درۆ (پێچەوانەی ڕاستی) دەستەواژەیەکی ھەڵەیە کە دەردەبڕدرێت بۆ کەسێک (یان کۆمەڵە کەسێک) لەلایەن کەسێک (یان کۆمەڵە کەسێک) ی ترەوە، لە کاتێکدا ئەو کەسەی بە کارەکە ھەڵدەستێت ئاگادارە لە ناڕاستی دەربڕینەکە.

پێشەکی:

درۆکردن وەک یەکێ لە رەوشتەکانی مرۆڤ هەر لە سەرەتای بونی مرۆڤایەتیەوە سەری هەڵداوە و زۆر جار کارەسات و رەنگدانەوەیەکی تەواو قورسی لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی بەرپا کردوە . ئەم رەوشتە دزێوە تایبەت نیە بە تاکە کەسێک یان کۆمەڵگایەک بەڵکو لە هەموو جیهاندا باوە سەرجەم هەموو مرۆڤێک کەم تا زۆر ماکی ئەم رەوشتەی تێدایە لە هەر چرکەیەکی ژیاندا لەوانەیە درۆیەک بکات . گرێکوێرەی درۆ هەتا سەدان ساڵی داهاتوو پێشبینی لەناوچونی لەلایەن هیچ زانایەکی سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی نەکراوە .

هۆکارەکانی درۆکردن

  1. درۆکردن لەپێناو دورکەوتنەوە لە زامدارکردنی هەستی کەسانی تر : ئێمە وەک کەسانی پێگەیشتوو لە مناڵیەوە ئەوە فێربوین کە کێشەیەک لەوەدا نیە درۆیەک بکەین بۆ ئەوەی هەستی کەسانیتر زامدار نەبێت . بۆیە لەوانەیە نامەیەک بنوسین و تیایدا ئەوپەری سەرسامی خۆمان بە دیاری یەک دەرببرین لە کاتێکدا زۆر بەپەلەین بۆ ئەوەی هەمان ئەو کە دیاریە بە کەسێکی تر بدەین و خۆمان لێ رزگار بکەین .
  2. درۆکردن لەپێناو هۆکارگەلێکی شاراوە : مرۆڤەکان جگە لە مەبەستی بریندارکردنی هەستی کەسانیتر بەو مەبەستەش درۆ دەکەن کە ورەی بەرامبەرەکەیان بەرزبکەنەوە تاکو کاردانەوەیەکی باشیان لە بەرامبەراکەیان دەست بکەوێت . جگە لەوەش هەندێک جار بە هۆکاری نادیارەوە درۆ دەکەن . وەک ئەوەی مەبەستیان پارێزگاری بێت لە پۆستەکەیان ، یان لە بەهای بەرهەمێک بەرز بکەنەوە ، واتا چەکی مەرایی بەکاردێنن بۆ ئەوەی ویستێکی خۆیان بەدی بێت ، یان شتێکی تازە بەدەست بهێنن .
  3. درۆکردن لەپێناو پارێزگاریکردن لە خۆت : ناودارترین جۆرەکانی درۆ ئەوانەن کە لای ( هاوڕێ دوژمنەکانمان ) ئەنجامیان دەدەین ، ئەو کەسانەی خۆشمان ناوێن بەڵام هاوڕێیەتیان دەکەین . لەوانەیە نەریتە کۆمەڵایەتیەکانیان لەگەڵ ئەنجامبدەین ، یان لەوانەیە منداڵەکانمان لەگەڵ منداڵکانیان یاری بکەن ، لەبەر ئەوەی نامانەوێت کێشە بکەوێتە نێوانمان . دواتریش ددانمان بەیەکدا دەگڕسێنین و بە ناچاری درۆ دەکەین و لەو گاڵتەجاریە بێزارکەرە لەگەڵیاندا نقووم بین .
  4. درۆکردن لەپێناوی دەرکەوتن بە شێوازێکی جوان ، و لەپێناوی ئەوەی لەلایەن کەسانی تر ڕەت نەکرێنەوە : درۆکردنی ئافرەتان لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت سەبارەت بە تەمەن و درێژی باڵایان و کێشی لەشیان هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەیانەوێت لەبەردەم هاوڕێیەکانیاندا بە شێوازێکی جوان دەرکەون . تەنانەت ئەگەر لە کۆتایشدا ناچار بن ڕاستیەکە ئاشکرا بکەن ، بەڵام ئامادەن لە سەرەتادا ئەو درۆیە بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکێکدا پەیوەندی بگرن .
  5. درۆکردن لەپێناوی ڕزگاربوون لە سزا : پاڵنەرێکی تری بەهێز لای پێگەیشتوان هەیە بۆ ئەوەی درۆ بکەن ، کە بریتیە لە ترسی سزادان . ئینجا لەوانەیە ئەو سزایە بە شێوەی ڕەتکردنەوە لەلایەن کەسانی تربێت، یان لە دەستدانی پلە و پۆستی پیشەیی بێت ، یان زیندانیکردن بێت ، هەمیشە دادگاکان پڕن لەو کەسانەی زۆر بە ڕوونی دیارە کە درۆ دەکەن و لە ترسی سزادان بانگەشەی بێ تاوانی خۆیان دەکەن. ئەوان درۆ دەکەن لەبەر ئەوەی نایانەوێت بن پێبژاردن سزا بدرێن یان لە زیندانەکاندا بمێننەوە .

پێشنیاری گونجاو بۆ چارەسەری درۆکردن :

  1. دیاریکردنی جۆری درۆکە ، واتا مەبەست لەو درۆکردنە چیە ، ئەگەر پاڵنەری سەرەکی درۆکردنەکەمان زانی ئەوا چارەسەریەکەی بریتیە لە نەهیشتنی ئەو پاڵنەرە .
  2. بەکارنەهێنانی لێدان یان جوێن پێدان و گاڵتە پێکردن ، چونکە بە لێدان و گاڵتە پێکردن چارەسەری درۆ ناکرێت و لەوانەشە بەهێزتری بکات .
  3. هەوڵبدرێت و نەهێڵدرێت ئەو کەسانەی درۆ دەکەن سوود لە درۆکردنەکەیان وەربگرن .چونکە کاتێک کەسەکە هەست دەکات کە درۆکە بە قازانجی ئەو تەواو نابێ و سوودی نابێ و بە ناچاری وازی لێ دەهێنێت و دووبارەی ناکاتەوە و لێی دوور دەکەوێتەوە .
  4. گرینگترین رووبەرووبونەوە بۆ درۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە رێز لە راستگۆیی بگرێت و تاکەکانی پابەندبن بە راستگۆیی ، پێویستە تاکەکان لە ژینگەیەکی تەندروست و گونجاو پەروەردەکرابن .


سەرچاوەکان:

١- لیلیان گلاس (٢٠١٨ )، زمانی جەستەی درۆزنەکان ، و: ئیبراهیم بەهائەددین .