جەلال شەرەف
جەلال شەرەف : ( ١٩٢٤ - ١٩٩٧ ) سەرهەنگ و دامەزرێنێک و ئەندامی ڕێکخستنی (ئەفسەرانی ئازاد)
سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری
جەلال شەرەف ڕۆژی ١/١٠/١٩٢٤ لە شاری (کۆیە) ھاتووەتە دنیاوە. لە بنەڕەتدا خەڵکی دێی (نازەنین)ە و دوو برا (جەمال و جەمیل) و خوشکێک (ناجیە)ی ھەبووە. خوێندنی سەرەتاییی لە ١٩٣١دا ھەر لەوێ دەست پێکردووە. ١٩٣٧ چووەتە قوتابخانەی ناوەندی لە سلێمانی و پاشان قۆناغی دواناوەندیی لە ھەولێر بڕیوە.[١][٢]
کۆلیجی سەربازیی بەغدا دەستکاری
١٥/١١/١٩٤٢ لە کۆلیجی سەربازیی بەغدا وەرگیراوە، کە ئابی ١٩٤٥ تەواویکردووە، دامەزراوە بە مولازم لە ناوەندی مەشقپێکردنی ھەولێر (مرکز تدریب أربیل)ی لیوای دووەمی تیپی دووەمی سوپای عیراق. پاشان گواستراوەتەوە بۆ کەرکووک و تا ١٩٥٩ لەوێ ماوەتەوە و دوایی براوەتە مووسڵ.[١][٢]
ڕێکخستنی (ئەفسەرانی ئازاد) دەستکاری
ساڵانی پەنجا لە کەرکووک وەزیفەی دیوە و پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەفسەرانیتری کورد ھەبووە، بووە بە دامەزرێنەرێک و ئەندامی ڕێکخستنی (ئەفسەرانی ئازاد) کە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەفسەرانی کورد بەشدارییان تێدا ھەبووە و دوایی کودەتای ١٤/٧/١٩٥٨ی بە ئەنجام گەیاندووە.[١][٢]
چالاکیی کوردایەتیی دەستکاری
ئەوەبەدوا لەبەر چالاکیی کوردایەتیی، نازم تەبەقچەلیی سەرتیپی فیرقەی دوو لە کەرکووک دووریخستووەتەوە بۆ شاری مووسڵ. کە عەبدولوەھاب شەوواف لە حکوومەت ھەڵگەڕاوەتەوە و یاخیبووە لە مووسڵ، کەوتووەتە گرتنی کەسانی شیوعی و دیموکرات و ئەفسەرانی ئازادیخواز، یەکێکی ئەو ١٤ ئەفسەرە بووە کە دەستگیرکراوە و ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە. کە کودەتاکە شکستی ھێناوە، ڕزگاریبووە و گەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک. سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول، چالاکییەکی زۆری نوواندووە بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و پیتاک بۆ شۆڕش.[١][٢]
شەمەندەفەری مردن (قطار الموت) دەستکاری
لە کودەتای ٨/٢/١٩٦٣ی بەعسییەکاندا، جارێکیتر گیراوە و یەکێک بووە لەوانە کە خراونە ناو شەمەندەفەری مردن (قطار الموت) و بەرەو (نوگرەسەلمان) براون. ھەرچۆنێک بووە ڕزگاربووە و نزیکەی ساڵێک لەو بەندیخانەیەدا ماوەتەوە و دوایی خانەنشینکراوە.[١][٢]
پلەی سەرھەنگ (عەقید) دەستکاری
پاش بەربوون، چەند ساڵێکی پێچووە تا لە سەردەمی عەبدولڕەحمان عارفی سەرکۆماردا ھێنراوەتەوە بۆ ناو سپا و کراوە بە یاریدەدەری فەرماندەی کۆلیجی ئەفسەرانی یەدەک (كلية الضباط الإحتياط)، ماوەتەوە تا ١٩٧٣، کە پلەکەی گەیشتووەتە سەرھەنگ (عەقید) و خانەنشینبووە.[١][٢]
ژیانی هاوسەرگیری دەستکاری
جەلال شەرەف، ڕۆژی ١٩/٣/١٩٥٣ خاتوو سەعدییە عەبدولقادر عەبدولڕەحمانی خەڵکی کۆیەی ھێناوە و چوار منداڵی لێبووە: جوان- ژمێریارە لە ھەولێر، شوان و شیروان- وەرگێڕە لە ھۆڵەندا، نیان- کۆلیجی بایۆلۆجیی ھۆڵەندای تەواوکردووە. خۆیشی، ١٩٩٦ کوردستانی بە یەکجاری بەجێھێشتووە و ساڵانی کۆتاییی تەمەنیی لە شاری (ماسترێخت)ی وڵاتی ھۆڵەندا گوزەراندووە .[١][٢]
كۆچی دوایی دەستکاری
تا ڕۆژی ٩/٣/١٩٩٧ لەوێ بە نەخۆشیی درێژخایانی دڵ کۆچیدواییی کردووە.[١][٢]
شعر و ئەدەب دەستکاری
ئەم زاتە، دەستی شیعرنووسینی ھەبووە و ھێندێ شیعریشی لە پاش بەجێماوە .[١][٢]
سەرچاوەکان دەستکاری
- ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ ئەم ژیاننامەیە ئامادەکراوی خوالێخۆشبوو دکتۆر جەمیل شەرەف و بنەماڵەکەیەتی، لە ڕێی بەڕێز سەردار فەتاحەوە بەدەست گەیشتووە.
- ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8039 - 8040 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .