جوانیناسی یان فەلسەفەی ھونەر یەکێکە لە لقەکانی فەلسەفە کە دەپەرژێتە سەر سروشتی جوانی، ھونەر، تام و ھەروەھا ئافراندن و چێژ وەرگرتن لە جوانی. فەیلەسووفانی جوانیناس لە خۆیان دەپرسن مرۆڤ حەز بە دیتنی چی دەکات، یان حەز بە گوێگرتن لە چی دەکات و بۆچی حەز بەوانە دەکات.

وشەی جوانناسی دەستکاری

وشەی جوانیناسی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۷۵۰ی زایینیدا لە کتێبی ئیستاتیکای باومگارتن بەکار هات، لەم کتێبەدا باومگارتن هەوڵی داوە پەیوەندییەکی نێوان هەڵسەنگاندنی جوانی لە لایەکەوە تیۆری هونەر لە لایەکی دیکەوه دەستنیشان بکات. مەبەستی باومگارتن لەو کتێبەدا ئەوەیە کە ڕاڤەیەک لە هونەر بکات کە تیایدا هونەر وەک جۆرێک لە داهێنانی مرۆیی نوێندراوە کە مەبەست و دوائاکامی هەمان ئاراستەکردنی جوانییە. بەڵام گۆڕانکارێکی هەرە مەزن لەم بوارەدا ئیمانووێل کانت، فەیلەسوفی ئەڵمانی سەردەمی ڕۆشەنگەری، وەدیهێنا. لە کتێبی ڕەخنەی عەقڵی پەتیدا بە میتۆدی میتافیزیکی شیکاریی و وردبوونەوەی فەلسەفی ویستوویەتی بابەتی جوانیناسانە لێکبداتەوە. کانت جوانی وەکوو پردێک لە نێوان دوو جیهانی دەرهەست و بەرهەست دادەنێ و تام و چێژی بەدیهاتوو لە بەرهەمێکی هونەری، لە هەستەکانی تری مرۆڤ جیا دەکاتەوە و ناویان دەنێتە (تام و چێژی بێ لایەنەکان). لەم ڕوانگەیەوە جوانی وەک دیاردەیەکی سەرانسەر پەیوەندیدار بە هەستەوە ڕەچاو دەکرێ کە خاوەن بایەخێکی ڕۆحی و دەروونییە. لە سەدەی نۆزدەهەمدا هێگڵ (جوانی)ی بە وێنەی ڕەنگدانەوەی هەستئامێزی هزر لە قەڵەم دەدا و گرینگی زۆری دەدایە باسە تیۆریکانی کانت. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بەم لاوە، جوانیناسی بە شێوەیەکی بەربڵاو هاتە ناو جیهانی ئەدەبەوە.[١]

پەراوێزەکان دەستکاری

  1. ^ فەرهەنگی شیکارانەی زاراوەی ئەدەبی-بەختیار سەجادی، محەمەد مەحموودی