مەسعوود کوڕی مەلا عەبدوڵڵای شەنەغەیی (لەدایکبووی: ١٩٣٢ ھەولێر، عێراق – مردووی: ٢٥ی ئایاری ١٩٩٨ ھەولێر)، مەلا و شاعیرێکی کورد بوو. لەو کاتەی خۆی بەشاعیر ناسیوە نازناوی «بێبەش»ی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە، لە ھەندێ شیعریدا بەکاری ھێناوە.

ژیان دەستکاری

باوکی بێبەش مەلای مزگەوتی ناو بازاڕی ھەولێر بوو (لە ھەولێر مزگەفتی ناوەندی باژێڕی پێ دەڵێن). سەرەتای خوێندن و ھەموو قۆناغەکانی زانستی ئیسلامی و زمانی عەرەبی لای باوکی بووە.

بێبەش دەنگی خۆش بووە، بایەخی زۆری بە تەجویدی قورئان داوە. شارەزایی لەو ھونەرە پەیدا کردووە لەڕووی تیۆری و پراکتیکەوە. لە ساڵی ١٩٥٦ ھەندێ لە ھونەری تەجویدی قورئانی گۆڕیوەتە سەر زمانی کوردی و بەکتێب بڵاوی کردووەتەوە. بەشێک لە خوێندنەکانی بەدەنگی خۆی تۆمار کراون.

گوزەران و بەڕێوەچوونی ژیانی لەڕووی داراییەوە لەسەر مەلایەتی بووە. لە مزگەوتێکی بچووکی گەڕەکی خۆیان مەلایەتی کردووە، بەڵام بەگشتی بەپێچەوانەی مەلایان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا ئەوەندە لێیانەوە نزیک نەبووە، زیاتر پەیوەندی لەگەڵ ڕۆشنبیر و شاعیر و نووسەر و مووچەخۆران بووە. جوببە و عەمامەی لەبەر نەکردووە، لە پێشاندا شەرواڵ و مرادخانی و لە پاشاندا ڕانک و چۆغەی لەبەر کردووە.

بێبەش کەسێکی قسە خۆش و ڕۆح سووک بوو، نوکتە لە دەمی نەدەکەوت، لە ھیچ پرس و ھەڵوێستێکدا دانەدەما، ھەولێری زۆر خۆشدەویست، بەدرێژایی ژیانی لێی دوور نەکەوتەوە. تا لە ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ١٩٩٨ لە ھەولێر کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٦٢٧ تا ٦٣٧، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.