ئیسماعیل ولیانی ناسراو بە شێخ ئیسماعیلی ولیانی موسڵمانێکی سوننی سۆفی شافعیە

مەرقەدی حەزرەتی شێخ ئیسماعیل ولیانی - ڕۆڤیا - کوردستان
زیکری دەروێش و مەنسوبانی تەریقەتی قادری ولیانی - بە سەرپەرشتی سەید شێخ وریا شێخ سەعید ولیانی بەرزنجی

سەید ئیسماعیلی ولیانی یەکێکە لە زاتە گەورەکانی بنەماڵەی بەرزنجییەکان ، کوڕی شیخ محمدی نۆدێیە کە ناسراوە بە (کبریتی سور) کوڕی سەید عەلی وەندەرێنە ، کوڕی شێخ بابا ڕەسولی گەورە ، نەسەبیشی دەگەڕێتەوە بۆ قوطبی عاریفان حەزرەتی سەید عیسای بەرزنجە ، شێخی ولیانی لە گوندی (نۆدێ) لە ساڵی ١٠٨١ی کۆچی لەدایکبووە ، لەخزمەت باوکیدا گەورە بووە کە شێخ محمد ئەمین نۆدێی بووە باوکی ، زانستە ئاینیەکانی خوێندووە و فێری قورئانی پیرۆز و نەحو و صەرف و فیقهـ و زانستەکانی تر لە خزمەت باوکی و کەسانی تر فێربووە .

شێخی ولیانی خاوەن یادگەیەکی زۆر بەهێز بووە و پێش هاوتەمەنەکانی خۆی کەوتووە لە تێگەیشتن لە زانستەکاندا ، لە ماوەیەکی کەمدا پلەیەکی بەرزی زانستی پێدرا کە کەسانی تر چەندین ساڵیان دەویست تا بەدەستی بهێنن ، دوای ئەوەی قوڵبووەوە لە هەموو زانستەکان ، ئیجازەی زانستی لەخزمەتی باوکیدا وەرگرت و بوو بە زانا ، بەڵام تەنها بە فێربوونی زانستە ڕووکەشیەکان نەوەستا و هەوڵی فێربوونی زانستە هزری و فەلسەفیەکانیشی دا ، بەمەش بە ئاڕاستەی زانستی تەصەوف ڕێی گرتە بەر بەبێ گوێدان بە مەترسی و قورسی ڕێگاکەی ، بەمەش توانی نەفسی خۆی خاوێن بکاتەوە و دوای ماوەیەک ئیجازەی هەردوو تەریقەتی (نوربەخشی) و (عەلەوی) لە باوکی وەرگرت ، کە تەریقەتی نوربەخشی تاکە تەریقەت بوو لای شێخەکانی بەرزنجە هەتا سەردەمی شێخ بابا ڕەسولی گەورە ، کە شێخ بابا ڕەسول کە لە ساڵی ٩٨٣ ی کۆچی لەدایکبووە دوای ئەوەی سلوکی تەواو کرد بەپێی تەریقەتی نوربەخشی ، تەریقەتی عەلەوی وەرگرت کە یەکێکە لە لقەکانی تەریقەتی خەڵوەتی لەسەر دەستی هەردوو شێخ نور الله و شکر الله ، ئیرشادی موریدەکانی کرد و لە سەردەمی شێخ بابا ڕەسولەوە هەتا سەردەمی شێخ محمدی نۆدێ هەردوو تەریقەتی نوربەخشی و عەلەوی بەربڵاو بوون لە کوردستان و عێراقدا هەروەها لە دیاربەکر و حەلەب

شێخی ولیانی هەردوو تەریقەتی نوربەخشی و عەلەوی وەرگرت لە باوکی و دەستی کرد بە گەڕان ، هەتا لە ناوچەی قەرەداغ جێگیر بوو و خەڵوەتی کرد کە ناوچەی (کەسنەزان) و ناوچەی (ولیان) کە تا ئێستاش شوێنی خەڵوەتەکان ماون و خەڵک زیارەتیان دەکات ، ئەو ماوەیەشی لەم دوو خەڵوەتە بەسەری بردووە لەنێوان حەوت بۆ هەشت ساڵ بووە بەپێی هەندێ سەرچاوە و خەڵکی متمانە پێکراو ، لەم ماوەیەشدا زۆر حەزی لە خەڵوەتەکە بوو و دەیویست ژیان دوور لە خەڵک بەسەر ببات و خۆی تەرخان بکات بۆ پەرستنی خودا ، بە بچوک سەیرکردنی ئەم دونیا فانیە و دەرپەڕاندنی ڕوحی پاکی لە کەلەپچەکانی لەش ، بەمەش شێخی ولیانی توانی هەموو پلەکانی زوهاد و صۆفیەکان ببڕێت ، ڕۆژ بەڕۆژ پلەی مەعنەویەکەی بەرزتر دەبوو

دوای ئەوەی ئەمری پێ کرا ئیرشاد بکا ، دەستی پێکرد و ڕووی کردە بەغداد ، لەوێ سەردانی شێخ ئەحمەدی ئەحسائی کرد و بەیعەتی پیدا و تەریقەتی قادری لەخزمەتی وەرگرت ، دوای ئەوەی چەند چلەیەک لە خەڵوەت مایەوە ، گەڕایەوە بۆ کوردستان و تەریقەتی قادری لەگەڵ خۆی هێنا کە لەو کاتەدا لە کوردستان ناسراو نەبوو ، شێخ مستەفای خۆشناوی ناسراو بە شامی بوو بە هاوەڵی و بەڕێکەوتن بۆ گوندی (قازانقایە) لە ناوچەی قەرەداغ ، لەوێ دوای تێپەڕاندنی قۆناغە ڕوحیەکان ئیجازەی وەرگرت و بوو بە یەکێک لە خەلیفەکانی شێخی ولیانی و ڕۆیشت بەرەو ناوەچەی (خۆشناو) و (کوی) خەڵکیش لێی کۆبونەوە و بوون بە مورید و تەریقەتیان وەرگرت پاشان چوو بۆ شام و لەوێ تەریقەتەکەی بڵاو کردەوە ، لەم کاتانەشدا شیخی ولیانی لە (قازانقایە) مایەوە و خەڵکێکی زۆر ڕوویان تێکرد و بەشێکی زۆر لە زانایانی کوردستان شوێنی کەوتن ، کەراماتەکانی لەناو خەڵکدا بەربڵاو بوو ، لەوانەش بۆنمونە : شێخ محێدینی کەرکوکی دەفەرموێت : چەندین کەرامەتم لێی دیوە بۆنمونە بەسەر ئاو ڕۆیشتن و بینی حەزرەتی خدری زیندە و سەرخستن و دورخستنەوەی بەرپرسەکان لە پلەکانیان بە دووعای ئەو ، هێنانی میوە کە هی ئەو وەرزە نەبێت

لە کوڕەکانی شێخی ولیانی : دەستکاری

١) شێخ ڕەزا ، کە یەکێکە لە ئەولیا گەورەکانی سەردەمی خۆی لە کوردستان و ناسراوە بە شێخ ڕەزای دێلێژە

٢) شێخ عبدالکریمی خاوێ

٣) شێخ مەحمودی کڵێسە

٤) شێخ ڕەسول

٥) شێخ عبدالرحمن

٦)شێخ مارفە کۆسەی کانی کەوە

٧) شێخ یەحیا ناسراو بە (کاک یەحیای دێوانە)

پیری ولیانی هەزاران مورید و خۆشەویستی هەیە ، چەندین خەلیفەی هەیە لەوانەش : شێخ ڕەزای دێلێژە ، شێخ موئمینی سازانی ، شێخ عبدالله عەبداڵانی ، شێخ عبدالغنی نابلسی ، دەرویش مصطفی خۆشناوی ، فەقی مچەی جاف م شێخ عەلی سوسێ ، شێخ عەلی دۆڵپەموو کە مامۆستای شێخ مارفی نۆدێ بوو و شێخ مارفی نۆدێ لە ڕێی شێخ عەلی دۆڵپەموو تەریقەتی قادری وەرگرتبوو

وەفاتی دەستکاری

دوای ماوەیەک سەفەری کرد بۆ ناوچەی بادینان بۆ ئیرشاد و زیارەتی موریدەکانی ، لەوێ نەخۆش کەوت و وەفاتی کرد ، پاشان لە گوندی ڕۆڤیا بەخاک سپێردرا لە ساڵی ١١٥٨ ی کۆچی

شێخ ئیسماعیلی ولیانی بوو بە باپیری هەریەکە لە ساداتی : قازان قایە ، کەسنەزانی ، خاوێ ، دێلێژە ، کانی کەوە ، گۆپتەپە ، قەرەچیوار ، هەشەزینی ، کانی خاکی، کانی چنار،

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. عبد الکریم المدرس – علماءنا فی خدمة العلم والدین – لا ٩٥ – ٩٦.
  2. محمد الخال – الشیخ معروف النودھی – لا ٨٧.
  3. حسین القاضی – سراج السالکین – لا ١٠ – ١٢.
  4. كتێبی "كه‌سایه‌تیه‌ مه‌زنه‌كانی نێو دونیای ته‌سه‌وف / له‌ نوسینی :- یاد نورسی"
  5. مەلا عبد الكريم المدرس – علماء في خدمة العلم والدين
  6. بابە شیخ مەردۆخی ڕۆحانی - مێژووی ناودارانی کورد
  7. مەلا طاهر مەلا عبدالله بەحرکەیی - مێژووی زانایانی کورد
  8. مەلا عبدالکریمی مودەریس - بنەماڵەی زانیاران