کەریم محەمەد :(١٩٢٤) نووسەر ، چالاكی سیاسی ، سکرتێر و کارگێڕی (یەکێتیی نووسەرانی کورد) و سکرتێر و ئەندامی (یەکێتیی مامۆستایان)یش بووە ، لە نەتەوەی كورد بووە.

کەریم محەمەد

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

کەریم کوڕی محەمەدساڵح کوڕی حاجی سەلیم کوڕی ئەمین ئاغای چنگنییە و بە "کەریم زەند" ناسراوە و لە (چنگیانشارباژێڕەوە ھاتوون. ١٩٢٤ لە گەڕەکی مەڵکەندیی شاری سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. خوێندنی دینیی حوجرە و سەرەتایی و ناوەندیی لە سلێمانی بووە. پاشان چووەتە خانەی مامۆستایان لە (ئەعزەمییەبەغدا و ١٩٤٤ تەواوی کردووە. ساڵێک بووەتە مامۆستا لە قوتابخانەی فەیسەڵییەی سلێمانی. دیسان چووەتەوە بۆ بەغدا و بەشی ئینگلیزیی خانەی بەرزی مامۆستایانی خوێندووە. دەورانی حکوومەتی میللیی کوردستان لە مەھاباد، چووەتە مەھاباد و لەوێ بووەتە مامۆستای قوتابخانەی گەلاوێژ. پاش شکستی حکوومەتەکە، ڕووی کردووەتە ڕووسیا.[١]

چالاكی سیاسی دەستکاری

کە ھاتووەتەوە، گیراوە و دوو ساڵ لە بەندیخانەی (ئەبووغرێب) زیندانی کراوە. پاشتر شەش ساڵێکی بە دوورخراوەیی و دەست بەسەری لە لیوای (ناسرییە) و تێکڕا سیازدە ساڵێکیشی بە ئاوارەیی گوزەراندووە. ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە. کەریم زەند، ئەندامی کۆمەڵی (برایەتی) و حیزبی (ھیوا) بووە و نەخشی لە (ژ. ک)، (کاژیک) و (پارتی دیموکراتی کوردستان)دا ھەبووە. پازدە ساڵ مامۆستا و کارگێڕی ڕاھێنانی مامۆستایان و سەرپەرشتی ھەڵمەتی نەھێشتنی نەخوێندەواری بووە.[١]

یەکێتیی نووسەرانی کورد دەستکاری

ئەندام و سکرتێر و کارگێڕی (یەکێتیی نووسەرانی کورد) و سکرتێر و ئەندامی (یەکێتیی مامۆستایان)یش بووە. ئەندامی دەستەی نووسینی گۆڤاری "ڕۆژی نوێ" و پازدە ساڵیش جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی بووە.[١]

بەرهەمەكانی دەستکاری

ژمارەیەکی زۆر وتاری لە (ژین، ڕۆژی نوێ، دەنگی مامۆستا، کاروان)دا نووسیوە.[١]

ئەم بڵاوکراوانەیشی ھەن:[١]

  1. حركة كردستان وأذربيجان التحررية، بغداد، ١٩٥٩
  2. سەرنجێک لە ئابووری ڕامیاری، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، ١٩٥٩
  3. مێژووی نەژاد و پەیوەستەگی کورد، ١٩٦٩ (بە ھاوبەشی لەگەڵ قانع)
  4. جوگرافیای کوردستان بە کورتی، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، ١٩٥٩
  5. میللەتی کورد، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، ١٩٧٠
  6. ئایین و باوەڕ لە کوردستانا، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، ١٩٧٠
  7. ئینجیل- مزگێنی- پەیمانی نوێ، چاپخانەی ڕاپەڕین- سلێمانی، ١٩٧٢ (لەگەڵ قەشە یووسف پەری)
  8. زمانی کوردی و ھونەری وەرگێڕان، چاپخانەی کامەرانی- سلێمانی، ١٩٧٧
  9. کورتەجوگرافیای کوردستان، سلێمانی، ٢٠٠٠
  10. جوگرافیای کوردستان، چاپخانەی خاک- سلێمانی، ٢٠٠١؛ ض٢، چاپخانەی شڤان- سلێمانی، ٢٠٠٥
  11. تۆماری تەمەن (١): گەشت، چاپخانەی ڕوون- سلێمانی، ٢٠٠٤
  12. تۆماری تەمەن (٢): کوردستانی پەرتکراو- الكوردستان المجزأة، چاپخانە و ئۆفسێتی پرژە- سلێمانی، ١٩٩٢
  13. تۆماری تەمەن- ئەرشیف (٣): خەرمان- شارا، چاپەمەنیی ئەزمڕ- سلێمانی، ٢٠٠٣
  14. تۆماری تەمەن (٤): سووڕی ژیان، چاپەمەنیی ژیر- سلێمانی، ٢٠٠٣
  15. تۆماری تەمەن (٥)، چاپەمەنیی ڕوون- سلێمانی، ٢٠٠٥
  16. تۆماری تەمەن (٦): پەیک، چاپەمەنیی ئەزمڕ- سلێمانی، ٢٠٠٦
  17. تۆماری تەمەن (٧): ئاینستان، چاپەمەنیی ئەزمڕ- سلێمانی، ٢٠٠٦
  18. تۆماری تەمەن (٨)، چاپەمەنیی ئەزمڕ- سلێمانی، ٢٠٠٨

سەرچاوەكان دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8164-8166