دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین

دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین (دلاور عبدالعزیز علاءالدین) ساڵی ١٩٦٠ لە کۆیە لەدایکبووە، سەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) یە و پێشتر پرۆفیسۆر بوو لەبواری پزیشکی و تایبەتمەندێتی لە بواری نەخۆشیە بڵاوەکان - مایکرۆبایۆلۆجی- و سەرۆکی گروپی Molecular Bacteriology and Immunology Group (توێژینەوەی بەکتریۆلۆژی و بەرگریناسیی) لە زانکۆی نۆتینگھام لە بەریتانیا. لە کابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان / عێراق دا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بوو.[١] چەندین بڵاوکراوەی زانستی و توێژینەوەی ھەیە بەزمانی کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی.

دلاوەر عبدالعزیز علاءالدین

لەدایکبوون١٩٦٠
کۆیە
پیشەسەرۆکی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە
کاروەزیری پێشووتری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
پێشپزیشک و مامۆستای زانکۆ
ئایینموسڵمان
وێبگە[١]

ژیانی پیشەیی دەستکاری

لە دۆڵەسزە و پیرمام و دیبەگە و ھەولێر گەشەی کردوە و چۆتە بەرخوێندن. لە ئامادەیی کوردستان لە ھەولێر دەرچووە کۆلیژی پزیشکی لە شاری بەغداد خوێندوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٤ چۆتە بەریتانیا، لەشاری لەندەن نیشتەجێ دەبێت بۆ پەرەپێدان بەخوێندن و تەواوکردنی خوێندنی باڵا لەبواری نەخۆشیە درمەکان tropical medicine.[٢] بروانامەی دیپلۆم و ماستەر و دکتۆرای لە زانستی میکرۆبناسی وەدەستھێناوە و دواتر ڕاھێنانی کلینیکی لە نەخۆشیە میکرۆبیەکان Clinical Microbiology تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٩٢ لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی نۆتینگھامی بەریتانی بووەتە مامۆستا و لە نەخۆشخانەی زانکۆشدا کاری پزیشکی دەکات. شانبەشانی کاری پزیشکی و کاری مامۆستایەتی، توێزینەوەی زانستی لە بواری ھەوی پەردەی مێشک و ژەھراوی بوونی خوێن ئەنجام داوە. لە ناوەراستی نەوەدەکانەوە سەرپەرشتی گروپێکی توێژینەوە دەکات. بەھۆی چالاکی زانستی و توێژینەوەکانی، لە ساڵی ٢٠٠٢ پلەی پڕۆفیسۆری پێ بەخشرا.

لە ئاستی بەریتانیا، ڕۆڵی ستراتیژی لە چەندین بۆرد و لێژنەی باڵای سەرتاسەریی بینیوە. بە تایبەتی لە چوارچێوەی کۆلێژی شاھانەی نەخۆشیناسیی (Royal College of Pathologist)، و بۆردی توێژینەوەی پزیشکیی (Medical Research Council).

لۆبیکردن بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت دەستکاری

لە دەرەوەی کاری پیشەیی، بەشداری لە چالاکی لۆبی کردن کردووە بۆ بەرگریکردن لە مافی مرۆڤی کورد.[٣] یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی زانستیی کوردی و بەریتانی بۆ داکۆکیکردن لە کورد (ساڵی ١٩٨٨)، و ڕۆڵی سەرەکی لە دامەزراندنی کۆمەڵەی زانایان و پزیشکانی کورد بینی (ساڵی ١٩٨٩)، و وەک سکرتێری ڕێکخراوەکە چالاکی لۆبی کردنی لە دژی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و داکۆکی کردن لە مافی مرۆڤی کورد لە نێو پەرلەمان و میدیای بەریتانی ئەنجام دەدا.[٤] ساڵانە، یەکێک بووە لە ڕێکخەرەکانی بیرەوەری ھەڵەبجە و ھاوکاری کردنی قوربانیەکانی چەکی کیمیایی. لە دوای کۆرەو توانی مارگرێت تاتشەر رازی بکات بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بکات بۆ ڕێگرن لە ھێرشەکانی ڕژێمی سەدام و پاراستنی ژیانی پەناھەندەکان.[٥] ھەوڵەکانی تاتشەر بوونە ھەوێنی دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە ھەرێمی کوردستانی عیراق و زەمینەیان بۆ ھەڵبژاردنی یەکەمین پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان خۆش کرد.

وەک چاودێر و بیرکەرەوەیەک لە سەر ئەو بابەتە ستراتیژیانە دەنووسێ کە پەیوەندیان بە ئایندە و چارەنوسی نەتەوەی کورد ھەیە. ھاوکات، بەشداری لە چالاکیەکانی تری کۆمەڵگای کوردی کردووە. لە سەرەتای نەوەدەکان یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی شیک (SCHEIK) بۆ ھاوکاری دەزگاکانی خوێندنی باڵا. چەندین کورسی خوێندن و ڕاھێنانی سەرکردە ئەکادیمیەکانی ھەرێمی پەیدا کردووە و لە سەردەمی نەوەدەکاندا بەشداری چالاکانەی لە ناردنی کۆمەک بۆ زانکۆکان کردووە.

وەزیری خوێندنی باڵا دەستکاری

لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩ بە وەزیری خوێندنی باڵا بەشداری لە کابینەی شەشەمی حکومەت بە سەرۆکایەتی دکتۆر بەرھەم ساڵح کرد، و لە مانگی نیسانی ٢٠١٢ دەستی لە کار ھەلگرت. لە ماوەی دوو ساڵی کابینەدا، پڕۆسەیەکی گەورەی ڕیفۆرمی سیستەمی خوێندنی بالای دەست پێ کرد. ئامانجی سەرەکی ڕیفۆرمەکە بۆ داھێنانی کواڵیتی و بەرزکردنەوەی یاستی زانستی زانکۆ و پەیمانگاکان بوو. ڕیفۆرمەکە چەندین تەوەر لەخۆی دەگرێ، لەوانە پرۆسەی دڵنیایی جۆری و زانستخوازی بەردەوام و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان، نوێکاری لە خوێندنی دکتۆرا، ناردنە دەرەوەی خوێندکاران بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، داڕێژتنەوەی پەیکەری کارگێڕی زانکۆکان، دامەزراندن بە سی ڤی، متمانەبەخشین بە زانکۆ ئەھلیەکان، بە ئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەی پێشکەش کردنی زانکۆ، داھێنانی سیستەمی سەلامەتی و تەندروستی، و زۆر گۆڕانکاری تر. لە سەر دابەزینی کواڵیتی کۆتایی بە کارەکانی چوار زانکۆی ئەھلی و سێ کۆلێژی دەرمانسازی و دوو کۆلێژی پزیشکیی ددانی ئەھلی ھێان.

سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری دەستکاری

لە ساڵی ٢٠١٤ بووە بە دامەزرێنەری ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە کە تایبەتە بە توێژینەوە و دیراساتی ستراتیژی لە بواری پۆڵەسی (سیاسات) ی حوکمڕانی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئاسایشی نەتەوەیی. ئینستیتیوتی مێری لە دوای یەک ساڵ لە دامەزراندنیەوە لە ریزبەندی جیھانیدا (کە لە لایەن زانکۆی پێنسیلڤانیا ئەنجام دەدرێت.[٦]) بووە یەکەمی عێراق و ژمارە ٣٥ی لوتکەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا.[٧] ئینستیتوت ساڵانە (دیداری مێری) ئەنجام دەدات کە یەکێکە لە دیارترین کۆنفرانسەکانی کوردستان و عێراق کە سەرکردە بڕیاردەر و داڕێژەرانی سیاسات تێیدا دیبەیتی کراوە و راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ئاکادیمی و پسپۆڕ ئەنجام دەدەن. لە دیدارەکانی پێشوودا، سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرکردە باڵاکانی عێراق و ھەرێم و پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون. مێری بڵاوکراوەی گرنگی بە ھەر سێ زمانی کوردی و عارەبی و ئینگلیزی بڵاو دەکاتەوە.

نووسەر دەستکاری

دلاوەر عەلائەدین خاوەنی بلاوکراوەی جیاوازە لە بوارەکانی سیاسەت و زانستدا. وتاری رەخنەگرانە و پڕ بەڵـگە بڵاو دەکاتەوە. لە نێو بڵاوکراوەکانیدا، سێ کتێبی بە زمانی کوردی ھەن لە ژێر ناوی:

- لۆبیکردن بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت (٢٠٠٧).[٣]؛

- نیشتیمانسازیی و سیستەمی فەرمانڕەوایەتی خۆماڵی لە ھەرێمی کوردستان (٢٠١٣).[٨]؛

- دەوڵەتسازی: نەخشەڕێگایەک بۆ سەروەرکردنی یاسا و بەدامەزراوەییکردن لە ھەرێمی کوردستان (٢٠١٨).[٩]

پەراوێزەکان دەستکاری

بەستەری دەرەکی دەستکاری