مەمەند ئاغا کوڕی ڕەسووڵ ئاغا ناسراو بە مەمەند ئاغای قایمەقام نازناوی شیعریی (فانی)یە. شاعیرێکی کوردی سەدەی بیستەم بوو. لە تیرەی (میراودەلی)یە، لە ساڵی ١٩١٠ لە گوندی مەرگەی سەر بە سلێمانی لەدایکبووە. لە ٣ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٣ ھەر لەو گوندە کۆچی دوایی کردووە. شەش کوڕی لە پاش بەجێماوە، ئەوانیش بە ناوەکانی: (سەلیم، محەممەد، ئەنوەر، کەمال، فەرەیدوون و پشتیوان).

فانی
Fanî

لەدایکبوون١٩١٠
مەرگ٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٣
مەرگە
نەتەوەکورد
پیشەئاغا، شاعیر

ژیان دەستکاری

ماوەیەکی کەم لە حوجرە خوێندوویەتی، تا فێری خوێندنەوە و نووسین بووە، ئینجا بەھەوڵ و کۆششی خۆی فێری زمانی فارسی بووە، وەک ڕۆشنبیرێکی تەواو خۆی پێگەیاندووە. لە ساڵی ١٩٥٧ەوە تا ساڵی ١٩٦٤ بە سەرۆکی شارەوانی مەرگە ھەڵبژێردراوە.

لە ساڵی ١٩٤١ لە مەرگە ڕێکخراوێکی دامەزراندووە بەناوی «قۆمیتە» واتە کۆمیتە بۆ ڕێکخستن و سەرپەرشتی ھەندێ لە کاری کۆمەڵایەتی. ئەو کۆمیتەیە نزیکەی شەش مانگێک لە ناوەوە بووە. چەند ئاغایەکی نەخوێندەوار و کۆنەپەرست لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیان بوو بەدژی و بەربەرەکانییان کرد. ئەمە بووە ھۆی لەناوچوونی ڕێکخراوەکە.

لە ساڵی ١٩٤٢ بەھۆی جەنگی جیھانیی دووەمەوە دانەوێڵە بەتایبەتی جۆ بەسەر خەڵکیدا دابەش دەکرا وەک ئازووقە، زۆری لەلایەن ئاغایان و مووچەخۆرە گەورەکانەوە دەدزرا. فانی دزییەکەی ئاشکرا دەکرد. ناحەزانی لەناو ئاغایاندا زۆر بوون، خوێندەوار لە کۆمەڵگای مەرگە کەم بوو، ئەوەی ھەبوو لەناو مەلا و شێخەکانیان فانییان خۆش نەدەویست. یەکێک لەو ڕۆشنبیرە دەگمەنانەی بیروڕایان لەگەڵ فانی یەکترییان گرتبووەوە، تەنیا مەلا حەسەنی مەرگەیی بوو کە لە ھاوڕێیە نزیکەکانیی بوو.

شاعیر شێخ مەحموودی حەفیدی خۆش ویستووە، بەتایبەتی لە کاتی تەنگانەدا شیعری بەسەردا کردووەتەوە. بۆ لە سێدارەدانی چوار ئەفسەرە کوردەکە ماتەمنامەی نووسیوە.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری

بەشی یەکەم: بەسەرھاتی فانی شاعیر

سەرچاوەکان دەستکاری

  • دیوانی فانی، بەرگی یەکەم، کەمال میراودەلی، چاپخانەی ڕاپەڕین – سلێمانی، ١٩٧٥.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ١٤١ تا ١٦٦، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.