میکانیکی کلاسیک

(لە میکانیکی کلاسیکیەوە ڕەوانە کراوە)

لەناو بابەتە فیزیکییەکاندا، میکانیکی کلاسیکی یەکێکە لە دوو ژێربابەتی سەرەکی بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوە لە زانستی میکانیکدا. ژێربابەتەکەی تر پێی دەوترێت میکانیکی کوانتەم. میکانیکی کلاسیکی سەروکاری ھەیە لەگەڵ کۆمەڵێک یاسای فیزیکیدا کە خەریکی بەڕێوەبردنی ڕووداوەکانی سروشتن و بە کەڵک وەرگرتن لە زانستی بیرکاری، جووڵەی تەنەکان ڕاڤە دەکەن. میکانیکی کلاسیکی یەکێک لە کۆنترین و بەربڵاوترین مژارەکانە لە زانست، ئەندازیاری و پیشەزانیدا.

دیاگرامی جووڵەی خولگەی مانگی دەستکردێک بە دەوری زەویدا، کە ڤێکتەرەکانی خێرایی ڕاست و خێرایی (ھێز) نیشان دەدات، کە لە ڕێگەی لێکدانەوەی کلاسیکییەوە نیشان دەدرێت.

میکانیکی کلاسیکی لە سێ یاسای بنچینەیی پێکھاتووە کە بە یاساکانی نیوتن دەناسرێن، وە بۆ ڕاڤەی جووڵەی شتە ماکرۆسکۆپییەکان (شتگەلێک کە بە چاوی پەتی دەبینرێن، وەکوو پاژەکانی پێکھێنەری ئامێرە میکانیکییەکان) و ھەروەھا تەنە ئاسمانییەکان وەکوو ھەسارەکان و ئەستێرەکان زۆر بەسوودە و لەم بوارانەدا وەڵامی زۆر ڕیکوپێک و وردبینانە بە پرسیارەکان دەداتەوە.

زاراوەی میکانیکی کلاسیکی یەکەمجار لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا و بۆ ئاماژەکردن بە ئەو فیزیکەی کە لە لایەن ئیساک نیوتن و زۆرێک لە فەیلەسووفە سروشتییەکانی سەدەی حەڤدەھەمەوە بنەڕەتی دانرا، ھێنرایە کایەوە.

زۆربەی جارەکان بە قۆناغی سەرەتایی لە پەرەگرتنی میکانیکی کلاسیکیدا، کە پەیوەندی بە چەمکە فیزیکییە بەکارھێنراوەکان و پێڕەوە بیرکارییە داھێنراوەکان لەلایەن ئیسحاق نیووتن و ھەروەھا لایبنیتز و کەسانی ترەوە ھەیە، دەوترێ میکانیکی نیوتنی. پێڕەوگەلی دەرھەستتر و گشتیتر میکانیکی لاگرانژی و میکانیکی ھامیلتۆنی لەخۆدەگرن. زۆربەی ناوەرۆکی میکانیکی کلاسیکی لە سەدەکانی ١٨ھەم و ١٩ھەمدا بەدیھاتووە و بە چەشنێکی بەرچاو ھەر پەرە بە کارەکەی نیووتن (بەتایبەتی سوودوەرگرتنی نیوتن لە بیرکاریی شیکارانە) دەدا.

سەرچاوەکان دەستکاری


بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری