ئیزیرتوو

(لە قەڵایچیەوە ڕەوانە کراوە)

ئیزیرتوو یان قەڵایچی گرینگترین شوێنەوارێکی مێژووییە کە شوێنەوارناسانی ئێرانی و بیانی ئاماژەی پێدەکەن و وەک پێتەختی ماناکان ناساندویانە. ئیزیرتوویە ھەڵکەوتوو لە ٨ کیلۆمەتری باکوری رۆژھەڵاتی بۆکانەوە.

قەڵایچی یان ئیزیرتوو لە پەنای گوندێکە ھەر بەو ناوە. لەم گردەدا سەردەما کۆنەکانی چاخی دووی ئاسن (١٢٠٠ تا ٨٥٠ی پێش زایین) و چاخی سێ ی ئاسن (٨٥٠ تا ٥٥٠ ی بەر لە زایین) ی لێ بیندراوە. قۆناغێکی مێژوویی و سێ دەورە بینا سازی و ھەروەھا دەیان خشتی نەخشێندراو بە ئاژەڵە ئەفسانەییەکان دۆزراونەتەوە کە لە لایەن تاڵنچی و قاچاخچییەکانەوە ساتوسەودایان پێکراوە کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە ٣٠٠ دانە لەو خشتە نەخشێندراوانە کە ئێستاکە لە مۆزەخانەی تۆکیۆی ژاپۆن پارێزراون. لە گرینگترین شوێنەوارە دۆزراوەکانی ئەم گردەن. وەفدی شوێنەوار ناسی گردی قەڵایچی ئاماژەیان بەوە کردوە کە بە ھۆی جۆری میعماریی ئەو سەردەم و کەڵک وەرگرتن لە لەتە خشت و چارەگە خشت ئەوە دەردەکەوێ کە شارستانیەتیێکی کۆن و گرینگ لە نێو ماناکاندا ھەبووە، ھەروەھا دۆزرانەوەی بەردنووسێک بە خەتی ئارامی کە ١٣ رستەی لێنوسراوە ژمارەیەکی بەرچاو لە خشتی نەخشێندراو بە ئاژەڵە ئەفسانەییەکان ھەموویان ئاماژەیان بە شاری ئیزیرتوو واتە پێتەختی ئەفسانەیی ماناکان کردووە.

تا بە ئێستا کە ٩ دەورەی گەڕان و پشکنین لە لایان شوێنەوارناسانەوە ئەنجام دراوە قوربانگەی سەرکی و ھەروەھا کارخانەی خشتەکانی شاری ئیزیرتوو لە قەراخ شاری بۆکان دۆزراوەتەوە.

مانگی پووشپەڕی 2024، گورووپێکی شوێنەوارناس، سەر بە مووزەی نەتەوەیی ئێران، بە چاوەدێریی دوکتور یووسف حەسەن‌زادە (شوێنەوارناسی کورد)، بۆ جاری یەکەم قەبرستانی قەڵایچی‌یان خستە ژێر کۆڵینەوە. ئەو کۆڵینەوەیە بەنیازی سەر دەرێنان لە وڵامی ئەو پرسیارە سەری گرت کە ئاخۆ سازکەران و بنیاتنەرانی ژیوەری قەڵایچی خەڵکانی لاوە بوون و هاتوونەتە وێندەرێ، یان هەر لە کۆنەوە نیشتەجێی ئەو ناوچەیە بوون.[١]

لە دەوروبەری قەڵایچی چەند قەڵایەکی سەربازی لە گوندەکانی وەک ئەربەنوس و ساروقامیش و ئاغجێوان کە بۆ پارێزگاری کردن لە پێتەختی دەوڵەت شارەکەیان دەیانمەزراندووە. ھەروەھا بە دۆزرانەوەی پێتەختی ماناکان لە قەڵایچی بۆکان شوێنەوارناسان لە ساڵی ١٩٨٨ دا رایانگەیاند کە ھیگمەتانە واتە پێتەختی مادەکان لە ھەمەدان نییە و بە پێی دوایین لێکۆڵینەوەی ئیحسان یەغمایی، شوێنەوارناسی ناسراوی فارس کە بۆ جارێکی دیکە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە وتوێژێکی رەسمیدا داکۆکی لەسەر دەکرد، ئەوە راگەیەندرا کە ھێگمەتانە قەڵایچی بۆکانە و ئەگر ئەم وتەیە بسەلمێندرێ دەبێ مێژووی ئێران کە بنچینەکەی لە سەر ھیگمەتانە دامەزراوە سەرلە نوێ بنوسرێتەوە.

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ 2169 (2024-07-08). "فیلم | تداوم کاوش ها در قبرستان تاریخی قلایچی بوکان". ایرنا (بە فارسی). Retrieved 2024-07-10.{{cite web}}: CS1 maint: numeric names: پێرستی نووسەران (link)

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری