خۆکوژیی بەھاوکاری (بە ئینگلیزی: Assisted suicide) بریتییە لەو خۆکوژییەی ئەنجام دەدرێت بەھاوکاری کەسێکی تر. ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ «خۆکوژی بەھاوکاری پزیشک،» بە ئینگلیزی دەکاتە «physician-assisted suicide،» کە ئەوەش بریتییە لە خۆکوژییەک کە لەلایەن پزیشکێکەوە یاخود کارمەندێکی تری چاودێری تەندروستییەوە ئەنجام دەدرێت. کاتێک بڕیار دەدرێت کە بارودۆخی کەسێک ئەو مەرجانەی تێدایە کە یاسای شوێنەکەی خۆی داوای دەکات، ئەوا ھاوکاری پزیشکەکە زۆربەی کات بریتی دەبێت لە پێدانی ڕەچەتەی بڕە دەرمانی کوژەر.

دۆخی ئێستای خۆکوژیی بەھاوکاری لەسەرتاسەری جیھاندا: ██ خۆکوژیی بەھاوکاری پزیشک یاساییە ██ بە بڕیاری دادگا یاسایی کراوە، بەڵام یاسای بۆ دانەنراوە یان رێک نەخراوە ██ نایاساییە

لە زۆرێک لە دەسەڵاتی دادوەرییەکاندا یارمەتیدانی کەسێک تا بمرێت لەڕێگەی خۆکوژییەوە بە تاوان دادەندرێت. ئەو کەسانەی پشتگیری بەیاساییکردنی خۆکوژیی بەھاوکاری دەکەن دەیانەوێت ئەو کەسانەی کە ھاوکاری دەکەن لە خۆکوژیی خۆویستانە ببەخشرێن لە ڕووبەڕووکردنەوەی یاسایی لەسەر تاوانی کوشتنی بێ مەبەست یاخوود ھەر تاوانێکی تری ھاوشێوە. خۆکوژیی بەھاوکاری لە ھەندێک وڵاتان لەژێر مەرجی دیاریکراودا یاسایییە، لەوانە کەنەدا، بەلجیکا، ھۆڵەندا، لوکسمێرک، کۆڵۆمبیا، سویسڕا، و ھەندێک بەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئوستوڕاڵیا. لەزۆربەی ئەو وڵاتانەی ئاماژەی پێدرا تا کەسێک کە دەیەوێت بە شێوازی خۆکوژیی بەھاوکاری بمرێت بتوانێ مەرجەکانی ھاکاریکردنی یاساییانە بیگرێتەوە دەبێت چەند مەرجێکی تێدابێت، لەوانە ھەبوونی نەخۆشییەکی بێچارەسەر، دڵنیاکردنەوە لەوەی ئەقڵێکی سەلیمیان ھەیە، خۆویستانە و چەندبارە دووپاتی بکەنەوە کە دەخوازن بمرن و دەیانەوێت بڕە دەرمانێکی دیاریکراوی کوژەر بخۆن.

زاراوەکان

دەستکاری

خۆکوژیی کرداری کوشتنی خودە.

خۆکوژیی بەھاوکاری ھەرکەسێک دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی مادیی یارمەتی کەسێکی تر بدات تا بمرێت لەڕێگەی خۆکوژییەوە، وەک پێدانی ئامڕاز و ئامێر.

خۆکوژیی بەھاوکاری پزیشک پزیشکێک لەخۆ دەگرێت کە "زانیارانە و بەمەبەستانە زانیاری یان ھۆکاری پێویست یان ھەردووکی دەبەخشێت بە کەسێک تا خۆی بکوژێت، لەوانە ڕاوێژکردن لەبارەی ژەمی کوژەری دەرمان، ڕەچەتە نووسین بۆ ژەمێکی کوژەری لەو جۆرە یان دابینکردنی دەرمانەکان.

کوشتنی بەبەزەیی (Euthanasia) کوشتنی کەسێکە بە یان بەبێ ڕەزامەندی کەسەکە خۆی، تا وابکرێت چیتر کەسەکە ئازاری زیاتر نەچێژێت. کوشتنی کەسێک بە ڕەزامەندی خۆی دەوترێت کوشتنی بەبەزەیی خۆویستانە. کوشتنی کەسێک لەکاتێکدا کە لەتوانایاندا نییە ڕەزامەندی دەرببڕێت پێی دەوترێت کوشتنی بەبەزەیی خۆنەویستانە. کوشتنی کەسێک کە نایەوێت بمرێت، یاخوود لە توانایدایە ڕەزامەندی دەرببڕێت بەڵام ڕەزامەندییەکەی داوانەکراوە، ئەوا تاوانی کوشتنی بەبەزەیی نەخوازراوە.

مافی مردن ئەو بڕوایەیە کە پێی وایە خەڵکی مافی مردنیان ھەیە، ئیتر بە ڕێگە جیاوازەکانی خۆکوژیی و کوشتنی بەبەزەیی بێت، یاخوود ڕەتکردنەوەی چارەسەرە پزیشکییە ژیان پارێزەکان بن.

مردنی بەھاوکاری بەرامبەر خۆکوژیی بەھاوکاری

دەستکاری

ھەندێک داکۆکیکاری خۆکوژیی بەھاوکاری بەتووندی دژی بەکارھێنانی «خۆکوژیی بەھاوکاری» و «خۆکوژیی» دەوەستنەوە کاتێک کە ئەو زاراوانە ئاماژە دەکەن بە خۆکوژیی بەھاوکاری پزیشک، و دەستەواژەی «مردنی بەھاوکاری» یان لە لا پەسەندە. ھۆکار و پاڵنەری پشت ئەمەش ئەوەیە کە گفتوگۆی ئەم بابەتە دووربخرێتەوە لەو خۆکوژییانەی بەشێوەیەکی باو ئەنجام دەدرێن لەلایەن ئەو کەسانەی نەخۆشی بێچارەسەریان نییە و ئەو ھاوکارییەش نایانگرێتەوە لەو شوێنانەی ھاوکارییەکە یاسایییە. ئەوان پێیان وایە ئەو حاڵەتانە بەشێوەیەکی نەرێنی کارگەری کردووەتە سەر وشەی «خۆکوژیی» تا ئاستێک کە ھیچ پەیوەندییەکی بەو بەرودۆخەوە نەھێشتووەتەوە کە کەسێک بێچارانە ئازار دەچێژێت و پەنا دەباتە بەر مردنێکی ئارام.

ھۆڵەندا

دەستکاری

ھۆڵەندا یەکەمین وڵاتە لە جیھاندا کە بەفەرمی کوشتنی بەبەزەیی تێدا بەیاسایی کرد. خۆکوژیی بەھاوکاری پزیشک یاسایییە بە ھەمان ئەو مەرجانەی بۆ کوشتنی بەبەزەیی داندراون. خۆکوژیی بەھاوکاری پزیشک ڕێگەی پێدرا بە مادەی ٢٠٠١، کە تێیدا ڕێسا و پێداویستییە دیاریکراوەکان ڕا دەگەیەنێت لەپێناو بەخشینی ئەو جۆرە ھاوکارییە. خۆکوژیی بەھاوکاری لە ھۆڵەندادا دوابەدوای مۆدێلێکی پزیشکیی دێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەنیا پزیشکانی ئەو نەخۆشانەی ئازار دەچێژن «ناتوانن چیتر بەرگە بگرن و ھیوایەکیان نەماوە» ڕێگە پێدراون داوایەکی وەھا بۆ خۆکوژیی بەھاوکاری جێبەجێ بکەن. ھۆڵەندا ڕێگە بە کەسانی سەروو تەمەنی ١٢ ساڵی دەدات خۆکوژیی بەھاوکاری بگرنە بەر کاتێک واداندرا پێویستییە.

سەرچاوەکان

دەستکاری