ئیبرا‌ھیم سەلاح (١٨٩٥-١٩٦٢) لە شۆڕشی سمکۆدا وەرگێڕ بووە. پاشان لە تاران دەرسی نیزامی خوێندووە و لە سوپای ئێران لە سەردەمی ڕەزا شا دادەمەزرێ. لە کاتی کۆماری مەھاباد دەگەڕێتەوە و یارمەتیی کۆمار دەدا. دوای تێکچوونی کۆمار ماوەیەک بەند دەکرێ. پاشان لە ئاوایییەکەی خۆی ساروقامیش ناوەندێکی بچووکی پزیشکی و زانستی دروست دەکات و تا کۆتایی ژیانی لەوێ خزمەت بە خەڵک دەکات.

دوکتۆر عەلی گەلاوێژ و حەسەن سەلاح سۆران، کوڕی برایم سەلاحن.

ژیان دەستکاری

لە ساڵی ١٨٩٥دا (١٢٧٤ی ھەتاوی) لە ئاوایی ساروقامیشی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی سەر بە شاری بۆکان لە دایک بوو. دایکی ناوی زبەیدە و باوکی ناوی ئەحمەد بوە، ئەحمەد برازای فەیزوڵلا بەگ و زبەیدە، لە بنەماڵەی ئەبوسەعید بەگ بوە، کە ھەر دووکیان دەچنەوە سەرماڵباتی بوداق سوڵتان، میر و فەرمانڕەوای بەناوبانگی ناوچەی موکریان.

برایم سەلاح، لە کاتی شۆڕشی سمکۆدا دەبێتە پێشمەرگە، بەڵام چون زمانی ئینگلیزی دەزانی، دوای بەینێ دەیبەنە شاری سابڵاغ (مەھاباد) و لەوێ دەبێتە ورگێڕی تایبەتی نووسینگەی سمکۆ (چون ئەو کاتەش میسیۆنێرو شاندی بیانی و شتی وا لە سابڵاغ بوون). لە پاشان دوای ھەرەس ھێنانی شۆڕشی سمکۆ، ‌دەگەڕێتەوە بۆ گوندی زێدی خۆی واتە سارووقامیش.

برایم سەلاح، کاتی دەسەڵاتی بنەماڵەی قاجاڕ، وەک سوارەی ئێسکۆرت، لەگەڵ زۆر لە کوڕانی ئەندامی ھۆزگەلی کوردستان بە ناوی سوارەی ئێسکورت بە زۆر دەیبەن بۆ تاران. فەلسەفەی سوارەی ئێسکۆرت ئەمە بوە: پوڕتەقاڵیەکان کە ئەو کاتە راوێژکاری دەمودەزگەی بنەماڵەی قاجار بوون وتوویانە وا باشە لە لایەن دەرباری شاوە فەوجێک پێک بێ لە کوڕی سەرۆکانی ھۆزگەلی گرنگی کوردستان و ئێران، و ئەمانە بێنە تاران و ببنە ئێسکۆرتی تایبەتی شا، بۆ ئەوەی کە ھەم وەک بارمتەیەک لە دەربار بمێننەوە و ھەم ھۆزەکانیش دڵیان خۆش بێ و بڵێن، کە ئێمەش لە کاروباری دەرباردا ھاوبەشین. رەنگە ئەمە بۆ دەرباری شا تاکتیکێکی خراپ نەبووبێ، ھەر چون بێ ئەمە چەشنە سەربازگیریەکی تایبەتی زۆرە ملێ بووە.

برایم سەلاح، لەگەڵ کوڕانی ئەندامی سەرۆک ھۆزگەلی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێرانی ئەو کاتە وەک ئێسکۆرت لە دەرباری قاجار دەمێننەوە، تا ڕەزا شای پەھلەوی ئاخرین قەڕاڵی قاجار، واتە ئەحمەد شا لەسەر کار لا‌ دەبا و دەرباری قاجار تێک دەچێ، سوارەی ئێسکۆرتیش دەشێوێ و بڵاوەی دەکەن و ھەر کەس دەکەونە شوێنێک، ھێندێکیشیان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ و شاری خۆیان.

پاش ئەو بڵاوە‌یە، ‌ برایم سەلاح لە ‌ تەمەنی بیست و چەند ساڵی دا، دەچێتە دەبیرستانی نیزام (زانکۆی ئەفسەری ئەو دەمە) لە تاران چونکە ئەو کاتە چونە زانکۆی ئەفسەری نەبوە، لەوێ دەرسی ئەفسەری دەخوێنێ. ھەتا لە پاشان بە پلەی سیتوانی دەردەچێ و لە سپای ئێران دا دادەمەزرێ. ئەو کاتەش سپا و دەستەڵات و دەزگای پەھلەوی لە گەڵ کورد ھەر باش نەبووە و تەنانەت زۆر جاریش سیتوان برایم سەلاح دەیەنە دادگەی نیزامی و بەندیشی دەکەن، تا لەپاشان دووری دەخەنەوە بۆ پارێزگەی پەڕ و دوورکەوتەی سیستان و بلووچستان و لەوێ دوور لە بنەماڵە و لەو کەش‌وھەوا گەرم و تەپوتۆز و خراپە دا، ژیانێکی زۆر سەغڵەت رادەبوێرێ و بە کورتی لە بەر کورد بوون و دژایەتی لەگەڵ رێژیمی پەھلەوی و زۆر شتی دیکە، نزیکەی ھەژدە ساڵ ھەر لە پلەی سیتوانی دا دەیھێڵنەوە.

ھاوینی ساڵی ١٣٢٠ی ھەتاوی، کە ھاوپەیمانەکان ئێران داگیر دەکەن و رەزاشا وەدەردەنێن، لە شاری مەھاباد بزووتنەوەی کورد پەرە دەستێنێ، ئەویش لە فەرماندەی سپای سیستان و بلووچستان داوا دەکا، لە سپای ئێران بێتە دەرەوە، بە ئامانجی ئەوەی بچێتەوە بۆ کوردستان و لە خزمەت خەباتی گەلی کورد دا بێ. ‌ھەرچون بێ، زۆر بە چەرمەسەرێ لە سپای ئێران دێتە ‌دەرەوە و دەچێتەوە بۆ کوردستان، چون ئەو کاتە سپای کوردستان بە دەگمەن ئەفسەری وای بوە کە وانەی نیزامیان خوێندبێ، بە پلەی سەرھەنگی لەوێ دادەمەزرێ و لە پاش کەوەتنە خوارەوەی نەمر کاپیتان محەممەد نانەوا زادە لە فڕۆکە، دەچێتە جێی ئەو و دەبێ بە فەرماندەی ھێزی کۆماری دێمۆکڕاتیکی کوردستان لە مەھاباد.

دوای تێکچوونی کۆماری دێمۆکڕاتیکی کوردستان، ئەویش لەگەڵ وەزیر و کاربەدەستانی پایە بەرزی دیکەی کۆمار دەگیررێ و لە دادگەی سپایی و نیزامی تاوانی مەرگی بە سەردا دەسەپێنن، بەڵام لەپاشان دوای ئەوەی بەینێک لە بەندیخانە دەبێ دەستەڵاتی شا فرمانی ئەوە دەدا کە ئیدی کەسی دیکە لە سێدارە مەدەن و ئەویش لەگەڵ زۆر لە ‌وەزیرگەل و کاربەدەستانی پایە بەرز کە گیرابوون لە بەندیخانە ئازاد دەبێ.

سەرھەنگ برایم سەلاح بە پێی بیرەوەریەکانی خۆی، بەینێک لە گەڵ خەباتگێڕانی بەناوبانگی وەک مامە قالە دەباغی و عەزیزی کرمانج لە بەندیخانەدا بوە. پاش ئازاد بوون دەچێتەوە بۆ ئاوایی سارووقامیشی زێدی خۆی و لەوێ دەست دەکا بە کاری لێکۆڵینەوە. تاقیگەیەکی زۆر چکۆلە و سەرەتایی دادەنێ و دەست دەکا بە داھێنانی چەشنێک باتری. لە ساڵی ١٣٣٠ی ھەتاویەوە، خەریکی ئەم کارە دەبێ و پاش ماوەی ١٠ ‌ساڵ تێکۆشان، دەتوانێ چەشنێک باتری تایبەت دابھێنێ کە بە باشی ھەم رادیۆ کاری پێکردوە و ھەم گڵۆپی رۆشن کردوە و ھتد...

ھێندێک لە کەرەسەی دروست کردنی ئەو باتریە شتی سروشتی ناوچەی کوردستان بوون. زۆر کەس ئێستا ماون کە ئەو باتریانەیەن دیوە یا ھەواڵەکەیان زانیوە و ئاگادارن، دەڵێن: ئەگەر پشتیوانی دەستەڵاتی ببوایە رەنگە ئاڵوگۆڕێکی بەرچاوی لە بەستێنی زانست و تێکنۆلۆژی دا بەدیبھێنایە، بەڵام دەستەڵاتی شا لەباتی یارمەتی بە چەشنی بنەوەشت سەرکوتیان کردوە، بە تایبەت لە بەر ئەوەی کە ھەم ئەفسەری کۆمار بوە و ھەم د.عەلی گەلاوێژی کوڕی لە ئەڵمان وێژەری رادیۆی پەیکی ئێران بوە لەو وڵاتە و‌ ماوەیەکی درێژ ‌بە دژی دەستەڵاتی شا قسەی کردوە.

ھاوکات لەگەڵ ئەم داھێنان‌ و کاری زانستیە کە لە کوردستان دا زۆر وێنەی کەم بوە بە کەڵک وەرگرتن لە زانینی زمانگەلی بیانی وەک: ئینگلیزی، فەڕانسە، ئەڵمانی و ... و رێنوێنی وەرگرتن لە کتێبی لارووسی پزیشکی بە زمانی فەڕانسە، لە گوندی ساروقامیش دەرمانگەیەکی چکۆلەی دانا و بە بێ ئەوەی قڕانێک پارە لە خەڵک وەربگرێ بۆ ماوەی نزیکەی ١٠‌ ساڵ، رەنگە بە سەدان کەسی کڵۆڵ و دەستبەتاڵی چارەسەر کردوە و تەنانەت بۆ کڕینی دەوا و دەرمان پارەشی پێ داون، کە ئەم خزمەتە لەو کاتەی کوردستان دا کە بەدەگمەن پزیشک بوە زۆر بە خزمەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی دادەنرێ.

ساڵی ١٣٣١ و ٣٢ی ھەتاوی کە لە ناوچەی بۆکان و سەقز و ئەوانە بە ساڵی دوکتور موسەدیق بە ناوبانگن‌، دەڵێن بە سەدان ئاوارە و با بڵێین پەنابەری رامیاری کە لە دەست رێژیمی شا ھەڵ ھاتوون و زۆربەیان وەرزێر بوون، پەنایان بۆ ھێناوە و پاکیانی بە ساغ و سڵامەتی رزگار کردوە، کە ئەم خزمەتە مەزنە کۆمەڵایەتیەی، لەو کاتە قەیران و پڕ مەترسیە دا بە کارێکی زۆر گەورە دەنرخێندرێ. ‌بریا ئێستاش کەسێک کارێکی وای بۆ پەنابەرانی لێقەوماوی ئاڵتاش ئەنجام بدایە.

لەگەڵ تەواوی ئەوانەش دا، سەرھەنگ برایم سەلاح پیاوێکی زۆر زانا بوە و بیجگە لە زمانگەلی ئینگلیزی، فەڕانسە، ئەڵمانی، عەرەبی، تورکی و فارسی و ... ، لەزانستی جەفر، تێئۆلۆژی و زانستە مۆدێڕنەکانی ئەمڕۆی جیھان دا وەک فیزیک، شیمی، بیرکاری زۆر پسپۆڕ بوە و لەم بوارانەشدا خوێندکاری زۆریشی بوە، بۆ وێنە سەرھەنگ رەشید ناھید، ئەندازیار عەبدوڵڵا شکارچی و دەیان کەسی ناسراوی دیکە خوێندکاری ناوبراو بوون و بە کورتی ئەتوانین بڵێین ئەو کاتە، بە بوونی مامۆستا برایم سەلاح، ساروقامیش وەک زانکۆیەکی نافەرمی وابوە.

برایم سەلاح، لە رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ١٩٦٢ (٣١ی جۆزەردانی ١٣٤١ی ھەتاوی) لە ئاوایی ساروقامیشی فەیزوڵڵابەگی، ‌کۆچی دوایی کردوە و لە سەر کێوی پیر محەممەد، ھەر لەو ئاواییە نێژراوە.

سەرچاوەکان دەستکاری