عەبدولقادر مستەفا :(١٩٢٦) چالاكی سیاسی ، پارێزەر ، ڕاوێژكار ، لەنەتەوەی كورد بووە.

عەبدولقادر مستەفا

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

ناوی عەبدولقادر کوڕی مستەفا کوڕی فەتاح کوڕی ئەحمەدە، ١٩٢٦ لە گەڕەکی (دەرگەزێن)ی شاری سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. شەش مانگێک لە حوجرەی بەرخانەقا خوێندوویە. دوایی خراوەتە قوتابخانەی سەرەتاییی ئەیوبییە. پاش پۆلی چوارەم، چووەتە قوتابخانەی فەیسەڵییە. قوناغەکانی ناوەندی و سانەویی ھەر لە سلێمانی بڕیون. ئەمجا لە کۆلیجی حقووق وەرگیراوە و ١٩٤٨ تەواوی کردووە.[١][٢]

پارێزەری دەستکاری

دوو ساڵێک پتر پارێزەری و بەدەمیەوە کاسبیی وەک کڕین و فرۆشتنی زەویی لە سلێمانی کردووە.[١][٢]

وەزیفەكانی تری:[١][٢]

  • ٧/١١/١٩٥٩ بە (رئيس ملاحظين) دامەزراوە لە دائیرەی چاککردنی کشتوکاڵی لیوای ھەولێر. تا ١٢/٧/١٩٦٠ ھەمان پلەی ھەبووە.
  • لە ١٣/٧/١٩٦٠ەوە تا ١٣/٧/١٩٦٥ بووە بە بەڕێوەبەری کشتوکاڵ. ئەو ماوەیە دوو ساڵ لە مووسڵ وتا ١٩٦٣ لە سلێمانی ئەو وەزیفەیەی دیوە.
  • لە ٢٧/٩/١٩٦٥ەوە بە پلەی بەڕێوەبەر گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتیی گشتیی یارمەتی و بەرھەم ھێنانی کشتوکاڵی.
  • ٣١/١٠/١٩٦٨ وەک بەڕێوەبەری چاککردنی کشتوکاڵ گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ئیدارە و دارایی و ٩/١١/١٩٦٨ دەست بەکار بووە.
  • وا ماوەتەوە تا ٢٠/١٢/١٩٧٦. ٢١/١٢ی ئەو ساڵە کراوە بە ڕاوێژکار لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ تا ٢١/١٢/١٩٧٧. ساڵی ١٩٧٧، پاش ٢٨ ساڵ و ٤ مانگ و ٢٠ ڕۆژ خزمەت خانەنشین بووە. لە ژیانی وەزیفەیشیدا چوار سپاسنامە و ڕێزڵینانی وەرگرتووە.

بەرهەمەكانی دەستکاری

عەبدولقادر، بابەتی لە (گەلاوێژ، نزار، ژین)دا بڵاوبووەتەوە. ئەو سەردەمەیش کە نووری ئەمین بەگ بووە بە بەڕێوەبەر و بەرپرسی ڕۆژنامەی "ژین"، یارمەتیی داوە و ھەڵەبڕیی بابەتەکانی بۆ کردووە. زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزیشی زانیون.[١][٢]

چالاكی سیاسی و زیندانی كردنی دەستکاری

لە لاویدا چووەتە ناو حیزبی (ڕزگاری) و دواتر حیزبی شیوعیی عیراق. لە بەدارداکردنی فەھد و ھاوڕێکانیدا سێ چوار ڕۆژێک دەستگیرکراوە. لە پۆلی سێیەمی حقووق بووە، کە سێ چوار مانگێک گیراوە. لە ١٩٥٢دا بەشداری خۆپیشاندانی دژی سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بووە، کە کێشاویەتەوە بۆ لابردنی و دانانی فایەق ھۆشیار لە جێی، خۆیشی گیراوە و براوەتە کەرکووک.[١][٢]

ساڵانی دواییی تەمەنیی دەستکاری

 
عەبدولقادر مستەفا

ساڵانی دواییی تەمەنیی بە دانانی -سەرەتا- مەکینەی جووچکھەڵێن (مفقێ) لە بەغدا، پاشان کارگەی ئاڵفی بەخێوکردنی مریشک و کارگەی دایبیی منداڵ خەریک کردووە.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی دەستکاری

لە ١٩٥٠یشدا خاتوو "سەبیحەی محەمەد سەعید"ی ھێناوە و ئەمانەی لێ بووە: ساکار، ئامانج، ئاراس، سۆزان.[١][٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8158-8159
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ   زانیاریی دەمیی بەڕێز عەبدولقادر مستەفا و (دەفتەری خزمەت)ەکەی.