەشتەرگەری دەکا.

- بەردی گورچیلە: ئەویش بەردێکە لە هەندێک خۆراک لەناو گوچیلە دروست دەبێ و ئازاری زۆری لێ دەکەوێتەوە و کەسەکە پێویستی بە نەشتەگەری دەبێ.

من ئەمانەم بە خەیاڵدا هاتن و هێشتا زۆر شتی تر ماوە لەسەر بەرد- شاخ، کە رەنگە لە ناوچەکانی دیکە وشەی دیکەیان بۆ بەکار بێ و دەکرێ بۆ دەوڵەمەندکردنی، ئێوەش لای خۆتان هەرچییەکتان شک برد، کە دوور و نزیک پەیوەندیی بە بەرد و شاخەوە هەبوو بینووسن، بۆ ئەوەی هەموومان پێی ئاشنا بین.

زیادکراوەکان:

بەردی ئەلحەد: تەمۆخ

کاتی خۆی لە جێی بلۆک تەمۆخیان دادەنا.

هەروەها تەمۆخ دەکرا بە کێلی گۆڕ.

تەمۆخ لە کەور(کەڤر) بە ڕێکی لێ دەکرایەوە و دەبڕدرا.

زوورەبەرد: بەردەزوور

بەردەساغە: (زانیاری درووستم لەسەری نییە).

بەردی خەڕاک: ئەو بەردەیە کە کەللا و هەڵماتی لێ درووست دەکرێ. ئەگەر هەڵە نەبم جۆنی لە بەردە خەڕاکی درووست دەکرێ.

. هیشکەبەردە ـــــــحەسار یان وشکە‌کەڵەك

٢. بەردەستێ ـــــــــــ بەردە‌چەخماخ

گڕتاو بەردی شلەوەبوەکەساردبوەوەدەبێتە بەردی ئاگرین ، بەردی ئاگرین و نیشتەنی لەژێرپەستاندا دەگۆڕێن بۆ بەردی گۆڕاو .

خڕەبەرد زیاترئەوبەردانەیەکەلەچەم کوئەکرێتەوەبۆجوانکاری حەوزی ئاو

لم، لەزیخ ورد ترەو کاتێک بەردەکان بەریەکدەکەون لەشوێنێکدا کۆدەبێتەوە...

-بەردی چەگل، چەو...بۆ دروستکردنی خانوو سەکۆ بەکاردەهێنرێت

-بوحس. بۆ هەمان شتە بەتایبەت بۆ پڕکردنەوەی هەڵتەکاندنی جادەو چیمەنتۆی ماڵ کەبەهۆی شتێکەوە ئاوەڕۆ و زێرابەکان گیرابن، تێکەڵ بە چیمەنتۆ دەکرێت و چاڵەکانی پێ پڕ دەکرێتەوە

دەستاڕ، بەردی ئاش، بەردی چەرخ، بەردی دەسک و هاوەن، بەردی دۆڵ، تاشە بەردێکەو ناوەڕاستی چاڵە، بۆ کوتانی چەڵتوک بەکاردەهێنرا...بەردی سەر دۆڵمە ـ یاپراخ، جاران کاتێک یاپراخیان لێدەنا بەردێکی تەختیان دەخستە سەر بۆ ئەوەی هەڵنەوەشێت و شل و شاو نەبێتە...

بەردی ئاسن، جۆرە بەردێکی بەهێزە و بەئاسانی ناشکێت...

بەردە کەڕ شوێنی نیشتەجێبوونەو نزیک تانجەرۆیە لەنێوان قەرەداغ و سلێمانیدایە...

تاد...

لە چەمی خاسەی کەرکوک، جۆرە بەردێک هەیە خڕ و لووسە ، پێی دەڵێین بەردی چیم، هەروەها بەردی پان و خڕ هەیە، پێی دەڵێن بەردە یاپراخ، دەخرێتەسەر سڵق وشتە پێچراوەکانی ناو مەنجەڵ ڕیز دەکرێت بە تەنیشت یەکەوە، بۆ ئەوەی پێچراوەکان هەڵنەوەشێنەوە

جاران جۆرە بەردێکی وردکراو ی ناو کوورە، کە زۆر وردیان ناکرد تا ببێت بە گەچ، بەزبری دەمایەوە، پێی دەوترا (ئەهەگ) کە لە جیاتی چەمەنتۆ و کاشی بۆ زەوی ژوورەکان بەکاردەهێنرا، یان بەردی گەچ بێ سووتاندن ورد دەکرا و حەوشەی ماڵانیان پێ دادەپۆشی و جوان دەکوترایەوە تا تەخت دەبوو، دیسان لە بری چەمەنتۆ ،لە قوڕ باشتر و پاکتر بوو، پێی دەوترا(خرچان) ، [دیسان خرچان بەجۆرێک کاڵەکی تایبەت بە خاسەی کەرکوک بوو، بە توێکڵەکەیەوە ، وەک خەیار دەخورا و ناسک بوو ترش و خوێی پێوە دەکرا و بە تۆمەکەیەوە، وەک ترۆزی دەخورا]

بن بەردێ =ناوی جێواری بەهارانە لە نزیک زینی گەرەوان_رواندز

بەردە ڕەش= بەردێکی پیرۆزە لای موسڵمانەکان

بەردەڕەش=ناوی قەزایەکی کوردستان

دەستەکانت خۆش بابەتێکی زۆر جوانە

..

بەرد ......

بەرد لەزمانی کوردیدا

بەپێی ناو و جۆر و ڕەنگ و بەکارهێنانیان لە کاروباری ڕۆژانەدا

٭٭٭٭٭

٭ بەردەزوورە : ڕەنگی سوری گۆشتییە و پتەوە

٭ بەردەخوێ : ڕەنگی سپی و ڕزۆکە

٭ بەردە تراوک: ڕەنگی جۆراوجۆری هەیە و ڕزۆک و لەناو ئاگردا دەتەقێ و پڕینچکی لێدەبێتەوە

٭ لیسۆکە(لیسۆکەی چەمی) بەردی ناو چەم و شیوو کە ئاو سویەتی

+ بەردە شینکە ڕەنگیان سەوزێکی کاڵە و ڕزۆکن

+ بەردی ڕەنگ ڕەش

+بەردە برنج ،ڕەنگی سپی و خاڵ و پەڵەی ڕەشی تێدایە

+ بەرە خەنە ڕەنگی خەنەییە

----------

- تەنکە بەرد

-خڕە(خڕکە) بەرد

-بەردووچکە

- تاوێرەبەرد قەبارە گەورە

-گابەرد

-تاشەبەرد گەورە و تەخت

-تلەبەرد گۆیی و قەبارە گەورە

-کەنەک زۆر گەورە و زەبەلاح

-تاتەبەرد تەخت و پان

-تەڵاشەبەرد ،تەنک و بچوک

-تەڵەزمەبەرد زۆر تەنک

- پڕینچکە بەرد، پارچەی زۆر بچوک و ورد

---------

٭ بەردەگۆشە ، لەدیوار و هەڵچنینی کەڵەکدا بۆ سەرگۆشەکان دادەنرێت

٭بەردە ئەستێ ،جۆرە بەردێکی تایبەتە لەگەڵ پوشوو و ئەستێدا بۆ ئاگرکردنەوە سودی لێوەرگیراوە

٭ دەستاڕ

٭بەرداش

٭ بەردە هەسان

٭ کێلەبەرد

٭ کەلابەرد( بەردە کەلا) ،هەڵمات

٭ بەردە بێری ( بەردی پاڵین)

٭ بەردەپێ بەردێکی زبرە لە گەرماوەکاندا بۆ ڕنینی پێ بەکاردێت

------

بەهۆی سروشتی کوردستان و زۆری چیا و شاخ، بەردی هەمەجۆرەوە گەڵێ شوێن ناو یان پاشگر و پێشگری بەردی هڵگرتووە

ئەوەی من لەبیرم بێ

بەردەوڕ، بەردبەرد ، بەردەزەرد، شاخەڕەشان، بەردەقوچ، بەردەبووک، کەڵەکن ، چیای سپیلک ، کانی بەردینە ....

تیرەماسی یان تیرەبەرد بەردێکە یان تیرێکە کە پانە، وە بان ئاو برکی ئەدەی. وەک ماسی ئەڕوا و نانیشێ تا ھێزی تیا بێ.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "فەرهەنگی ژین وشەدانی کوردی کوردی Ferhengy Jîn | بەڕێزان.. ئەمەی خوارەوە چەند وشە و ناوێکن بۆ بەرد، زیاتر ئێمە لە رواندز و دەوروبەری، کە ناوچەکەمان شاخاوییە، بەپێی شێوە و قەبارەی بەردەکان هەر لە دەنکەزیخەوە تا شاخی گەورە، هەروەها بەپێی شوێن و شێواز و ئیش پێکردنی ناویان دێنین، کە رەنگە لە شوێنی دیکە ناوی دیکەیان هەبێ، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێ، کە زمانی کوردی زمانێکی زۆر دەوڵەمەندە". www.facebook.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-10-01.