ئامراز (أداة) یا گرێدەر (connective)، لە لۆژیکدا، وشە یا کۆمەڵێ وشەیە کە دوو قەزیە یا زیاتر پێکەوە گرێ دەدا و قەزیەیەکی نوێیان لێ دروست دەکا. ئەوانەی لە ھەموو باوترن «بەڵام»ە و، «یا» و «و» و «ئەگەر ... ئینجا» و «ئەگەر و تەنیا ئەگەر». ئەم گرێدەرانە، نەگۆڕی لۆژیکین، یانی مانایان بە پێی ڕاڤە ناگۆڕدرێ و پاوەجێ دەمێنێ.[١]

جۆرەکان

دەستکاری

ئەو ئامرازانەی زیاتر برەویان ھەیە ئەمانەی خوارەوەن:

  • نەرێ (negation) یا نا: ڕستە نەرێنی دەکاتەوە، بۆ وێنە، ڕستەی «باران دەبارێ» دەکا بە «باران نابارێ»
  • ھاوجووتی (conjunction) یا و: دوو ڕستە جووت دەکا پێکەوە، بە چەشنێ کە ڕستەی گرێدراوی بەدەستھاتوو تەنیا ئەو کاتە ڕاستە کە ھەر دوو ڕستە جووتبووەکە ڕاست بن. بۆ وێنە، باران دەبارێ و من لە ماڵەوەم.
  • لێکجیایی (disjunction) یا یا: دوو ڕستە لە یەکتر دوور دەکاتەوە و جیایی دەخاتە نێوانیان، بە چەشنێ کە ڕستەی گرێدراوی بەدەستھاتوو ئەو کاتە ڕاستە کە لانی کەم یەکێ لەو دوو ڕستە لێکجیاوەبووە ڕاست بێ. بۆ وێنە، باران دەبارێ یا من لە ماڵەوەم.
  • تێوەپێچراوی (implication) یا ئەگەر ... ئەوسا: ئەوە دەگەیەنێ کە ڕستەیەک ڕستەیەکی تری لە خۆ گرتووە، یا ڕستەی دووەم لە نێو ڕستەی دووەمدا پێچراوە و بە شوێنیدا دێ. بۆ وێنە، ئەگەر باران ببارێ ئەوسا من لە ماڵەوە دەبم.
  • لێکپێچراوی (biimplication) یا ئەگەر و تەنیا ئەگەر: ئەوە دەگەیەنێ کە دوو ڕستە یەکتریان لە خۆ گرتووە و ھەر کامەیان لەوی تردا پێچراوە. بۆ وێنە، من لە ماڵەوەم ئەگەر و تەنیا ئەگەر باران ببارێ.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «Connective | Truth Tables, Propositions & Arguments | Britannica». www.britannica.com (بە ئینگلیزی). لە 2024-12-13 ھێنراوە.