ئێل کەمینۆ: فیلمی برێکینگ باد

فیلمێکی ئەمریکیی دەرھێندراو لەلایەن ڤینیس گیلیگن لە ٢٠١٩

ئێل کەمینۆ: فیلمی برێکینگ باد (یانیش بە ناوە سادەکەی ئێل کەمینۆ) فیلمێکی تاوانکاری و درامای ئەمریکی ساڵی ٢٠١٩یە کە ڕووداوەکانی لەدوای زنجیرەی گۆڕانی خراپ دەچن بەڕێوە. دروستکەری زنجیرەکە ڤینس گیلیگن وەک سیناریۆنووس، بەرھەمھێنەر و دەرھێنەری فیلمەکە گەڕاوەتەوە و ئاڕۆن پۆڵ وەک جێسی پینکمن لە فیلمەکەدا دەردەکەوێت. چیڕۆکی فیلمەکە باسی ئەو ڕووداوانە دەکەن کە دوای ئەڵقەی کۆتاییی زنجیرەکە تووشی جێسی پینکمن دێن.

ئێل کەمینۆ: فیلمی برێکینگ باد
پۆستەری سینەمایی
دەرھێنەرڤینس گیلیگن
بەرھەمھێنەر
شانۆنامەڤینیس گیلیگن
لەسەر بنەمایگۆڕانی خراپ 
لە لایەن ڤینس گیلیگن
ئەکتەرانئاڕۆن پۆل
مۆسیقادەیڤ پۆڕتەر
وێنەگری سینەماییماڕشڵ ئادەمس
مۆنتاژسکیپ ماکدۆناڵدز
کۆمپانیای
بەرھەمھێنەر
بڵاوکردنەوە
دەرچوون
  • ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ (2019-10-11)
ماوەی فیلم١٢٢ خولەک[١]
وڵاتویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
زمانئینگلیزی
تێچوون٦ میلیۆن دۆلار[٢]

فیلمەکە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٣وە دەنگۆی دەرچوونی ھەبووە. گیلیگن لە ٢٠١٧ بیرۆکەی فیلمەکەی لای پۆڵ باسکرد، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دە ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ئەڵقەی گۆڕانی خراپ، و بەشێوەیەکی نھێنی لە نیو مەکسیکۆ و لە تشرینی دووەمی ٢٠١٨دا دەستیان بە کاری وێنەگرتنی فیلمەکە کرد و بەماوەی ٦٠ ڕۆژ تەواویان کرد. پڕۆژەکە تاکوو ئابی ٢٠١٩ بە نھێنی ھێڵدرایەوە، تا گەیشتە ئەوەی نێتفلیکس بە بڵاوکردنەوەی ترەیلەرێک ڕای بگەیەنێت.

فیلمەکە بەشێوەی دیجیتاڵی لەسەر نێتفلیکس بڵاوکرایەوە، لەپاڵ پەخشکردنی بۆ ماوەیەکی کاتی لە سینەماکان لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا. ڕەخنەگران پێشوازییەکی گەرمیان لە فیلمەکە کرد کە ستایشی تایبەتی نواندنەکەی ئاڕۆن پۆڵیان کردبوو و زنجیرەکەیان وەک کۆتایییەکی گونجاو بۆ ھەوادارە دێرینەکانی زنجیرەکە لە قەڵەم دابوو.[٣]

چیڕۆک دەستکاری

لە دیمەنێکی ڕابردوودا، جێسی و مایک باسی ئەوە دەکەن دوای وازھێنانیان ئامانجیان چی دەبێت. مایک پێی دەڵێت کە بەنیازە ڕوو لە ئالاسکا بکات، و پێشنیاری ئەمە بۆ جێسیش دەکات. جێسی دەڵێ نیازی ئەوەی ھەیە بەشێوەیەکی ئاشتیانە شتەکان کۆتایی پێ بھێنێت، بەڵام مایک دەڵێت ئەم کارە مەحاڵە.

فیلمەکە دێتەوە سەر دەمی ئێستا و دوای ھەڵاتنی جێسی لە کۆتا ئەڵقەی گۆڕانی خراپ. جێسی بە ئۆتۆمبێلێکی شۆڤرلێتی ئێل کامینۆ دەچێتە لای ھاوڕێ کۆنەکانی کە سکینی پیت و باجەرن. لەوێ جێسی خۆی پاک دەکاتەوە و بە یارمەتی باجەر و پیت بەڵگەکان دەربارەی خۆی لەناودەبات.

چەندین دیمەنی تری ڕابردوو دەبینین کە ھی ئەوکاتەیە کە جێسی ژێردەستەی تۆد بووە. لە یەکێک لە دیمەنەکاندا، تۆد و جێسی دەچنە شوقەیەک بە مەبەستی شاردنەوەی تەرمێک. لە دیمەنی دەمی ئێستادا، جێسی سەردانی ھەمان شوقە دەکاتەوە کە لەلایەن پۆلیسەوە سەراوژێر کراوە بۆ لێکۆڵینەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی بڕە پارەیەکی زۆری حەشاردراو. دوای مەینەتییەکی زۆر جێسی پارەکە دەدۆزێتەوە، بەڵام ڕێک لەوکاتەدا دوو ئەفسەری پۆلیس بەناوەکانی کەیسی و نیڵ دەگەنە شوقەکە. جێسی سەرەتا کەیسی دەگرێت، بەڵام نیڵ پێی دەڵێت ئەگەر ئەوانیش بکوژێ، دەیان پۆلیسی تر لەدەرەوە چاوەڕێنە. جێسی بەناچاری خۆی بەدەستەوە دەدات، بەڵام ڕاستەوخۆ دەزانێت کە ئەمانە پۆلیس نین و ھەر بۆ پارەکە ھاتوون. جێسی شوێنی پارەکەیان پێدەڵێت و ڕێک دەکەون کە پارەکە بەش بکەن و بەشێکی کەمی بدەنە جێسی. لەکاتی جێھێشتی شوقەکە، جێسی ئەوەی بیردەکەوێتەوە کە نیڵ ئەو کەسە بوو لەکاتی ژێردەستەییدا قەفەسی زیندانیەکەی دروستکردبوو.

جێسی بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێت کە واڵت و سۆڵی حەشاردابوو، بە ھەندێک وردەکاری نادیارەوە دەگاتە دووکانێکی گیسکی کارەبایی کە ئەو پیاوە لەوێ کاردەکات. جێسی پارەکە دەخاتە بەردەم ئەو پیاوە کە ئێد گەیلبرەیسە، بەڵام ئێد پێی دەڵێت کە لەپێشوودا واڵتەر بەر لەمردنی شتێکی ئاوای لێ داواکردبوو بۆ جێسی، بەڵام خودی جێسی ئامادەنەبوو بڕوات، بۆیە داوای ئەو پارەی پێشووشی لێ دەکات. جێسی تەنھا ١٬٨٠٠ دۆلاری کەمە، بەڵام ئێد داوا دەکات تەواوی پارەکە بھێنێت. جێسی پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە دەکات و بە دانانی چاوپێکەوتنێکی درۆیینە خانووەکەیان پێ چۆڵ دەکات تاکوو خۆی بچێت دەمانچەی باوکی بھێنێت، لەوێش بەرەو دووکانی لەحیمەکە بەڕێدەکەوێت.

لە دووکانی لەحیمەکەدا جێسی ڕووبەرووی نیڵ و کەیسی دەبێتەوە و داوای پارەی زیاتریان لێ دەکات بێ ئەوەی کێشە بنێتەوە، بەڵام ئەوان ڕازی نابن، و داوا دەکەن جێسی بە چەکەکەی ڕوبەروویان ببێتەوە یەک بە یەک. جێسی ڕازی دەبێت، بەڵام چەکێکی شاراوەی لەنێو چاکەتەکەی داناوە و ڕاستەوخۆ نیڵ دەکوژێت، و کەیسیش ھەوڵدەدات بگاتە چەکەکەی بەڵام ئەویش دەکوژێت. بەرلەوەی پارەکە ببات، جێسی ناوی ھاوڕێکانیان وەردەگرێت و ھەڕەشەیان لێدەکات ئەگەر ھیچ شتێک لەبارەی ئەوەوە بدرکێنن.

لە دیمەنێکی ڕابردوودا، واڵت و جێسی بەیەکەوە نانی بەیانی دەخۆن (دیمەنەکە لەکاتی ئەڵقەی نۆیەمی وەرزی دووەمی زنجیرەکە ڕوویداوە).[٤] واڵت بە جێسی دەڵێت «تۆ یەکجار بەختت ھەیە، ئەوەت دەزانی؟ چونکە تۆ وەک من نەبووی کە تا کۆتایی تەمەنت بوەستی ئینجا شتێکی گرینگ لە ژیانتدا بکەیت».

جێسی پارەکە کۆدەکاتەوە و دەیداتە ئێد، ئەویش دەیگەیەنێتە ئالاسکا و بۆ شارۆچکەی ھەینس دەینێرێت. جێسی بەر لەڕۆشتنی نامەیەک بۆ بڕۆکی کوڕی خۆشەویستە مردووەکەی جێدەھێڵێت. لەکاتی لێخووڕینی بەرەو ھەینس، جێسی دیمەنێکی ڕابردووی لەگەڵ جەین بیردێتەوە. جێسی بە جەین دەڵێت کە زۆر سەرسامە بەو قسەی جەین کە دەڵێ خۆی داوەتە دەست گەردوون و چاوەڕێ دەکات چارەنووسی بۆ دیاربکات. بەڵام جەین دەڵێت ئەمە ھەمیشە باشترین شت نییە، چونکە ھەندێکجار گەردوون بەرەو شوێنی نالەبارت دەبات، بۆیە واباشترە خۆت بڕیارەکانت بدەیت.

ئەکتەرەکان دەستکاری

(لەسەرەوە، ڕاست بۆ چەپ) جێسی پلێمنس، کریستن ڕیتەر، (لەخوارەوە، ڕاست بۆ چەپ) جۆناسەن بانکس، و بڕایان کرانستن دووبارە ھەموویان ڕۆڵەکانی خۆیان وەکوو تۆد ئالکویست، جەین ماڕگۆلیس، مایک ئێھرمانتراوت، و واڵتەر وایت گێڕایەوە.
 
فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر جێسی پینکمن کەوا ئاڕۆن پۆڵ ڕۆڵەکەی بەرجەستە دەکات.
  • ئاڕۆن پۆل لە ڕۆڵی جێسی پینکمن، ئامادەکاری ماددەی مێت کەوا پێشتر لەگەڵ واڵتەر وایت کاری دەکرد.[٥]
  • جێسی پلێمنس لە ڕۆڵی تۆد ئالکویست، یەکێک لە دەستبەسەرکەرانی جێسییە.
  • کریستن ڕیتەر لە ڕۆڵی جەین ماڕگۆلیس، خۆشەویستی پێشووی جێسی.
  • چارڵز بەیکەر لە ڕۆڵی سکینی پیت، ھاوڕێی جێسی.
  • مات جۆنێس لە ڕۆڵی بڕاندن باجەر مەیھیو، ھاوڕێی جێسی.
  • سکۆت شێپرد لە ڕۆڵی کەیسی، ھاوبەشی نیڵ.
  • سکۆت مکئارسەر لە ڕۆڵی نیڵ، وەستایەکی لەحیم کە دەستی ھەبوو لە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی جێسی.
  • تۆم باوەر لە ڕۆڵی لو، دراوسێی تۆد.
  • لاری ھانکین لە ڕۆڵی جۆی پیر، کە خاوەن مەیدانی لەناوبردنی ئۆتۆمبێلە و لەپێشوودا یارمەتی واڵتەر و جێسی داوە.[٦]
  • تێس ھارپەر لە ڕۆڵی خاتوو پینکمن، دایکی جێسی.
  • مایکڵ بۆفشێڤەر لە ڕۆڵی بەڕێز پینکمن، باوکی جێسی.
  • ڕۆبێرت فۆرستەر لە ڕۆڵی ئێد گەیلبریت، خاوەن دووکانێکی گیسکی کارەبایییە کەوا بە نھێنی کاری داڵدەدان و دروستکردنی ناسنامەی نوێیە بۆ ئەو کەسانەی کەوا پۆلیس بەدوایانەوەن. ئەم فیلمە بووە دواھەمین ڕۆڵی ئەکتەری ناوبراو، کە ھاوکات لەگەڵ ڕۆژی بڵاوکردنەوە فیلمەکەدا، مرد.
  • جۆناسەن بانکس لە ڕۆڵی مایک ئێھرمانتراوت، بکوژ و بەڵگە حەشاردەرێکی لێھاتووە کەوا ھاوکاری جێسی و واڵتەر بووە لە کارەکانیان.[٧]
  • بڕایان کرانستن لە ڕۆڵی واڵتەر وایت، کە سەرکردەیەکی دیاری دروستکردنی مێت و مامۆستا و ھاوبەشی جێسی بووە لە قۆناغی دواناوەندیدا.

