ئەشکەوتی قوڕەقەڵا

(لە ئەشکەوتی قوڕە قەڵاەوە ڕەوانە کراوە)

پۆتانەکان: 34°42′55″N 46°39′12″E / 34.71528°N 46.65333°E / 34.71528; 46.65333

ئەشکەوتی قوڕەقەڵا، کە گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی ئاسیایە و پێشینەی دەگاتە ٦٥ ملیۆن ساڵ، کەوتووەتە دووریی ٨٧ کیلۆمەتر لە باکووری رۆژاوای کرماشان (لەسەر ڕێی کرماشان-پاوە) و ٢٥ کیلۆمەتر دوورە لە شاری پاوەوە و ٢٣ کیلۆمەتر لە شاری جوانڕۆ و ٢٥ کیلۆمەتریش لە شاری ڕوانسەرەوە دوورە، ئەشکەوتی قوڕەقەڵا سەر بە لادێی قوڕەقەڵایە و بەشێکە لە قەزای (شارستانی) ڕوانسەر، ئەم ئەشکەوتە لە دەرەی مەڕان واتە دەرەی ئەشکەوتانە جێیەکی زۆر ڕازاوە و پڕ لە دار و درەختە. یەکێکە لە نایابترین ئەشکەوتانی کسڵ(ئاھەک).

وێنەیێک لە ئەشکەوتی قوڕەقەڵا

ھەتا ئێستا نزیکەی ١٢ کیلۆمەتری ئەم ئەشکەوتە لە لایەن ئەشکەوتوانانەوە دەر کەوتووە و ھێشتا نەگەیشتوونە کۆتایی ئەشکەوتەکە. ئەم ئەشکەوتە خاوەنی چەندین تەلارە لەوانە: تەلاری بووک (عەرووس)، تەلاری زینەخ (بەرزەخ)، کە لە تەلاری بووک نزیکەی ٢٥ دانە لە ستالاکمیت و ستالاکتیتەکان بە شێوەی سەیوانی بەرەوخوار دەبینرێت کە شێوازێکی جوان دەنەخشێت. ھەروەھا ستالاکمیت و ستالاکتیتەکان بە شێوازی بابانوئێل، ئەمیر کەبیر، ماکێتی شاری پاوە، ماسی، بۆرجی پیزا، دڵ، کارگ، سەری شێر، فیل، تاڤ، کیسەڵ، ملی قاز، حەزرەتی مریەم و ھتد دەرھاتوون. تەلاری بووک لە ١٥٠٠ متری دەروازەی ئەشکەوتەکەیە. لە تەلاری بلوور بە بۆنەی لێدانی ئاو و ستالاکمیتەکان دەنگی سازێک وەک چەنگ و کەمانچە دەبیسترێت.

ھەندێک پێیان وایە کە درێژەی ئەم ئەشکەوتە ھەتا خاکی عێراق کێشراوە.

ھەر وەھا ئەم ئەشکەوتە پێشینەیێکی مێژویی زۆری ھەیە، ھەندێک شتی مێژویی لەم ئەشکەوتە دۆزراونەتەوە، لەوانە: کاسەی سەری ئینسان، سککە، ھەندێ شتی سواڵەتی کە بە وێنەی ڕاوی پەلەوەر ڕازاوەتەوە…

تەنیا گیاندرێک کە لەم ئەشکەوتە دەژیت جۆرێکی شەمشەمەکوێرەیە لە دەستە شەمشەمەکوێرەی گوێچکە مشکی.

دۆزینەوە دەستکاری

ئەشکەوتی قوڕەقەڵا گەورەترین ئەشکەوتی ئاوییە لە ئاسیادا، ئەم ئەشکەوتە، وەکوو یەکێک لە جوانترین و بەنرخترین ئەشکەوتە ئاوییەکانی جیھان بە ٦٥ میلیۆن ساڵ مێژوو و کۆنێتییەوە لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٧٦ تا ١٩٧٧ی زایینی لە لایەن گرووپێک لە ئەشکەوتناسان و زیندەوەرناسانی ئینگلیزی و فەڕنسی کە لە ھەوڵی دۆزینەوەی زیندەوەرە گواندارەکان وەک شەمشەمەکوێرەدا بوون، دۆزرایەوە. ئەم زیندەوەرناسانە ٦٢٠ مەتر لە قووڵایی ئەشکەوتەکەیان بڕی و پێوایان و گەیشتنە خاڵ و شوێنێک کە ئاوەکە ھاوئاست و رێکی بنمیچی ئەشکەوتەکە بوو و بە باوەڕی ئەمەی کە ئەم خاڵە، کۆتایی ئەشکەوتەکەیە، گەڕانەوە. بەڵام بە پێی دەربڕینی ھەندێک لە بەرپرسە خۆماڵییەکان، خەڵکی ئاوایی و گوندنشینان ساڵگەلێک لەمەوپێش ئەم ئەشکەوتەیان بینیبووە و دەیان ناسی.[١]

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "ئەشکەوتی قوڕەقەڵا لە نێوان ئەفسانە و حەقیقەتدا". جامی کوردی. Retrieved 10ی Septemberی 2019. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help) ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری