زیندەوەرە سەرەتاییە ڕەگەپێیەکان

ڕەگەپێیەکان (بە ئینگلیزی: Sarcodina) سەدان جۆری ئەمیبا دەگرێتەوە کە لە ئاوە سازگار و سوێرەکاندا یان لە خاکدا دەژین، بەڵام ھەندێک جۆرەکانی وەک ئەمیبای سکچوون بەمشەخۆریی لەو ڕیخۆڵەی مرۆڤدا دەژین، نەخۆشییەکی کوشندە پەیدا دەکەن کە بە سکچوونی ئەمیبیی ناو دەبرێت. ئەم ئەمیبایە لەڕێگەی خۆراک و ئاوی پیسەوە دەچنە لەشەوە. پاشان دەگوێزرێتەوە بۆ خوێن و جگەر و ئەندامەکانی تر. ڕەگەپێیەکان، لەڕێگەی گەندەپێوە دەجووڵێن کە درێژبوونەوەی سایتۆپلازمن کاتێک ئیندۆپلازم بەشێکی ناوەوەی سایتۆپلازم پاڵ بە ئەکتۆپلازم یان چینی دەرەوەی دەنێت، پەیدا دەبێت. بەرەو پێشەوە درێژبوونەوەیەکی پەل ئاسا پێک دێنێت، ئەم شێوازی جووڵەیەیش بە جووڵەی ئەمیبیی ناودەبرێت. ھەروەھا ڕەگەپێیەکان گەندەپێ بۆ خۆراک وەرگرتن بەکاردەھێنن، کە بەگەندەپێیەکان گەمارۆی خۆراکەکە دەدەن و قووتی دەدەن لەڕێی کرداری ھاوردەی خانەییەوە. ھەندێک لە سەرەتایییەکان سەدەفییان ھەیە، لەوانە: کوندارەکانن کە لە زەریاکاندا دەژین. سەدەفەکانییان لە کاربۆناتی کالسیۆم پێک ھاتووە، ھەروەھا تیشکدارەکانیش کە لە گۆماوەکاندا دەژین؛ سەدەفەکانییان لە دوانۆکسیدی سیلیکا پێک ھاتووە. سەدەفەکانی ئەم زیندەوەرانە لەبنکی ئاوەکاندا جێگیر بوون و چینێکی نیشتەنی و جیڕی دەباشیرییان پێک ھێناوە کە لە شێوەی زەویی وشکانییدا دەرکەوتووە.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ پەڕتووکی زیندەزانیی پۆلی یازدەھەمی زانستی - وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (لاپەڕە ٩٥)

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری