جەمال مستەفا قەرەداغی

جەمال مستەفا قەرەداغی : ( ١٨٨٩ - ١٩٧١) مامۆستا و شاعیر

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

 
جەمال مستەفا قەرەداغی

شێخ مستەفای شێخ نەجیبی شێخ عەبدوللەتیفە کە دەچێتەوە سەر شێخ شەمسەدینی گەورەی مەردۆخییەکان. ١٨٨٩ لە شارۆچکەی (قەرەداخ)ی ناوچەی سلێمانی لەدایک‌بووە و لە سایەی پەروەردە و سەرپەرشتیی باوکی‌دا پێ‌گەیشتووە. لای شێخ جەلالی مامی دەستی داوەتە خوێندن و لای باوکی درێژەی پێ‌داوە و ئیجازەی زانستیی وەرگرتووە.[١][٢]

مامۆستایەتی دەستکاری

کە باوکی ساڵی ١٩٣٢کۆچی دواییی کردووە، جێی ئەوی گرتووەتەوە و خەریکی پێشنوێژی و دەرس وتنەوە و خوتبەخوێنی بووە و لە ١٩٤٧/٧/٢١دا بە ڕەسمی دامەزرێنراوە. بەردەوام فەقێی ڕاگرتووە و دەرسی لە زانستی جیاجیادا پێ وتوونەتەوە.

لەوانە فەقێی زیرەکی وەک :

  1. شێخ محەمەدی شێخ عومەری قەرەداخی
  2. شێخ باباعەلیی شێخ عومەری ئیبنولقەرەداخی
  3. شێخ عەلیی شێخ محێدینی نەوتی

ئیجازەی بە زۆر مەلای وەک :

  1. مەلا عەزیزی کانی ھەمزە
  2. مەلا محەمەدی چرچەقەڵا
  3. مەلا عەبدوڕڕەحمانی سابڵاخی

شێخ مستەفا زانایەکی شارەزای ھەموو زانستەکان، ڕەوشت بەرز، جوامێر و کۆمەڵایەتی و میوان دۆست بووە. فتوای زۆری لە مەسەلە شەرعییەکاندا داوە و کتێبێکی بە کوردی لە حیساب و بیرکاریدا داناوە.

لە دوادوایییەکانی ژیانیدا، ساڵی ١٩٦٤ پاش وێرانکرانی قەرەداخ، لە دێی (زەردیاوا)وە گواستوویەتیەوە بۆ سلێمانی. یەکەم جار لە مزگەوتی شێخ جەلالی قەرەداخی دانیشتووە، شێخ محەمەدی شێخ جەلالی ئامۆزای پێشوازیی لێ کردووە و حوجرەیەکی بۆ تەرخان کردووە. ئەو ماوەیە بووە بە سەرچاوەی متمانەپێکراوی مەلاکانی سلێمانی. دوایی بە ڕەسمی گواستراوەتەوە بۆ مزگەوتی عازەبانی (ھەلاجەکان).[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی دەستکاری

شێخ مستەفا دوو ھاوسەری ھەبووە:

  1. خاتوو عائیشەی شێخ محەمەدی شێخ ڕەشیدی قازانقایە، کە ١١/٨/١٩٦٨ لە سلێمانی مردووە، عەلی و خەیرییە و فاتمە و ئەجێ و شێخ جەمالی لێ بووە.
  2. خاتوو ڕەعنای شێخ فەرەجی شێخ عەبدولسەمەدی بێدەنی کە ٢٦/١١/١٩٨٢ سەری ناوەتەوە، عیسمەت و شێخ بەھادینی لێ بووە.

بەرهەمەكانی دەستکاری

دیوانی لەچاپدراوی نییە، ھەرچەندە لە گەلێک بۆنەدا شیعری وتووە. شێخ مستەفا، بە حوکمی ئەوەی ئەھلی زانست و زانین بووە، کتێبخانەیەکی گەورەی بووە، جاری یەکەم لە ساڵانی بیستدا سووتاوە، جاری دووەمیش ساڵی ١٩٦٥ لەگەڵ شارۆچکەی قەرەداخ سووتاوەتەوە و زۆر پەراوێز و دیوانی شیعرەکانیشی فەوتاون. شێخ، لە ١٩٣٢دا بۆ یەکەمین جار خوتبەی ڕۆژانی ھەینیی کردووە بە کوردی و شیعری لە (گەلاوێژ، ھەتاو)دا بڵاوبووەتەوە .[١][٢]

ھێندێ دانراوی دەستنووسی خۆیشی وەک:

  1. عیلمی مەنتیق بە کوردی
  2. نامیلکەی حیساب بە کوردی و عەرەبی
  3. رسالە فی النحو
  4. نامیلکە لە تەجویددا

كۆچی دوایی دەستکاری

شێخ مستەفا لە١٧/٥/١٩٧١دا لە سلێمانی کۆچیدواییی کردووە، تەرمەکەی براوەتەوە بۆ قەرەداخ و لە گردی گومەزی بە خاک سێردراوە.[١][٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ فاتح قەرەداغی، زانای پایەبەرز خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخ موستەفای شێخ نەجیبی قەرەداغی، گۆڤاری "قەرەداغ"، ژمارە ٢، نیسانی ٢٠٠٢، ل١٠-١٩؛ نۆ لاپەڕەی دەستخەتی ژیاننامەکەی کە بەڕێز شێخ فاتیحی قەرەداخی نووسیویە. بەڕێز شێخ محەمەدنەجمی شێخ جەمالی شێخ مستەفا گەیاندیە دەست.
  2. ^ ئ ا ب پ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8044 - 8045 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .