قورئان
قورئان

قورئان لە ئیسلامدا بریتییە لە وتە و ڕاسپاردەی خوا کە نێردراوە بۆ پێغەمبەری ئیسلام محەممەد، قورئان لە عەرەبیدا لە وشەی (قرء) وەرگیراوە کە بەمانای خوێندنەوە دێت، و بنچینەی ئەویش لە وشەی (القرء) وەرگیراوە کە بە مانای کۆکردنەوە و لە خۆگرتن دێت، و قورئان ئەو ناوەی لێنراوە بەھۆی ئەوەی کۆمەڵێک ئایەت و سوورەتی زۆر لەخۆدەگرێت و کۆیان دەکاتەوە.

موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە قورئان کتێبی خوایە کە نێردراوە بۆ پێغەمبەری ئیسلام محەممەد. لەبەرئەوە لەو باوەڕەدان کە خوێندنەوە و گوێگرتن لێی و کارکردن پێی ھەمووی خواپەرستییە و موسڵمان لە خوا نزیک دەبێتەوە پێی و دڵنیا دەبێت. و زۆربەیان لەو باوەڕەدان کە بناغەی شارستانی و ڕۆشنبیرییەکەیانە.

قورئان ئەدوێت لەبارەی بابەتی جۆراوجۆرەوە کە ژیانی مرۆڤ ئەگرێتەوە لە دنیا و ڕۆژی دواییدا، دنیا و ئایین لە ئیسلامدا بەیەکەوە بەستراون، قورئان بناغەی بیروباوەڕی موسڵمان دادەنێت و بانگی خەڵک دەکات بۆ پەرستنی خوا و گوێڕایەڵبوون و ملکەچبوون بۆی و بیرکردنەوە لە دروستکراوانی، و دەدوێت لە بارەی مافەکانی مرۆڤ و ئەرکەکانی بەرامبەر پەروەردگاری خۆی و کۆمەڵگە و ئاینەکەی و ھەموو گەردوون. قورئان سیستەمێکی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات بۆ موسڵمانان، و ڕەوشت و ئاکاری موسڵمان لەخۆدەگرێت و زۆر ئامۆژگاری و پەند لە ژیانی پێشینەکان باس دەکات، خەڵک ئاگادار دەکاتەوە لە سزای ئاگر لە ڕۆژی دواییدا، لەگەڵ زۆر بابەت و لێدوانی تر.

قورئان دابەش دەبێت بۆ ١١٤ بەش، بە ھەر بەشێک ئەوترێت سوورەت، و ھەر سوورەتێک دابەش دەبێت بۆ ژمارەیەک ڕستە و وتە کە ناو دەبرێت بە ئایەت. ھەموو سوورەتێک بە دەربڕینی (بسم اللە الرحمن الرحیم) دەست پێدەکات، جگە لە سوورەتی تەوبە کە بەبێ ئەو دەربڕینە دابەزی، واتای ئەو دەربڕینەش «بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان»ە.

یەکەمین ئایەت کە دابەزی ئایەتی (إقرأ باسم ربک الذی خلق) بوو و دوا ئایەت کە دابەزی ئایەتی (واتقوا یوما ترجعون فیە الی اللە) بوو.


زیاتر...


ھەنووکە ٣١١ وتار لە دەروازەی قورئاندا ھەیە.

وتارێک لەوان بە ھەڵکەوت ببینە