عەلی دایی یاریزان و ڕاھێنەری تۆپی پێی ئێران بوو، ١٠٩ گۆڵی لە یارییە نێودەوڵەتییەکاندا تۆمار کردووە، بە شێوەیەکی زۆر لە پێش گۆڵکارانی وڵاتانی دیکەیە، لە ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن یەکیەتیی نێودەوڵەتی مێژوو و ئاماری تۆپی پێ (تایبەت بە فیفا) عەلی دایی لە ڕیزی ٢٦ی باشترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێ جیھان دەستنیشان کرا و لەم ڕیزبەندییەدا تاکە یاریزانی کیشوەری ئاسیا بوو لە نێو باشترینەکانی مێژووی تۆپی پێدا. عەلی دایی لە چەند یانەیەکی ئەڵمانیا یاریی کردووە، لەوانە بایرن میونخ کە لەگەڵیدا تا یاریی کۆتایی خولی پاڵەوانانی ئەورووپا چوو لە ساڵی ١٩٩٩ و پلەی دووەمیان بەدەست ھێنا. لە حوزەیرانی ٢٠٠٧ وەکو کادیرێکی کۆمیتەی تۆپی پێی فیفا دەستنیشان کرا.

عەلی دایی
عەلی دایی لە ساڵی ٢٠١٩
زانیاری کەسایەتی
ڕێکەوتی لەدایکبوون ٢١ی ئازاری ١٩٦٩
شوێنی لەدایکبوون ئەردەبیل، ئێران
ئەزموونی گەنجی
1983–1988 Esteglal Ardabil
ئەزموونی پڕۆفیشناڵ*
ساڵەکان یانەکان یاری (گۆڵ)
1988–1989 Esteghlal Ardabil
1989–1990 Taxirani 20 (14)
1990–1994 Bank Tejarat
1994–1996 Persepolis 38 (28)
1996–1997 Al-Sadd 16 (10)
1997–1998 Arminia Bielefeld 25 (7)
1998–1999 Bayern Munich 23 (6)
1999–2002 Hertha BSC 59 (6)
2002–2003 Al Shabab Dubai 25 (11)
2003–2004 Persepolis 28 (16)
2004–2006 Saba Battery 51 (23)
2006–2007 Saipa 26 (10)
سەرجەم 287Note (112Note)
ڕاهێنەرایەتی
2006–2008 Saipa
2008–2009 Iran
2009–2011 پێرسپۆلیس
2011– Rah Ahan
  • ئەزموونی پڕۆفیشناڵی تەنیا یاری و گۆڵەکانی خوولی ناوخۆ هەژمارکراوە..

† یاری (گۆڵ).

‡ National team caps and goals correct as of Note: Excluding his statistics while in Esteghlal Ardabil, Taxirani and Bank Tejarat.

ژیانی دەستکاری

عەلی دایی لە ساڵی ١٩٦٩ لە شاری ئەردەبیلی ئێران لە دایکبووە.[١][٢][٣] لە ساڵی ١٩٨٧ لە بەشی ئەندازیاری زانکۆی سەنعەتیی شەریف وەرگیراوە، لەبەر یاریی تۆپی پێ لە تاقیکردنەوەکانی وەرگرتن بۆ ناو زانکۆ سەرکەوتنی بەدەست نەھێناوە و لە ھەمان ساڵ لە بەشی ئەندازیاری کشتوکاڵ لە زانکۆی ئازادی تارانی باشوور وەرگیراوە و دواتر ھەر لەم زانکۆیە لە خوێندن بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٨ دووبارە لە کونکور بەشداری کرد و لەبەشی متالۆرژی زانکۆی سەنعەتیی شەریف وەرگیراوە و بەکالۆریۆسی خۆی لە شوباتی ١٩٩٢ بەدەست ھێنا و خێزاندارە، ئێستا لە تاران دەژیت و یەکەم منداڵی لە ساڵی ٢٠٠٩ لە دایک بوو. عەلی دایی بێجگە لە تۆپی پێ لە کاروباری بازرگانی زۆر سەرکەوتو بووە و خاوەنی چەند کۆمپانیایەکی گەورە و سوپەر مارکێت و کارگەی وەبەرھێنانی جلوبەرگی وەرزشییە، کە مارکەی جلوبەرگەکانی کۆمپانیاکەش ھەر ناوی خۆیەتی، ئەندامی ژووری بازرگانیی تارانە و لە کەرتی بیناسازی و وەبەرھێنان کار دەکات. عەلی دایی لە شارۆچکەی گوڵستانی شاری ئەردەبیل قوتابخانەیەکی دواناوەندی بە ناوی باوکی (ئەبولفەزلی دایی) دروست کردوە و یەکێکە لە کەسانی بواری دروستکردنی قوتابخانەی خێرخوازی لە شاری ئەردەبیل. عەلی دایی لە ساڵانی ئاستبەرزی خۆی چەندان یاری بۆ بواری خێرخوازی کردووە، وەکو یاری لەگەڵ ئەستێرەکانی تۆپی پێ جیھان بەرانبەر ھەڵبژاردەی بۆسنیا، کە لەگەڵ ئەستێرەکانی دنیا وەکو ڕۆبێرتۆ باجیۆ یاریی کردوە، ھەروەھا یاریی دۆستانەی ھەڵبژاردەی جیھان لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئەفریقا بە بۆنەی لەدایکبوونی ٩٠ ساڵەی نیلسۆن ماندێللا، بە یەکێک لە جوانترین یارییەکانی عەلی دایی ھەژمار دەکرێت کە ٩٠ خولەک یاریی کرد. دایی لەگەڵ مادلین ئۆلبڕایت و دێڤید بێکھام لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف وەکو باڵیۆزی ئاشتی ھاوکاری دەکات.

عەلی دایی لەگەڵ یانەکان دەستکاری

عەلی دایی یاریی تۆپی پێی لە شاری ئەردەبیل لەگەڵ یانەکانی ئیستقلال و شھرداری ئەردەبیل دەست پێکرد و دوایی لەبەر خوێندنی زانکۆ لە شاری تاران ڕووی لە یانەی تاکسیرانی و دواتریش یانەی بەنکی تیجارەت کرد، لەم یانەیە ئاستی بەرزی نماییش کرد، کە بۆ یەکەم جار بانگھێشتی ھەڵبژاردەی ئێران کرا. عەلی دایی دواتر ڕووی لە یانەی بەناووبانگی ئێران (پێرسپۆلیس) کرد و دواتریش پەیوەندی بە یانەی سەددی قەتەڕی کرد، لەم یانەیەوە ڕووی لە ئەورووپا کرد. لەگەڵ یاریزان کەریم باقری پەیوەندییان بە یانەی ئەڵمانی (ئەرمینیا بیلیفێڵد) کرد، دواتر سەرۆکی ئەوکاتی یانەی بایرن میونخ و ئەفسانەی تۆپی پێ (فڕانز بێکنباوەر) عەلی دایی بۆ یانەکەی ھەرێمی باڤاریا ھەڵبژارد. یاریکردنی عەلی دایی لە یانەی بایرن میونخ لە گەورەترین دەستکەوتەکانی ژیانی وەرزشیی ئەو یاریزانە ئێرانییە بوو، کە لەگەڵ میونخدا پلەی دووەمی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بەدەست ھێنا. عەلی لەگەڵ یانەی ھێرتابەرلین بە درێسی ژمارە ٩ بەشداریی یارییەکانی جامی پاڵەوانیەتیی یانەکانی ئەورووپای کردووە و دووجاریش گۆڵی لە یانەی چێڵسیی ئینگلیزی تۆمار کردووە و جارێک گۆڵی لە یانەی میلان کردووە و بەشداریی سەرکەوتووی عەلی دایی لە خولی یانەکانی ئەورووپا، وای کرد کە یاریزانانی وەکو ناکاتا و مەھدی مەھدەڤیکیاش ڕوو لە یانەکانی ئەورووپا بکەن. دایی ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ یانەی سایپای تاران وەکو ڕاھێنەر و یاریزان دەرکەوت و لەگەڵ ئەم یانەیەدا ساڵی ٢٠٠٧ پاڵەوانیەتیی شەشەمی خولی ئێرانی بەدەست ھێنا، دایی بە تۆمارکردنی دوایین گۆڵی خۆی بووە ھۆی سەرکەوتنی یانەی سایپا و بە یەکجاریش لە جیھانی تۆپی پێ ماڵئاوایی کرد.

عەلی دایی نێردراوی نیازپاکی بزووتنەوەی جیھانی دەستکاری

عەلی دایی بە ھۆی بەناووبانگبوونی لە ئاستی نێودەوڵەتی و پێگەی تایبەتی لە فیفا، وەک نێردراوی نیازپاکی بزووتنەوەی جیھانی دیاریی کرا. کە پێشتریش وەکو نوێنەری نیازپاکیی یونیسێف لە ئێران دیاری کرابوو.

لە ھەڵبژاردەی ئێران دەستکاری

لە ساڵانی یاریی خۆی زۆرتر وەکو یاریزانی سەرەکی و کاپتنی ھەڵبژاردەکەی یاریی کردووە و زۆرترین یاریی نێودەوڵەتی و زۆرترین گۆڵی لە مێژووی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ھەیە. عەلی دایی لە جامی نەتەوەکانی ئاسیای ١٩٩٦ لە ئیمارات، شانبەشانی کەریم باقری و خوداداد عەزیزی لە باشترینەکانی ھەڵبژاردەی ئێران بوو. لە یارییەکانی پاشکۆی مۆندیالی ١٩٩٨ ی فەڕەنسا بەرانبەر ھەڵبژاردەی ئوستڕالیا، بە پاسێکی جوانی عەلی دایی بۆ عەزیزی و تۆمار کردنی گۆڵ لەلایەن عەزیزییەوە، ھەڵبژاردەی ئێران بۆ مۆندیالی ١٩٩٨ سەرکەوت. دایی لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئێران بەشداریی لە ھەردوو مۆندیالی ١٩٩٨ی فەڕەنسا و ٢٠٠٦ی ئەڵمانیا کردووە و لە ٥ یاری ھەڵبژاردەی ئێران بەشداریی کردووە و بە پاسی زێرینی عەلی دایی بۆ مەھدەڤیکیا ھەڵبژاردەی ئێران لە ھەڵبژاردەی ئەمەریکای بردەوە لە مۆندیالی فەڕەنسا. خۆشترین یاریی عەلی دایی لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی ٢٠٠٦ لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٤ بوو، کە ٤ جار گۆڵی ھەڵبژاردەی لاوسی ھەژاند و ناوی خۆی وەکو یەکەمین گۆڵکاری مێژووی تۆپی پێی جیھان کە ١٠٠ گۆڵی لە یارییە نێودەوڵەتییەکاندا تۆمار کردووە، نووسی.

باشترین گۆڵکاری یارییە نێودەوڵەتییەکان دەستکاری

عەلی دایی یەکێک لە باشترین گۆڵکارانی مێژووی تۆپی پێ ئێران و یەکەم گۆڵکاری یارییە نێودەوڵەتییەکانە، ھەروەھا باشترین گۆڵکاری مێژووی یارییەکانی ئاسیایە . عەلی دایی لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی ١٩٩٨ی فەڕەنسا بە تۆمارکردنی ٣٨ گۆڵ لە ٥٦ یاری پلەی یەکەمی گۆڵکارانی بەدەست ھێنا. لە ساڵی ١٩٩٦ بە تۆمارکردنی ٢٠ گۆڵ وەکو باشترین گۆڵکار لە لایەن یەکیەتیی مێژوو و ئاماری تۆپی پێ (IFFHS) لە یارییەکانی نێودەوڵەتی دەستنیشان کرا. دایی یەکەمین یاریزانی ئاسیاییە کە گۆڵی لە خولی پاڵەوانانی ئەورووپا تۆمار کردووە. عەلی دایی بۆ یەکەم جار وەکو یاریزانی ئێرانی بە ئەندامی لیژنەی نێودەوڵەتی تۆپی پێ فیفا ھەڵبژێردرا.

وەکو ڕاھێنەری تۆپی پێ دەستکاری

عەلی دایی دەستپێکی ڕاھێنەرایەتیی خۆی لەگەڵ یانەی سایپای ئێرانی بوو کە بە بردنەوەی جامی ئێران لەگەڵ سایپا لە ڕێکەوتی ٢ ئایاری ٢٠٠٧ وەکو راھێنەری ھەڵبژاردەی ئێران دەستنیشان کرا. لە ڕێکەوتی ٢٩ نیسانی ٢٠٠٩ لە یاریگەی ئازادی بە ئامادەبوونی ١٠٠ ھەزار، ھەڵبژاردەی سعودیە توانی ٢ بە ١ لە ھەڵبژاردەی ئێران بباتەوە، ڕۆژێک دوای یارییەکە یەکیەتیی تۆپی پێ ئێران بە فەرمی عەلی دایی لە ڕاھێنەرایەتیی ھەڵبژاردەی ئێران دوور خستەوە. بەڵام لە ھەمان ساڵ لە لایەن بەڕێوەبەرانی یانەی پێرسپۆلیس بۆندی لەگەڵ دایی کرا بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک و بووە ڕاھێنەری ئەو یانەیە. دایی لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٠ لە ڕاھێنەرایەتیی یانەی پێرسپۆلیس دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام سەرۆکی یانە (حەبیبی کاشانی) و کارگێڕانی یانە و یاریزانان ڕازی نەبوون، چوونی یاریزانان و کارگێڕانی یانەکە بۆ ماڵی عەلی دایی، وای کرد لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە و لە کارەکەی بەردەوام بێت، بەڵام لە ٣١ ئایاری ئەمساڵ لە دوای ڕەتکردنەوەی پێشنیازی لیژنەی ھونەریی یانەی پێرسپۆلیس کە ڕاھێنەر عەلی دایی دەبێت بە تەواوی ھاوکاری و پاڵپشتی (حەبیبی کاشانی) بکردایە، لە جێگەی عەلی دایی، یاریزانی پێشووی ھەڵبژاردەی ئێران حەمیدی ئیستیلی بە ڕاھێنەری یانەکە دەستنیشان کرا. ئێستا عەلی دایی ڕاھێنەری یانەی (ڕا ئاھن)ـە کە لە لایەن کەرتی تایبەتەوە پاڵپشتیی دەکرێ.

سەرچاوەکان دەستکاری

ویکیپیدیای ئینگلیزی - عەلی دایی

پەراوێزەکان دەستکاری

  1. ^ Али Даеи на vatan.org.ru ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "Али Даеи на новости "Яндекс"". Archived from the original on 25ی Marchی 2012. Retrieved 27ی Augustی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ٢٥ی ئازاری ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ Азербайджанец на Евро-2008 ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.