کورتە مێژوویەکی بانە (له سەرتاوە تاکوو شەڕی ئێران و عێراق)

لە‌سەر مێژووی بانە بەر لە ئیسلامەوە سەرچاوەیەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە ، بەڵام هێندەی کە ئاشکرابێت ئەوەیە کە بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئێران و ڕووم، جارجارێک ناوی بانە بەرچاو دەکەوێت و ئەم ناوچەش لەم شەڕانە زیانی بەردەکەوێت. بۆ وێنە لە ساڵی 628 ی زایینی، هیراکلیوس (هێرقول575-641) ئیمپراتۆری بیزێنسی رووم لەشەڕ لەگەڵ ئێراندا پاش گرتنەوە و وێرانکردنی شارەزوور، لە ڕێی قزڵجەوە دێتە خاکی بانە و پاش حەوت رۆژ وەتراق¬کردن لە بانە بەرەو هەمەدان وەڕێ دەکەوێت. بەپێی ئەوەیکە لەو سەردەمانەدا زەردەشت، ئایینی خەڵکاني ئێرانی بووە، عەشیرەتێکی زەردەشتی بەناوی قەقۆ لە بانەدا دەسەڵاتدار دەبن تا ئەوەیکە‌ عەرەبان هێرش دەکەنە سەری و پاشان بە هاتنی سپای ئيسلام/عەرەب، موسڵمانان دەبنه دەسەڵاتدار لە ناوچەکەدا و ئینجا دەور و دووکان دەگۆڕێت. گرتنەوەی بانە لە لایەن سپای ئیسلامەوە گۆیا ناوچەی بانە بێ‌ شەڕ و خوێنڕێژیی دەگیرێتەوە، بۆیە خەڵکی بانە بەوە ناویان دەرکردووە کە بە حەزی خۆیان چوونەتە سەر ئایینی ئیسلام. بەڵام باسی تریش هەیە کە ئەم بۆچوونە رەت دەکاتەوە؛ کاتێک خالید کوڕی وەلید بە شەڕ و کوشتار، ناوچەی هەورامان دەگرێتەوە، 20 عەرەبی موسڵمان دەنێرێتە بانە تاکوو خەریکی بڵاوکردنەوەی ئایینی خۆیان بن و بەم بۆنەوە لێرە نیشتەجێ دەبن. خەڵکی بانە ئەم عەرەبانە دەکوژن، چونکە لە دڵەوە رازی نین و لە بیری تۆڵە ئەستاندنەوەدان. ئەم هەواڵە لە هەورامان دەگاتەوە بە خالید. خالید بە پێشەنگی تاقمێک لە هێزەکانی بەرەو بانە رێدەکەوێت و قەرەبووی هاوڕێکانی دەستێنێتەوە و خەڵکانێکی زۆر لە دانیشتوانی بانە دەکوژێ و بە لەعنەت و نەفرەتیان دەکات. بە هۆی ئەم شەڕەوە چەند کەس لە ئەسحابەکان لە لایەن خەڵکی بانە دەکوژرێن. ئێستاش پێدەچێت ئاوەڵناوی بانەیی«ئەسحابەکوژ» لەو رووداوەوە بەسەر خەڵکی بانەدا لکابێت. ئیتر وێدەچێت لەوە بەدوا ئایینی تازە لە دڵ و دەروونی خەڵکی دەڤەرەکەدا جێی خۆش کردبێت. کێ چووزانێ، ماڵم قەبرە! بانە لەم سەدانەی دواییدا حوکمڕانیی و دەسەڵات لە بانەدا نزیکەی 3 سەدە(تاساڵی 1298ی کۆچی مانگی) بەدەستی بنەماڵەی ئێختیارەدینییە‌کانەوە دەبێت کە گۆیا بە ڕەگەز عەرەبن. گەرچی هەندێک سەرچاوەی زارەکی بنەباب و بنەچەی ئەم ئێختیارەدینانە دەگەڕێننەوە بۆ دوورتر لەو سەردەمە. لە میرنشینەکانی بانە سەر بەم بنەماڵە دەتوانین ئاماژە بەم کەسانە بدەین: میرزا بەگ کوڕی میرمحەممەد، بوداغ بەگ کوڕی میرزابەگ، سڵێمان بەگ کوڕی میرزابەگ و ئەسکەندەر سوڵتان. خەڵکی بانە لە سەردەمی حوکمەتی سەفەوییەکاندا چەند جارێک راپەڕیون و شۆڕشیان بەرپاکردووە. بۆ وێنە شاعەباسی یەکەم لەساڵی 1021 (ک،م) سەرکوتی کردوون. بانە چەند جاریش کەوتۆتە بەر هێرشی سوپای عوسمانی و ڕووسەکان. نادرشای ئەفشار-یش لە ساڵی 1145(ک،م) بۆ ڕاونانی هێزەکانی عوسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ئێران، هاتۆتە بانە. لە شەڕی یەکەمی جیهانی (1918-1914 ز) هێزەکانی عوسمانی لە بانە دەبن و بە سوود وەرگرتن لە هەست و سۆزی ئیسلامی سوننە، داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن بۆ پشتگیری کردن لە خەلیفەی عوسمانی، بەرەنگاری ڕووسی کافر ببنەوە. بەڵام لە بەرامبەر ڕووسەکاندا شکست دەهێنن و سپای رووس بانە دەگرێتەوە. لە ساڵی 1320 کاتێک هێزەکانی ڕووس و ئینگلیز بێئەوەی گوێ بدەنە بێلایەنیی ئێران لە شەڕەکەدا، دەست دەکەن بە داگیرکردنی خاکی ئێران و بەم بۆنەوە، دەمەو پاییزی ئەو ساڵە، بانە-ش دەگیرێتەوە و دەکەوێتە ژێردەسەڵاتی رووسەکانەوە. ئەڵێن لەو کاتەدا کە خەڵک دەبیستن هێزەکانی ڕووس لە سەقزەوە بەرەو بانە رێ کەوتوون، بەرپرسانی ئیدارە و هێندێک لە خەڵکی شار دەچنە پێشوازییان و تەنانەت چەند کەسی جوولەکە لە بەردەمیان قوربانی دەکەن! دەڵێن هێرشبەران بۆ بانە بریتی بوون لە 14 لۆری سەرباز و کادێر و ئەفسەر کە زرێپۆشێک لەپێشیانەوە دەبێت. باوکم، رەحمانی عەبەشوان، کە لەگەڵ باوکی(باپیرەم) شوانی بانە بوون، دەیگێڕایەوە کە ئەو رۆژە لە نزارەکانی بەینی رەشەقەڵا و سەبەتڵو شوانە مەڕ بووین. 13 ماشێنی جەنگی بوون. لە ترسان خۆمان شاردەوە. کە هاتینەوە ناو بانە زانیمان کە ئەمە سپای رووسن و بانەیان داگیر کردووە. رووسەکان دەسبەجێ پادگان ئەگرنەوە و سەرباز و ئەفسەری ئەرتەشی ئێران دەسبەسەر دەکەن بەڵام، سبەینان هەموویان بەڕەڵلا دەکەن. سەرەنجام رووسەکان دوای حەوتەیەک شار جێ دەهێڵن و دەسەڵاتی شار ئەکەوێتە دەستی کەڵانتەری سەر سنوور. سووتاندنی بانە کە ڕووسەکان بانە جێ دێڵن، ناوچەکە لە حاڵەتێکی ئاخۆران باخۆران و پاشاگەردانيدا دەمێنێتەوە. حەمەڕەشی‌خان، کوڕی قادرخانی‌شیوەگوێزان، کە چەند دێهاتی لە کوردستانی عێراق لەژێر حوکم‌ دایە، هەل دەقۆزێتەوە و بەرەو بانە رێ دەکەوێ و دەیهەوێ بە یارمەتی هەندێ بەگزادەی بانەیی، کە خزم و دەسوپێوەنی خۆی بوون، هێرش بکاتە بانە و دەسەڵاتی ئەو شارە بەدەستەوە بگرێت. پاش گرتنی بانە لە لایەن حەمەرەشی‌خانەوە بۆ ماوەی 3 ساڵ شارەکانی سەقز، مەریوان و هەروەها دیواندەرە و سەردەشت-یش بە دەستی ڕحەمەڕەشي خان دەگیرێنەوە و کەمتاکورتێک لەم شارانەش دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت. پاش ئەم 3 ساڵە، هێدی‌هێدی دەوڵەت ئەم شارانە لەدەستی دەردێنێ بەڵام حەمەرەشی‌ خان هەوڵ ئەدا بانەی لە چنگ دەرنەهێنن. ھەر بۆيه کە دەزانێ هێزەکانی دەوڵەت بەرەو بانە وەرێ کەوتوون، لە بەگزادەکانی بانە داوا دەکات دیسانەوە، ئەمجار بۆ شەڕ بەدژی دەوڵەت یارمەتی بدەن. ئەوانیش چونکا دڵێکی خۆشیان لێی نابێت، پێی دەڵێن: «ئەگەر تۆ لەم شەڕەدا شکست بهێنی، ئەتوانی بچیتەوە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆت لە عێراق، بەڵام ئێمە سەر بەکوێوە بنێين؟» حەمەڕەشی‌خان کە ئەم وەڵامە دەبیستێ، قینێک دایدەگرێ و دەڵێ: «کەواتە عەهد بێ منیش دوای خۆم شارەکەتان بسووتێنم با‌‌‌ هیچ بەهرەیەکی بۆ ئێوەش نەمێنێ!» رۆژی 7ی ڕەزبەری 1323ی هەتاوی حەمەڕەشی‌ خان بە خۆی و جەماعەتێ تفەنگچییەوە ئەچێتە شەڕی دەوڵەت لە کەلی خان. بەڵام چونکا هێزی بە دەوڵەت ناشکێ، خێرا بەرەو بانە پاشەکشە دەکات. سبەینان، سەرەنجام حەمەڕەشی‌خان بڕیاری سووتاندن جێبەجێ دەکات‌ و دەمەوبانگی‌خەوتنان بڵێسەی ئاگر، بانە ڕووناک ئەکاتەوە. لەکاتی شارسووتانەکەدا حەمەرەشی خان لەناو ڕەزەکانی بناری‌ ئاربەبا خۆی حەشار ئەدا و لەوێوە بە دووربین سەیری ئەو کارەساتە ئەکات! ڕۆژی دوایی، بانە جگە لە چەند مزگەوت و چند ماڵ، تێکڕا دەبێته خۆڵەمێش . لەبەر ئەوەی ماڵەکانی ئەودەم لەپاڵ یەکدا سازدەکران، بڵێسەی ئاگری ماڵێکی سووتاو، ماڵەکانی دیکەش بە ئاگرەوە دەنێت. شایەتحاڵان و مێژوونووسان ژمارەی ئەو ماڵانەی تووشی سووتان بوون بۆ هەزار ماڵ دەخەمڵێنن. پاش ئاگرەکە، هێزەکانی ئەرتەشی ئێران، بانە دەگرنەوە و حەمەڕەشی خان، ئاربەبا بەرەو ئەودیو (کوردستانی عێراق) جێ دێڵێت. دەوڵەت بەڵێنی یارمەتی بە ماڵ¬سووتاوان ئەدات و لە سەرانسەری ئێرانەوە کەمتاکورتێک یارمەتی ئەگاتە خەڵکی لێقەوماو. بەڵام بەهۆی پێگەیشتنی سەرما و سۆڵه و با و باران، خەڵکی هێندەی‌تر تووشی نەهامەتی دەبن‌ و زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت. زستانێکی سارد، بە ماڵ وێرانی ‌و ئاوارەیی، سەمەرەی ئەم ئاکارە نامرۆڤانەی حەمەرەشی خان بوو کە تووشی بانە بوو. لە لایەن هێزەکانی ئەرتەشەوە بۆ ماوەی 2 مانگ شوێن حەمەڕەشی خان دەکەون بەڵام بە هۆی ئەوەیکە لە خاکی ئێراندا نامێنێت گیان بەدەر ئەبات و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت! تەنانەت جارێک لە ئاوایی نێزەڕۆ هەڵئەکەوێت بەڵام کەس توخنی ناکەوێ. سەرەنجام لە مانگی گوڵانی ساڵی 1324 سەرلەنوێ بانە بینا ئەکرێتەوە و ئەم کارەش بە گشتی نزیکەی 10 ساڵ ئەخایەنێت. بانە لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا قازی محەمەد لە 2 ی ڕێبەندانی ساڵی 1324 ی هەتاوی‌ بەپێی داکۆکی ‌و پشتگیری ڕووسیا (کە ئەو دەم لە گەڵ شای ئێران کێشەی هەبوو) لە بەستێنی شارەکانی مەهاباد، بۆکان، شنۆ و نەغەدە، کۆماری کوردستان ڕادەگەيەنێت. لەم سەروبەندەدا حەمەڕەشی خان دەبێتە یەکێک لە ئەفسەرانی باڵای قازی لە کۆماردا. لە ساڵی 1325 بۆ ماوەی چەن مانگێک شارەکانی سەقز و بانە و سەردەشت ئەکەوێتە گەمارۆی پێشمەرگەکانی قازی‌یەوە. بەگزادەی بانە بەدژی ئەوان یارمەتی ئەرتەشی ئێران دەدەن. هێزەکانی ئەرتەش‌، تووشی بێ‌ئیمکاناتی‌ دەبن ‌و بێ‌تفاقی جەنگی دەمێننەوە. بەم بۆنەوە سەرلەشکر «رەزم‌ئارا» کە ئەودەم سپاسالاری ئەرتەشی ئێران بووە، بۆ نەجاتی سەربازەکانی خۆی لە بانە و سەردەشت، هانا دەباتە بەر حاجی بابەشێخ، سەرۆک‌وەزیری کۆماری کوردستان و داوای لێدەکات ئیجازە بدات لۆری هەڵگری خواردەمەنی و جلوبەرگ بەرەو ئەم دوو شارە بڕوات. حاجی بابەشێخ بەم کارە ڕازی دەبێت، بەڵام کە کاشی بەعەمەل دێت، لۆرییەکان چەک‌ و تفاقی جەنگيشيان تێدا دەبێت! بەم فێڵە، سەربازەکانی ئەرتەش گەمارۆی بانە تێکدەشکێنن و جارێکی تر بانە دەکەوێتەوە ژێر حوکمڕانی دەوڵەت‌. بانە لە سەردەمی شۆڕشی 57 و شەڕی ئێران‌ و عێراقدا پاش تەشەنەی خەباتی رزگاری¬خوازانەی گەلانی ئێران لە ساڵی1357ی هەتاویدا، خەڵکی بانە (کە ئەودەم بۆتە شار) هاودەنگ لەگەڵ شارەکانی دیکەی کوردستان، بۆ چەسپاندنی ئازادی ‌و مافی ڕەوای خۆیان، دێتە مەیدانەوە و بە سازدانی کۆبوونەوە و ڕێپێوان بەدژی ڕژێمی پاشایەتی، دەنگ هەڵئەبڕێت. بەم بۆنەوە شەوانە لە مزگەوت و ماڵەکاندا کۆدەبنەوە و لەسەر بارودۆخی نالەباری ئەودەم باس ‌و لێکۆڵینەوە دەکەن. یەکەم خۆپیشاندانەکانی خەڵکی بانە لە مانگی خەرمانان و پاشان لە ڕۆژەکانی 9و10ی ڕەزبەری ساڵی 57 دەسپێدەکات. خۆپیشاندەران لەم ڕۆژەدا بەیاننامەیەکی 14 مادەیی دەردەکەن‌ و تەسلیمی فەرمانداری بانەی ئەکەن. لەرۆژی 16ی بەفرانباری هەمان ساڵ 2 کەس دەکەونە بەر دەسڕێژی سەربازانی ڕژیم‌ و گیانیان لە دەس ئەدەن. پاش سەرکەوتنی شۆڕش لە 22 ی رێبەندانی ساڵی 57، بۆ ماوەیەکی زۆر شاری بانە-ش وەک زۆربەی شارەکانی‌تری کوردستان، تووشی کێشە و پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزە میلیشیایی‌ و سەربازییەکانی دەوڵەتی نوێ‌ لە لایەک ‌و پێشمەرگەی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردیش لەلایەکی ترەوە دەبێت. ئەم دۆخە وادەکات‌ کە لە بەرایی ساڵی 58، خەڵکی بانە، شار چۆڵ بکەن و بە دێهاتەکانی دەورووبەردا بگیرسێنەوە و بۆ ماوەی چەند مانگێک تووشی ئاوارەیی ‌و سەرگەردانی ببن. بۆیە لەم کەشوهەوادا خەڵکانێک تیا چوون‌. هێشتا ئارامی و هێمنایەتی نەگەڕابۆوە بۆ شار و هێندەی نەخایاند، هاوکات لە گەڵ دەسپێکردنی شەڕی ئێران ‌و عێراق، له مانگی خەرمانانی 1359، خەڵکی بانە جارێکی‌تر تووشی مەترسیی ‌و ماڵ‌وێرانی‌ و شینگێڕان دەبنەوە. شەوانە لە بەر شريخه و ناڵەی فڕۆکەی جەنگی، خەو نەدەچووە چاویان‌ و ڕۆژانەش لە ترسی بۆمب ‌و تۆپ‌ و تەیارە، پەڕیوەی گوند و شاخ ‌و کێو و هەردان دەبوون. لەم شەڕە ماڵوێرانکەرەدا کە بە ناحەق 8 ساڵی خایاند، زیاتر لە سەدان‌ مرۆڤی بێتاوان کوژران ‌و بانە زیانێکی ئێجگار زۆری بەرکەوت. لە ماوەی ئەو 8 ساڵەی کە شەڕ درێژەی هەبوو، هەندێکی زۆر لە جەماوەری بانە بۆ ماوەی چەند ساڵ نەیاندەتوانی لە شاردا بمێننەوە، بەم بۆنەوە روویان کردە شار و گوندەکانی دەوروبەر و لەوێ دەژییان. لە جوملەی ئەم کوشتن ‌و بڕینانەدا، ئەکرێ ئاماژە بدەین بە بۆمبارانی 15 ی جۆزەردانی ساڵی 63، کە لە چەند ساتێکدا، سەدان کەس لە ژن و منداڵ ‌و پیر و لاو دەبن بە قەقنەس و قەڵغانی شەڕ. لەم شەڕەدا، هێزەکانی سەدامی خوێن‌ڕێژ، تەنانەت لە بە کارهێنانی چەکی کیمیاییش، بە دژی خەڵکی ناوچەکە، خۆیان نەپاراست. پێداچوونەوە: 18ی گوڵان(نیسان)ی 2024

سەرچاوە: توکلی، محمدرئوف(1387)، جغرافیا و تاریخ بانه کردستان، تهران، انتشارات توکلی.