بەرھەمھێنان دەستکاری

ڤینس گیلیگن دەمێک بوو نیازی بەرھەمھێنانی فیلمێکی ھەبوو بۆ تەواوکردنی چیڕۆکی جێسی پینکمن، و یەکەمین کەسیش کە ھەواڵی فیلمەکەی زانی ئەکتەر ئاڕۆن پۆڵ بوو.[٢][٨]

 
ڤینیس گیلیگن نووسەر و دەرھێنەری فیلمەکەیە.

بۆ ئەم فیلمە گیلیگن دەیویست سیناریۆکەی تەنھا خۆی بینووسێت، بە پێچەوانەی کارەکانی پێشووی. فیلمەکە بەشێوەیەکی یەکجار نھێنیەوە وێنەی گیرابوو، بەشێوەیەک کە ئەکتەران ئاڕۆن پۆڵ و بڕایان کرانستن ڕێگەیان پێ نەدەدرا بەیەکەوە دەرکەون لەماوەی وێنەگرتنی فلیمەکە بەمەبەستی ئاشکرا نەبوونی فیلمەکە. ھەرچەندە لە بەرنامەی کۆناندا، کڕانستن ڕای گەیاند کە فیلمێک بەڕێوەیە، بەڵام ئاماژەی بە بەشداربوونی خۆی نەدا[٩] بە پێچەوانەی زنجیرەی برێکینگ باد، کەوا بۆ ھەر ڕۆژێک ٦–٨ لاپەرە لە سیناریۆی فیلمەکە وێنەی دەگیرا، بۆ ئەم فیلمە ڕۆژانە تەنھا ١ پەڕ وێنەی دەگیرا و کارەکان ھێواشتر بوون. فیلمەکە بەشێوەیەکی فەرمی لە سەرەتاکانی ٢٠١٩ لەلایەن نێتفلیکسەوە ڕاگەیەندرا، و ناونیشانەکەیشی لەگەڵ یەکەم ترەیلەردا ئاشکرا کرا.[١٠]

ماڕکێتینگ دەستکاری

یەکەمین ترەیلەری فیلمەکە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٩ لەلایەن نێتفلیکسەوە بڵاوکرایەوە.[١١] تیزەرێکیش لە ٧١ەمین مەڕاسیمی خەڵاتەکانی ئێمی بڵاوکرایەوە لە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩،[١٢] و لەکۆتاییدا تڕەیلەری فەرمی لە ٢٤ی ئەیلوولدا بڵاوکرایەوە.[١٣]

دەرچوون دەستکاری

 
ئێل کەمینۆ کۆتا فیلمی ڕۆبێرت فۆرستەر بوو، کە لە ھەمان ڕۆژی بڵاوکردنەوەی فیلمەکە مرد.

بۆ یەکەمجار فیلمەکە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە سینەمای رێگنجی ڤیلج لە لۆس ئانجلەس نمایش کرا.[١٤] دواتر فیلمەکە لەسەر تۆڕی نێتفلیکس لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا بڵاوکرایەوە.[٨][٨] فیلمەکە لەنێوان ١١ بۆ ١٣ی تشرینی یەکەمیش لە سینەماکان پەخشکرا بۆ ئەوانەی خوازیاربوون فیلمەکە لە شاشەی سینەماوە ببینن.[١٥]

پێشوازی ڕەخنەگران دەستکاری

لە وێبگەی ڕاتن تۆماتۆز، فیلمەکە ڕێژەی ٩٣٪ی ھەیە بەپێی ٤٦ پێداچوونەوەی جیاواز بە تێکڕای نمرەی ٧٫٣/١٠. کورتەی ڕای ڕەخنەگرانی وێبگەکە لەبارەی فیلمەکەوە دەڵێ «فیلمێکی چێژبەخشە گەرچی پێویستیش نەبوو، ئەم فیلمە کۆتایییەکی شیاو بۆ زنجیرەی برێکینگ باد تەرخان دەکات—کە تیایدا ئەکتەر ئاڕۆن پۆڵ باشترین نواندنی ژیانی پیشەگەری خۆی تێدا پێشکەش دەکات».[١٦] لە وێبگەی مێتاکریتکدا، فیلمەکە نمرەی ٧١ لە ١٠٠ی وەرگرتووە بەپێی ٢٤ پێداچوونەوە.[١٧]


سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "El Camino: A Breaking Bad Movie". Netflix. Retrieved September 18, 2019.
  2. ^ ئ ا Keegan, Rebecca (September 18, 2019). "'Breaking Bad' Returns: Aaron Paul and Vince Gilligan Take a TV Classic for a Spin in 'El Camino'". The Hollywood Reporter. Retrieved September 18, 2019.
  3. ^ Maglio, Tony (October 11, 2019). "'El Camino: A Breaking Bad Movie' Reviews: Critics Hail Aaron Paul and 'Closure' for Jesse". TheWrap. Retrieved October 11, 2019.
  4. ^ Snierson, Dan (October 11, 2019). "Breaking Bad: Aaron Paul on that top secret scene in El Camino". Entertainment Weekly. Retrieved October 11, 2019.
  5. ^ Goldberg, Lesley (February 13, 2019). "'Breaking Bad' Movie Is a Sequel Starring Aaron Paul and Will Air on AMC and Netflix". The Hollywood Reporter. Retrieved March 17, 2019.
  6. ^ Bonomolo, Cameron (September 29, 2019). "New El Camino Movie Trailer Features Return of Another Breaking Bad Character". Comicbook.com. Retrieved September 29, 2019.
  7. ^ "Jonathan Banks Confirms 'El Camino' Role". ET Canada. September 22, 2019. Retrieved September 23, 2019. ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  8. ^ ئ ا ب Itzkoff, Dave (August 24, 2019). "'Breaking Bad' Movie, Starring Aaron Paul, Coming to Netflix in October". The New York Times. Retrieved August 24, 2019.
  9. ^ Respers France, Lisa (November 8, 2018). "Bryan Cranston confirms 'Breaking Bad' movie happening". CNN. Retrieved March 17, 2019.
  10. ^ Andreeva, Nellie (February 13, 2019). "Vince Gilligan's 'Breaking Bad' Movie Headed To Netflix & AMC". Deadline Hollywood. Retrieved July 1, 2019.
  11. ^ Tassi, Paul (August 24, 2019). "Netflix's 'El Camino: A Breaking Bad Movie' Gets A Trailer, Story And Release Date". Forbes. Archived from the original on August 25, 2019. Retrieved August 25, 2019.
  12. ^ Patches, Matt (September 22, 2019). "The teaser for Netflix's Breaking Bad sequel El Camino recalls gruesome details". Polygon. Retrieved September 22, 2019.
  13. ^ Welk, Brian (September 24, 2019). "'El Camino' Trailer: Aaron Paul's Jesse Pinkman Is 'Ready' in First Full Look at 'Breaking Bad' Movie". TheWrap. Retrieved September 24, 2019.
  14. ^ "Netflix hosts 'El Camino' premiere in California". KRQE. October 7, 2019. Archived from the original on October 10, 2019. Retrieved October 10, 2019.
  15. ^ Sharf, Zack (September 18, 2019). "Netflix Sets 'Breaking Bad' Movie Theatrical Release for One Weekend Only". IndieWire. Retrieved September 18, 2019.
  16. ^ "El Camino: A Breaking Bad Movie (2019)". Rotten Tomatoes. Fandango. Retrieved October 11, 2019.
  17. ^ "El Camino: A Breaking Bad Movie Reviews". Metacritic. CBS Interactive. Retrieved October 11, 2019.


بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری