یەکێکە لە مەزنترین و بەناووبانگ ترین ھونەرمەندە شێوەکارەکانی جیھان تا ئێستا لە ژیان ماوە. بەماوەیەکی کورت پێش تەواو بوونی شەڕی دووەمی جیھان ، لە ڕۆژی ٨ ئازاری ١٩٤٥ لە دایک بووە لە (دۆناوشینگن) سەر بە ھەرێمی ( بادن ڤورتنبێرگ) ی ئەڵـمانیا . دوای تەواو کردنی خویندنە بنەڕەتیەکان ھونەرمەند ڕوی کردە شاری فرایبۆرگ بۆ خوێندنی زانستەکانی زمانە ڕۆمانسیەکان ھەر لە دوای ساڵێک پەیوەندی کرد بە دانیشگای نیشتمانی بۆ خوێندنی ھونەرە جوانەکان دوای ئەو ئەکادمایای کالسرۆە و دوسلدۆرف خوێندنی ھونەری لێ وەرگرتووە وانەکانی ھونەری لەسەر دەستی“ پیتەر درێھێر“ و„ ھۆرست ئەنتێس“ و دواجار لە ساڵانی ١٩٧٠ تــا ١٩٧٢ لای ھونەرمەندی ناسراو) جۆزیف بۆیس( لە ئەکادمیای دوسلدۆرف خوێندویەتی . لە ساڵی ١٩٦٩ لە تەمەنی ٢٤ ساڵی یەکەم پێشانگای لەشاری کالسرۆە کردۆتەوە لە سەر وێنە مێژوویەکان بە تایبەت سەردەمی نازیەکان کە لەم پێشانگایە لێھاتوویی و داھێنەری ھونەرمەند لەسەرەتا ھەستی پێدەکرا ھەر بۆیە بووە جێگەی گرینگی پێدان و گفتوگۆیەکی ھونەری و ڕۆشنبیری زۆری بەدواداھات . لەکاتی خوێندنی لە دوسلدۆرف لە سەر دەستی ھونەرمەند جۆزیف بۆیس فێری بەکار ھێنانی مادە جۆراوجۆرەکان بوو لەبەرھەم ھێنانی تابلۆ و نمایشە ھونەریەکانی لەو مادانەی بەکاری دەھێنا قەبارەیەکی ئەستوری ڕەنگەکان جێ دەھێشت بەکاری گەری ئاگر بۆ تێکەڵ کردنی لەگەڵ شوشە و دار و شتی تر . ئەنسلێم کیفەر بەردەوام بووە لەسەفەری نێوان ئەوروپا و ئەمریکا لە لایەک ئەوروپا و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ١٩٧٨ تاکە پێشانگای لە سویسڕا کردۆتەوە . لە ١٩٨٠ بەشداری بینالەی ڤینیسیای کرد و ھەستا بە نێشاندانی کارەکانی ئەو کەرستانەی ئیشی لەسەر کردبوو‌ پێک ھاتبوو لە (سوتاوەکان و تێک ھەڵکێشیان لەگەڵ دار و زیخ و بەلوعە) ھەر ئەوە وای کرد ببێتە کێشە وبەیەکدا چوون لەگەڵ خەڵکانی تر ، ئەنسلێم کیفەر لە حەفتاکان خۆی بۆ ئەفسانەکانی ئەڵمانیا خەریک کردبوو لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ ( کەبالە) ئەو سۆفیە جولەکەیە بۆ ماوەیەک خۆیان حەشار دابوو بۆ ئەنجام دانی کاری ھونەری بە ڕەنگی ئاوی و کارکردن لەسەر دار و چاپ کردنی کتێبەکان . ھونەرمەند تا ساڵی ١٩٩٢ دانیشتووی‌ ئەڵمانیا بوو دوای ئەوە تا ئێستا لە شاری (بیزیھ)‌ی فەڕەنسا دادەنیشێت ئەکێکە لەو ھونەرمەندانەی توانیویانە بەری داھێنانەکانی خۆیان ببینن ، بە بیرو باوەڕەوە ڕوبەڕوی تاڵی ونەھامەتی بەھا ناڕەوشتیەکانی ڕابردوو دەبێتەوە بەدوای قەرەبوو کردنەوەی زۆر لێکراوانە لە ڕێگەی زیندوو کردنەوەیان بە دەربڕینی ھونەرو کاری ڕۆشنبیری پلەکانی خوێندنی لەساڵی ١٩٦٥ تــا ١٩٧٠ خوێندنی ڕۆمانتیک لە شاری فرای بۆرگ . لەساڵی ١٩٦٦ تــا ١٩٦٨ وانەکانی وێنەکێشان لە لای پیتر درێھێر لە ئەکادمایای ھونەرە جوانە‌کان لە شاری کالسرۆە. لە ساڵی ١٩٦٩ خوێندنی ھونەر لە ژێر دەستی ھۆرست ئەنتێس لە ئەکادمایای ھونەرە جوانە‌کان لە شاری کالسرۆە. لەساڵی ١٩٧٠ تا ١٩٧٢ خوێندنی ھونەر لە لای (جۆزیف بۆیس) لە ئەکادمیای ھونەرە جوانەکانی شاری دوسلدۆرف. ئەنسلێم کیفەر چەندێن خەڵاتی جیھانی وەدەست ھێناوە بۆ ئەم ساڵیش بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم لە پێشانگای کتێبی فرانکفورت بە ئامادە بوونی ھونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی جیھان لە لایەن ڕاوێژکاری ئەڵمانیا خانم ئەنجێلا مێرکێل خەڵاتی ئاشتی جیھانی پێ ببەخشرێت.