پێناسە دەقێکە کە واتای زاراوەیەک (وشەیەک، دەستەوشەیەک یان ھەر کۆمەڵەیەکی تر لە ھێماکان) یان ھەر شتێکی تر ڕاڤە دەکا. بەو زاراوەیەی کە پێناسە دەکرێ دەوترێ ناسێنراو. لەوانەیە زاراوەیەک گەلەک ڕاستێنە یان واتای جیاوازی ھەبێ. ھەر کام لە ڕاستێنەکان لەلایەن کۆمەڵە وشەیەکەوە دەناسێندرێن کە بەو کۆمەڵە وشەیە دەوترێ ناسێنەر.

کێشەی سەرەکی لە دەرھێنان و پێشکەشکردنی پێناسە پێویستیی بەکاربردنی زاراوەگەلێکە کە پێشتر واتایان زانراوە یان ئەوەی کە پێناسەیان بەئاسانی دەست دەکەوێ. لەوانەیە نیشاندانی بەکارچوونی زاراوەکە لە نموونەیەکی دیاریکراوی سادەدا بەس بێ. لە بەرامبەردا، پێناسەی پەیڤی (ئەو پێناسەیەی لە فەرھەنگەکاندا بۆ زاراوەکە دانراوە؛ واتای زاراوەکە لە بەکارچوونی ئاساییدا) وردەکاریی زۆرتری گرتووەتە خۆ، بۆ نموونە سەبارەت بەوە کە زاراوەکە لە بنەڕەتدا ھیی چ زمانێکە یان ئەوەی کە لە ڕۆژگارانی پێشوودا خاوەنی چ واتاگەلێکی دی بووە.

گرنگایەتیی پێناسە[١] دەستکاری

لە گشت زانستەکان و بوارەکاندا گرنگایەتییەکی زۆر بە پێناسە دەدرێ. بیرکاری و ھەروەھا ئەندازەش بە کۆمەڵێک پێناسەوە دەست پێ دەکەن. لە زانستە ئەزموونییەکانیشدا پێناسەکان جێی خۆیانیان ھەیە و زۆر گرنگن. بۆ نموونە، پێناسەکانی کانزا، ترش، ئاژەڵ، و ھتد؛ و ھەروەھا لە لقە جۆراوجۆرەکانی فەلسەفەشدا پێویستە زاراوەکان بەوردی پێناسە بکرێن. چونکە گەر وا نەکرێ لەوانەیە خوێنەر یان بیسەر لێی تێک بچێ و تووشی ھەڵە بێ. بۆ نموونە، گەلەک زاراوە ھەن لە ئەخلاقدا، وەک ویژدان، بەختەوەری، ئێرەیی، ئاواتەخوازی، چاکە، خراپە، دەسپێوەگری، بەرچاوتەنگی و ھتد. ئەگەر بۆ ھەر زاراوە پێناسەیەک پێشکەشی خوێنەر یان بیسەر نەکرێ لەوانەیە نەتوانێ دەسپێوەگری و بەرچاوتەنگی لێک جیا کاتەوە و واتایان بۆی ڕوون نەبێ.

کەوایە، ئەوە تەنیا پێناسەیە کە دەتوانێ وشەکان لە یەکتر جیا بکا و سنووریان دیاری بکا. چ زۆر ھەبووە دوو کەس بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر شتێک باس بکەن و قسە بە شەر بدەن تەنھا لەبەر ئەوەی کە ئەو شتە بۆ ھەر کامەیان واتایەکی جیاوازی بووە. ئەگەر سەرەتا ئەو شتەیان پێناسە بکردایە و مەبەستی خۆیانیان ڕوون بکردایە بێگومان ناکۆکییەکەش پێش نەدەھات.

مەرجەکانی پێناسکردن[٢] دەستکاری

ئامانج لە پێناسکردنی شتێک ئەوەیە کە بتوانرێ ئەو شتە لە شتانی دیکە بناسرێتەوە و جیا بکرێتەوە. بۆ ئەوەی کە پێناسە دروست و تەواو بێ، دەبێ ھەندێک مەرج لە بەرچاو بگیردرێن کە بریتین لە:

  1. ناسێنەر نابێ گشتیتر لە ناسێنراو بێ. چونکە ئەگەر وا نەبێ ناسێنەر جگە لە ناسێنراو ئاماژە بە شتگەلی دیکەش دەدا. بۆ نموونە ناکرێ بڵێین مرۆڤ گیاندارێکە لەسەر دوو پێ دەڕوا بە ڕێگە، چونکە ئەم پێناسەیە بۆ زۆر گیانداری تریش دەگونجێ.
  2. ناسێنەر نابێ تایبەتیتر لە ناسێنراو بێ. چونکە ئەگەر وا نەبێ ھەموو نموونەکانی ناسێنراو ناگرێتە خۆ. بۆ نموونە ناکرێ مرۆڤ ئاوەھا پێناسە بکەین: مرۆڤ بوونەوەرێکە خودا دەپەرستێ؛ چونکە زۆر کەس ھەن خوداپەرست نین.
  3. ناسێنەر و ناسێنراو نابێ ناتەبا بن. بۆ نموونە نابێ بڵێین بازنە شێوەیەکە لە چوار ڕاستەھێڵ پێکھاتووە.
  4. ناسێنەر دەبێ لە ناسێنراو ناسراوتر بێ. چونکە ئەگەر وا نەبێ پێناسە ئامانجی خۆی (= ڕاڤەکردنی ناسێنراو) نەپێکاوە.
  5. ناسێنەر نابێ کوتومت ناسێنراو بێ. بۆ نموونە نابێ لە پێناسەی مرۆڤدا بوترێ مرۆڤ ئینسانە.
  6. پێناسە نابێ تووشی خولانەوەمان بکا. واتە نابێ پێناسکردنی ناسێنەر پێویستی بە ھێنانی ناسێنراو بێ.
  7. لە دەقی پێناسەدا دەبێ زاراوەی گشتیتر پێش زاراوەی تایبەتیتر بێ. چونکە گشت لە تایبەت ناسراوترە و ھەروەھا گشت لە تایبەتدا ھەیە. ئەگەر تایبەت بکەوێتە پێش گشتەوە ئەوە دووپاتبوونەوەیە.
  8. لە دەقی پێناسەدا وشەکان دەبێ ڕوون و بەبێ ھیچ چەشنە لێڵییەک بن.

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری