نژیاروانی یان تەلارسازی (بە ئینگلیزی: Architecture) بریتییە لە ھونەر و زانستی شێوەکاری و سازکردن. بەرھەمەکانی نژیاروانی، لە قاڵبی کەرەستەکانی بینایی، زۆرتر بە ناوی ھێماکانی کەلتووری و سیاسی و بە ناوی بەرھەمەکانی ھونەری ھەست دەکردرێن. شارستانییە ناسراوەکان زۆرجار بە دەسکەوتەکانی نژیاروانی کە لێیان بە میرات دەمێنێتەوە، دەناسرێن.

کینکاکوو-جی نموونەیەکە لە نژیاروانیی ئاسیایی لە وڵاتی ژاپۆندا
تاج مەحەل نموونەیەکە لە نژیاروانیی ھیندی-ئیسلامی لە وڵاتی ھیندستاندا
باوھاوس نموونەیەکە لە نژیاروانیی نوێ لە وڵاتی ئاڵمانیادا

نژیاروانی زۆرترین پەیوەندیی لەگەڵ ئەندازیاریی شارستانیدا ھەیە و بۆ دروستکردنی پێکھاتەیەکی چاک پێویستە ئەندازیارانی نژیاروانی و ئەندازیارانی شارستانی ئەوپەڕی ھاوکاری و تێگەشتنیان لە یەکتر بێت. ھەر کۆمەڵ یان سەردەمێک نژیاروانی تایبەتی خۆی ھەیە کە نیشاندەری چاند، ئایین و باوەکانی ئەو کۆمەڵە یان سەردەمەیە.

مێژوو دەستکاری

کۆنترین نووسراو کە مابێتەوە لەسەر بواری نژیاروانی بە ناوی «دی ئارخیتێکتورا»یە کە لە لایەن نژیاروانی ڕۆمانی ڤیتروڤیۆسەوە نووسراوە. ڤیتروڤیۆس دەنووسێت کە تەلاری باش دەبێت ٣ تایبەتمەندی تێدا بێت کە ئەوانیش:

  1. بەرگەگرتن و مانەوەی تەلارەکە بۆ ماوەیەکی درێژ لە دۆخێکی باش دا.
  2. تەلارەکە دەبێت گونجاو بێت بۆ ئەو ئامانجەی کە دروست کراوە.
  3. شێوە و ڕووکەشی جوان بێت.

مەبەستەکانی تەلار دروست کردن لە سەرەتاوە بەند بووە بە:

  1. پێویستی (پەناگە بۆ ژیان، ئاسایش، پەرستگای دینی)
  2. ئەو کەرەستانەی لە بەردەست بوون و ئەو توانا و کارزانیەی مرۆڤەکان.

پەرەسەندنی نژیاروانی لەڕێگەی تاقیکردنەوە و شکست ھێناوەوە بووە و بەرە بەرە ھەڵەکان کەمتر کراوەتەوە تاکوو قۆناغەکانی سەرکەوتن. مرۆڤ سەرەتا لە گوند و دێھاتەکان نیشتەجێ بوون بەڵام دواتر بەھۆی گەشەکردنی مرۆیی و ئابووری، خەڵک ڕووی کردۆتە دروستکردنی شار و شارۆچکە و لە کۆنترین شارۆچکەکان کە دروستکراون لە باشووری ئاناتۆلیا (تورکیا) و دۆڵی ئیندۆس لە وڵاتی پاکستان لە ساڵەکانی ٨٠٠٠ پێش زایین وە ھەروەھا پاشان لە نزیک وڵاتانی ئوکراینا و ڕۆمانیا و سکۆتلەندا لە نێوان ساڵەکانی ٥٤٠٠-٣٥٠٠ پێش زایین.

جۆرە ناسراوەکانی نژیاروانی دەستکاری

نژیاروانی شارستانییەتی کۆن دەستکاری

لە زۆربەی شارستانیەتە کۆنەکان (وەک میسر و میسۆپۆتامیا)، نژیاروانی جۆرێک لە ڕەنگدانەوە و پیشاندانی ئەو توانا و دەسەڵاتە سیاسییەی ڕابەر و سەرکردەکان بووە یاخوود دەوڵەتەکە بە شێوەیەکی گشتی تر، بەڵام لە شارستانییەتە کلاسیکیەکان (وەک یۆنانی و ڕۆمانی) ئاڕاستەیەکی تری ھەڵبژارد و لەبری بوون بە سیمبوڵی سەرکردەکان یان خزمەتکردنی ئامانجی ئایینی، بەھای شارستانیەتی و مەدەنییەت کاری تێ کردبوو کە شێوازی نوێی نژیاروانی لە خۆ بگرێت. نژیاروانی ڕۆمانی ئیلھامی لە نژیاروانی یۆنانییەوە وەرگرتووە و تەنانەت کەرەستەکانیشیان لەگەڵ کەرەستەی یۆنانییەکان تێکەڵ کردووە.

نووسین لەسەر تەلار و بیناکان لە سەردەمانی کۆنەوە بوونی ھەیە. شێوازی جۆراوجۆر ھەڵبژێردراون بۆ دەربڕین لە ڕێگەی نووسینەوە. زۆربەی نووسراوەکان بریتین لە نووسراوی ئایینی، ئامۆژگاری، یان بڕگە و خاڵەکانی ئەو یاسایانەی کە ئەو کاتە دانراون.

نژیاروانی ئاسیایی دەستکاری

شارستانیەتەکانی ھیندستان و چین و سری لانکا و نیپاڵ، کە کۆنترینن لە کیشوەری ئاسیا، بە شێوازی جیا جیا پەرەیان سەند بە بواری نژیاروانی و بەپێی ئایین و کلتووری تایبەت بە خۆیان پەرستگا و خانوویان دروستکردووە. بۆ نموونە، ئایینی بوودیزم و ئایینی ھیندوویزم بە شێوەی جیاواز کاریان کردۆتە سەر وڵاتانی چین و ھیندستان و تەلارەکانیان واتای تایبەتییان ھەیە. نژیاروانی لە ھیندستان لە ساڵانی ٣٠٠ پێش زایین گەشەی کردووە و تەلارەکانیان بە جۆرێک دروست کراوە کە خزمەت بگەیەنێت بە دیمەنە سرووشتییەکەی کە لە دەور و بەرییەتی.

نژیاروانی ئیسلامی دەستکاری

بە ھۆی بەردەوام گەشەکردنی جوگرافیای خەلافەتی ئیسلامییەوە، نژیاروانی ئیسلامی گەیشتووەتە ئەو وڵاتانەی کە تەنانەت لە ھەمان کیشوەر نین (وەک وڵاتانی ھیندستان و ئیسپانیا و وڵاتە عەرەبیەکانی باکووری ئەفریقا). تایبەتمەندییەکانی نژیاروانی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ وردەکاری زانستی و ماتماتیکی وە ھەروەھا ئەو مەبەستە جیاواز و زۆرانەی کە خزمەتی پێگەیاندووە (وەک ماڵ، دیوانی تایبەت، مزگەوت، خەندەق، ژێرزەمین، کۆشکی جیا جیا، خانەقا، خوێندنگە، مۆزەخانە، نانەواخانە، خەستەخانە). لە سەرنجڕاکێشترین تەلارە ئیسلامییەکان: مزگەوتی شا (ناسراوە بە مزگەوتی ئیمامی عەباسی نوێ) لە ئێران، کۆشکی ئەلحەمڕا (کۆشکی سوور) لە شاری گرانادای وڵاتی ئیسپانیا، تاج محەل لە ھیندستان (یەکێک لە ٧ سەمەرەکانی جیھان).

نژیاروانی چاخەکانی ناوەڕاست دەستکاری

لە ئەورووپا بازرگانی کردن بە کەرەستەکانی نژیاروانی دەستیپێکرد و بە پێی بەڵگەنامە و بەڵێننامەکان کە ماونەتەوە، کارساز و بازرگانەکان جۆرێک لە ئەنجومەنیان ڕاگەیاندووە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئاڵوگۆڕی کەرەستەکان. ھەر لە ئەورووپا کڵێسا و کەنیسەی مەسیحی دروست کراوە و بە نەخشە و شێوە ئیلھامی لە نژیاروانی ڕۆمانی و گۆتی (ئەڵمانی کۆن) وەرگرتووە. مەبەستێکی تری نژیاروانی کە لەم سەردەمەدا بایەخی پێدراوە ئاسایش بووە و ئەمەش بە ھۆی جەنگی جۆراوجۆر کە لە نێوان وڵاتان ڕوویداوە، ھەر بۆیە لە سەرجەم بەشەکانی کیشوەری ئەورووپا (لە وڵاتانی بالکان تاکو ئیسپانیا و ھەروەھا لە ماڵتاوە تا ئەستۆنیا) قەڵای سەربازی دروست کران و دواتر بوون بە سیمبوڵ و کەلەپووری ئەو کیشوەرە. بەرەو کۆتاییەکانی ئەم سەردەمە، نژیاروانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی گەشەی سەند و لە ئاناتۆلیا و ڕێگەی وڵاتانی بالکان گەشتە ئەورووپا. لەمڕۆدا، لە دەرەوەی سنوری وڵاتی تورکیا، نژیاروانی عوسمانی کەمتر ماوە و تەنھا لە بەشە موسوڵمانەکانی وڵاتانی وەک بۆسنە و ھەرسک و بولگاریا و مەقدۆنیا و سربیا بەدی دەکرێت.

سەرچاوەکان دەستکاری