پێویستی (فەلسەفە)

(لە پێویستیی لۆژیکیەوە ڕەوانە کراوە)

پێویستی، لە لقە جیاجیاکانی فەلسەفە، بە تایبەت لە لۆژیک و میتافیزیکدا، کاتێ بە کار دەڕوا کە لە وتە و قەزیە لۆژیکییەکاندا پەیوەندییەکی پتەو دانراو و ھەڵگیراوی پێک بەستبێتەوە، بە چەشنێک کە نەکرێ ھەڵگیراو لە دانراو جیا بێتەوە یا لێی داببڕێ.[١] قەزیەیەکی ڕاست کە بۆی نەلوێ یا نەتوانێ درۆ بێ، یا قەزیەیەکی درۆ کە بۆی نەلوێ یا نەتوانێ ڕاست بێ، قەزیەیەکی پێویستە. بۆ وێنە، «ھەموو ژنەکان مرۆڤن» پێویستە، چونکە «ژن» بێگومان «مرۆڤ» -ە و، «مرۆڤ» لە «ژن» شیاوی دابڕان نییە. ھەروەھا، «ئێستاکە باران یا دەبارێ یا نابارێ» -ش ناتوانێ ھەڵە بێ و، بە ھیچ شێوەیەک بۆی دەست نادا و ناگونجێ بە درۆ دەرچێ، بۆیە، پێویست بە ئەژمار دێ، یا دەکرێ بڵێین خاوەن تایبەتمەندیی پێویستییە.[٢] ئەرەستوو لە کتێبی میتافیزیکدا ئاوا پێویستی دەناسێنێ: «ھەروەھا بەوەی کە ناتوانێ بە چەشنێکی تر بێ، دەڵێین پێویستە کە بەم چەشنە بێ.»[٣] لە جێگایەکی تری ھەمان کتێبدا دیسان دەڵێ: «لەبەر ئەوەی کە «بەپێویست وایە» بە مانای ئەوەیە کە: ڕێی تێ ناچێ وا نەبێ.»[٤]

لە بەرامبەرا، قەزیەی ڕێتێچوو یا لواو قەزیەیەکە کە ھەمیشە ڕاست نییە، لە ھەندێ ھەلومەرجا ڕاستە و لە ھەندێ ھەلومەرجا ھەڵەیە. وەکوو قەزیەی «فەڕەنسا دیموکراسییە».[٢]

پێویستی خۆی چەند جۆرە. پێویستیی لۆژیکی ئەو پێویستییەیە کە یاساکانی لۆژیک دەستەبەری دەکا. وەکوو ئەو دوو قەزیەیەی سەرەوە کە پێشتر ئاماژەیان پێ کرا: ھەموو ژنەکان مرۆڤن و، ئێستا باران یا دەبارێ یا نابارێ. بە پێی ڕوانگەیەکی کۆن، قەزیەگەلی پێویست تێکڕا شیتەڵ و پێش-ئەزموونین. ھەندێ لە فەیلەسووفان باوەڕمەند بە جۆرێکی تر لە پێویستین کە پێویستیی میتافیزیکی -ی پێ دەوترێ. بۆ وێنە، قەزیەی «ئاو H2Oیە» نە شیتەڵە و نە پێش-ئەزموونی، بەڵام پێویستە.[٢] ئەوەی بە دوای ئەم بۆچوونەوە دێ، باوەڕ بە زات -ە.[٥]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "ضرورت | دانشنامە پژوھە پژوھشکدە باقرالعلوم". pajoohe.ir. Retrieved 2024-04-28.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ ئ ا ب "Necessity | Rationality, Choice & Constraint | Britannica". www.britannica.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2024-04-28.
  3. ^ V.5, 1015a 35
  4. ^ IV.4, 1006b 31
  5. ^ "مفھوم شناسی ضرورت از منظر کریپکی و علامە طباطبایی". پرتال جامع علوم انسانی (بە فارسی). Retrieved 2024-04-28. این تحلیل کریپکی درباب اوصاف ضروری اشیا، بە استنتاج نظریە ذاتگرایی منجر میشود.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)