ساڵح بە عەرەبی: صالح‎ ناوی پێغەمبەرێکە کە لە قورئاندا ناوی ھاتووە. خوای ناز و بەخششێکی زۆری بەسەر گەلی سەمووددا ڕشتبوو. بارانی زۆریان بۆ دەباری. زەوییەکی بەپیتوبەرەکەتیان ھەبوو. درەختەکانیان میوە و بەری زۆری دەگرت. بەرەکەت کەوتبووە ڕۆزی و تەمەنیانەوە. لە شاخەکاندا کۆشک و تەلاری جوانیان داتاشیبوو. لەسەر بەرد نەخش و نیگاری جوانیان دروست دەکرد. لھ گوندی (حجر) دا لەناو شاخەکاندا دەژیان و شوێنیان زۆر قایم بوو. وایان دەزانی کەس لەوان بەھێزتر نییە، بەڵام گەلێکی ناشکور بوون و سوپاسی خوای گەورەیان نەدەکرد. کەوتنە بتتاشین و پەرستنی ئەو بتانەی کە بە دەستی خۆیان دروستیان دەکرد. گەلی سەموود زۆر بتیان ھەبوو کڕنووشیان بۆ دەبردن؛ لەوانە (ود، جد «ھد»، شمس، مناف، مناة، اللات) و چەندینی تریش.

ناوی ساڵح بە عەرەبی.

بانگەواز بۆ خواپەرستی دەستکاری

خوای گەورە لەناو ئەو گەلەدا ساڵحی ھەڵبژارد و کردی بە پێغەمبەر و ناردی بۆ سەر گەلەکەی تا بانگیان بکات بۆ یەکتاپەرستی و وازھێنان لە بتپەرستی. ساڵح بە گەلەکەی وت: خوای گەورە بپەرستن چونکە جگە لەو خوایەکی تر نییە. دەوڵەمەندەکان وتیان: ئەم قسە ناخۆشە چییە؟ ھەژارەکانیان وتیان: ئەوە ساڵحە بانگەوازمان دەکات. دەوڵەمەندەکان وتیان: بانگەوازەکەی چییە؟ ھەژارەکان وتیان: ساڵح دەڵێ تەنھا خوا بپەرستن. خوای گەورە دوای مردن زیندووتان دەکاتەوە. ھەرکەسیش بەپێی کردەوەی خۆی پاداشت یان سزای دەدات؛ ھەروەھا دەڵێ من پێغەمبەری خوام. دەوڵەمەندەکان دەستیان بە پێکەنین کرد و وتیان: چۆن دەبێ ئەو داماوە پێغەمبەر بێ؟ نە باخی ھەیە و نە تەلار، چۆن ئەوە پێغەمبەر دەبێ؟ ئەویش زەلامێکە وەک ئێمە، خواردن دەخوات، ئاو دەخواتەوە؟! دەوڵەمەندەکان ترسان ھەژارەکان بە قسەی ساڵح بکەن، وتیان: بە قسەی ساڵح نەکەن دوایی خۆتان زەرەر دەکەن! ئایا پەیمانی داوە دوای مردن زیندوو دەبنەوە، ئەو قسەیە دوورە لە ڕاستییەوە. ژیانی ئێمە ھەر ئەمەیە دەمرین و دەبڕێتەوە، جارێکی تر زیندوو نابینەوە. بەو شێوەیە دەوڵەمەندەکان وایان کرد خەڵکی باوەڕ بە ساڵح نەکەن، بەڵکوو گاڵتەشیان پێ دەکرد و دەیانوت: ساڵح چەند داماوە ھاوڕێکانی ھەموویان بوون بە دەوڵەمەند و خاوەنی کۆشک و باخ، کەچی ئەو ڕۆژ بە ڕۆژ ھەژار دەکەوێ. خوا بەزەیی بە باوک و دایکی ساڵحدا بێتەوە! کوڕەکەیان لەدەست دەرچوو.

ئامۆژگاریکردنی بەردەوام دەستکاری

ساڵح ھەمیشە بانگەوازی گەلەکەی خۆی دەکرد و پێی دەوتن: ئایا ئێوە بەتەمان تا دنیا دنیایە لەم کۆشکە خۆش و باخانەدا بژین؟ ئەی کوا باووباپیرتان؟ خۆ ئەوانیش تەلار و باخیان ھەبوو، بەڵام ھەر مردن، ئێوەش وەک ئەوان دەمرن، خوای گەورە زیندووشتان دەکاتەوە و دادگاییتان لەسەر ئەو ھەموو نازونیعمەتە دەکات، کە خوای گەورە پێی دابوون کەچی ئێوە بتتان دەپەرست. بۆچی لە من ڕادەکەن؟! من لە داراییی ئێوە کەم ناکەمەوە. من تەنھا پەیامی خوای گەورەتان پێ ڕادەگەیەنم. بۆچی بەگوێم ناکەن؟! خۆ من چاکەی ئێوەم دەوێ. بۆچی بە قسەی ئەوانە دەکەن کە ستەم لە خەڵکی دەکەن و خراپەکاری لە زەویدا بڵاو دەکەنەوە؟!

نیشانەی خوای گەورە دەستکاری

خەڵکەکە بە ساڵحیان وت: تۆ جادووگەری، تۆ تەنھا زەلامێکی وەک ئێمەی، ئەگەر ڕاست دەکەی نیشانەیەکمان پیشان بدە؟ ساڵح وتی: چ نیشانەیەکتان دەوێ؟ خەڵکەکە وتیان: ئەگەر ڕاست دەکەی لە بەرد وشترێکی ڕاستیمان بۆ پەیدا بکە! ساڵح دەستی کرد بە پاڕانەوە لە خوای گەورە، خوای گەورەش لەو بەردە وشترێکی ھێنایە دەرەوە. خەڵکەکە زۆر لایان سەیر بوو؛ خۆ وشتر ھەر لە وشتر دەبێ، کەچی ئێستا وشتر لە بەرد دێتە دەرەوە! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکەکە باوەڕیان نەھێنا تەنھا یەک کەس نەبێ. ساڵح وتی: ئەوە وشتری خوایە. ئەوە بەڵگەی خوایە. ئێوە داواتان کرد خوای گەورە بۆی دروست کردن. ئازاری نەدەن تا خوای گەورە سزاتان نەدات! ئەم وشترە پێویستی بە ئاڵف و ئالیکی ئێوە نییە! لەسەر ڕزق و ڕۆزی خوای گەورە دەژی! کاتێک وشترەکە دەچووە سەر ڕووبار بۆ ئاوخواردنەوە، مەڕوماڵاتی خەڵکەکە لێی دەترسان و ڕایان دەکرد. بۆیە ساڵح وتی: با ڕۆژێک مەڕوماڵاتی ئێوە ئاو بخواتەوە، ڕۆژێکیش وشترەکە ئاو بخواتەوە.

نیازخراپیی سەموود دەستکاری

دەوڵەمەندەکان بینییان وردەوردە خەڵک بەھۆی ئەو وشترەوە مسوڵمان دەبێ، ترسیان لێ نیشت؛ چونکە لە پلەوپایەی خۆیان دەترسان. بۆیە ھەستان خەڵکەکەیان ھان دا و وتیان: چۆن دەبێ مەڕوماڵاتی ئێمە ھەموو ڕۆژێک ئاو نەخواتەوە؟ ساڵح ھەستی بە نیازخراپییان کرد؛ ئاگاداری کردنەوە کە دەست نەبەن بۆ ئەو وشترە تا خوای گەورە سزایان نەدات. بەڵام ئەوان وتیان: کێ ئەو وشترە دەکوژێ؟ دوو پیاو ھەستان وتیان ئێمە دەیکوژین! ھەردووکیان ڕۆیشتن. کاتێ وشترەکە ھاتە دەرەوە، یەکێکیان تیرێکی لێ دا و کوشتی. ئەویتریشیان وشترەکەی سەربڕی. ساڵح کە زانی وشترەکەیان سەربڕیوە، پێی وتن: ئێوە تەنھا سێ ڕۆژی تر لە کۆشکەکانتاندا ڕادەبوێرن، بەڵێنی خوای گەورەش درۆ نییە. ھەروەھا لەناو خەڵکەکەدا نۆ کەس ھەبوون خراپەکارییان بڵاو دەکردەوە و چاکەیان نەدەکرد. ئەوانە سوێندیان خوارد لە شەودا ساڵح و خێزانەکەی بکوژن. کاتێک کەسوکار و ھاوەڵانی ساڵحیش پرسیاریان کرد، بڵێن ئێمە ئاگامان لێ نییە. بەڵام خوای گەورە ساڵح و خێزانەکەی پاراست.

لەناوچوونی سەموود دەستکاری

لە ڕۆژی سێیەمدا سزای خوای گەورە ھات و ھاوارێک و بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕووی دا. بە ھاوارەکە خەڵکی سەموود ھەموو دڵیان وەستا و بە بوومەلەرزەکەش ھەموو کۆشکەکانیان ڕووخا. تەنھا ساڵح و باوەڕداران نەمردن، باقی خەڵکەکە ھەمووی تیا چوون و شارەکەیان وێران بوو. ساڵح و باوەڕدارانیش کۆچیان کرد و ئەو شارەیان بەجێ ھێشت. بەڵام پێش ئەوەی بڕۆن، سەیری خەڵکەکەی خۆیان کرد؛ ھەموو مردوون و لەو ناوەدا کەوتوون. ساڵح وتی: خەڵکەکە من زۆر ئامۆژگاریی ئێوەم کرد، پەیامی خوای گەورەم پێگەیاندن، بەڵام ئێوە ئامۆژگارانتان خۆش ناوێت. ئەوە شار بوو بە وێرانە و گوندەکانی دەوری ھەموو بوونە چۆڵەوانی. ئەوەتا ھەموو مردن و کەستان دەنگتان لێوە نایەت.

سەرچاوەکان دەستکاری

دەنگی ئیسلام