ئەنجومەنی شوورای ھەرێمی کوردستان

ئەنجومەنی شوورای ھەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی یاسایی و دادوەرییە، لە ڕێگەی دادگای کارگێڕی و دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی ھەرێمەوە، دەسەڵاتی کاری دادبینی ھەیە، لەلایەکی تر کاری داڕشتن و وردبینی بۆ پڕۆژە یاساکان دەکات، یاخود ڕاوێژ و ڕای یاسایی لەسەر ئەو بابەتانەی کە لەلایەن دەزگاکانی حکوومەتەوە، ئاراستەی دەکرێت، دەردەبڕێت، بەو جۆرەش خۆی لە ئاوێزەی ئەنجامدانی کاری یاسایی دەبینێتەوە.

ئەنجومەنی شوورا بەپێی یاسای ژمارە «١٣» ساڵی ٢٠٠٧، یاسای وەزارەتی داد، لەڕووی کارگێڕییەوە لکێنراوە بە وەزارەتی داد. ئەم ئەنجومەنە ئەرک و کار و ئامانج و پێکھاتەکانی بەپێی یاسای ژمارە «١٤» ساڵی ٢٠٠٧، یاسای ئەنجومەنی شوورای ھەرێم ڕێکخراوە و ڕاییدەکات.

پێکھاتەکانی ئەنجومەنی شوورا دەستکاری

دەستەی سەرۆکایەتی دەستکاری

ئەم دەستەیە پێکھاتووە لە سەرۆکی ئەنجومەنی شوورا، جێگری سەرۆک و کۆنترین ڕاوێژکار.

  • ئەرکەکانی بریتییە لە دانانی پلان، سیستەمی کارکردن و کاندیدکردنی کەسانی بە توانا بۆ پۆستی ڕاوێژکاری یاریدەدەر، دیاریکردنی ئەندامانی «ڕاوێژکار» دەستەی بەرزەفتکردن و تاوتوێکردنی ئەو بابەت و کێشانەی کە گرنگن، کۆبوونەوەکانی بەپێی پێویست ئەنجامدەدات.

دەستەی گشتی دەستکاری

دەستەی گشتی گەورەترین و گرنگترین دەستەیە لە ئەنجومەنی شوورای ھەرێم، پێکھاتووە لە سەرۆکی ئەنجومەن، جێگری سەرۆک، ڕوێژکاران و ڕاوێژکارانی یاریدەدەر. ئەم دەستەیە سێ ئەرکی گرنگی لە ئەستۆدایە، کە ئەمانەن:

  • ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگای کارگێڕی یاخود دەستەی بەرزەفتکردن دەردەچێت و یەکێک لە لایەنەکانی داواکە یاخود ئەندامی داواکاری گشتی بە یاسایی و دادپەروەری نازانێت، ئەوا دەتوانێت لەلای دەستەی گشتی تانەی لێ بدات، ئەو کات دەستەی گشتی وەکوو دادگای پێداچوونەوە کاری پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکە ئەنجامدەدات و لە ڕاست و دروستی دەکۆڵێتەوە، لە پاشان بریاری پێویستی لە بارەوە دەردەکات.
  • ئەنجامدانی کاری داڕشتن و وردبینی بۆ پڕۆژەیاساکان، کە لەلایەن دەستگاکانی حکوومەتی ھەرێم ئاراستەی دەکرێت.
  • دەربڕینی ڕاوێژ و ڕای یاسایی لەسەر ئەو بابەتانەی کە لەلایەن وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەت ئاراستەی دەکرێت. کۆبوونەوەکانی خۆی ھەموو ھەفتەیەک و بەپێی پێویست، بە ئامادەبوونی ھەموو ئەندامان یان سێ لەسەر چواری ئەندامان ئەنجام دەدات.

دادگای کارگێڕی دەستکاری

ئەم دادگایە لەلایەن دەستەیەک لە دادوەری پسپۆر و شارەزا ھەڵدەسوڕێنرێ و پێی دەوترێ دەستەی بەرزەفتکردی فەرمانبەران. دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی ھەرێم: دەستەی بەرزەفتکردن پێکدێت لە جێگری سەرۆک و دوو ڕاوێژکار، کە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی دیاریدەکرێن. سەیری ئەو داوایانە دەکات، کە لە ماددەی «١٣»یاسای ئەنجومەنی شوورادا ھاتووە، بەم شێوەی خوارەوە:

  • سەیرکردنی دروستی ئەو فەرمان و بڕیارە کارگێڕیانەی کە لە فەرمانبەران و دەستەکان لە فەرمانگەکانی ھەرێم دەردەچن لەدوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، کە لایەنێک دەست نیشان نەکراوە بۆ تانون لێدانی لەسەر تانوت لێدانێکی خاوەن ئەگەری بەرژەوەندیی، تەنیا ئەوەندە بەسە کە ترسی ئەوە لە گۆڕێدا ھەبێت کە زیان بەر لایەنی بەرژەوەندیدار بکەوێ.
  • یەکلاکردنەوەی تانوتە تایبەتەکان بە ھەڵبژاردنی دەستە خۆجێیییەکان.
  • یەکلاکردنەوەی ئەو داوایانەی کە دەستەکان و کەسەکان پێشکەشی دەکەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارە کارگێڕییە کۆتایییەکان.
  • داواکانی ڕەگەزنامە.
  • داواکانی قەرەبووکردنەوە لەو زیانانەی کە لە ئەنجامی بڕیارە کارگێڕییەکانی بە نایاسایی دەرچوون.
  • تانووتدان لە بڕیارە کۆتایییەکانی کە لە لایەنە کارگێڕییەکانەوە دەرچوون لەبارەی کێشەکانی باج و ڕەسم بەپێی ئەو یاسایەی کە چۆنیەتی سەیرکردنی ئەو ناکۆکیانە ڕێکدەخات.
  • تانووتدان لە ڕەتکردنەوە یان کارنەکردنی فەرمانبەر یان دەستەی فەرمانگەکان و دەزگاکانی ھەرێم لەبارەی دەرکردنی بڕیارێک یان فەرمانێک کە پێویست بوو لە سەری لە ڕووی یاسایییەوە بیکات.

شێوازی کاری ئەنجومەنی شوورا دەستکاری

بەشێوەیەکی گشتی ئەنجومەنی شورای ھەرێمی کوردستان دوو شێوازی کار ئەنجام دەدات، یەکەم کاری قەزائی، دووەمیان کاری یاساییی تەشریعی، بەم شێوەی خوارەوە:

  • داڕشتن و وردبینیکردنی پڕۆژەیاساکان: ئەمەش کارێکی یاسایی پڕوفیشناڵە کە بۆ ئەم مەبەستە چەندین دادوەر، پسپۆری یاسایی و قەزائی ئەم کارە ئەنجام دەدەن.
  • ڕادەربڕینی یاسایی: کارێکی یاسایی تایبەتمەندە.
  • سەیری ئەو داوایانە دەکات کە لە ماددەی «١٣»یاسای ئەنجومەندا ھاتووە: ئەمە کارێکی قەزائییە و لەلایەن چەند دادوەرێکی پایە بەرز و زانا و پسپۆر. «دەستەی بەرزەفتکردن» ئەنجام دەدرێت و سەیری ئەو داوا و کێشانە دەکات، کە لە ئەنجامی پیادەکردنی یاسای ڕاژەی شارستانیی فەرمانبەران سەرھەڵدەدەن. واتا بوونی دادگای کارگێری لەنێو پێکھاتەکانی ئەنجومەنی شوورای ھەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە دەزگاکانی وەزارەتی داد سەر بە دەسەڵاتی تەنفیزی وای کردووە کە دەسەلاتی دادوەری لە کوردستان دوولایەنەبێ، لایەنی قەزائی یاسایی و لایەنی قەزای کارگێری.

لەڕووی کاری تەشریعییەوە ئەنجومەنی شووری ھەرێمی کوردستان بەپێی پێویست و داوای لایەنە پەیوەندارەکان ساڵانە چەندین یاسا ھەموار و تەشریع دەکات یاخود پڕوژەیاسا ڕاییی دەکات یاخود ھەڵی دەوەشێننەوە.

سەرچاوەکان دەستکاری