تێگەیشتن یان فامین واتە سەردەرکردنی ئینسان لە بابەتێ کە لە دەرەوە پێی نوێنراوە. وەک ئەو کاتە کە مامۆستایەک پرسێکی ماتماتیک بۆ خوێندکارێک شی ئەکاتەوە و خوێندکارەکە لە سەربەیەکتری بوون و پێک گەیشتنەوەی شتەکان لەو پرسەدا سەر دەر ئەکات.[١]

ڕۆبێرت ڕید، تێگەیشتن (١٨٩٦)

تێگەیشتن پرۆسەیەکی دەروونییە کە پێوەندیی بە شتێکی دەرھەست یان فیزیکییەوە ھەیە (بۆ نموونە، کەسێک، بارودۆخێک، یان بەتایبەت پەیامێک) و بەھۆیەوە مرۆڤ دەتوانێ لەو شتە بفکرێ و بۆ تاوتوێکردنی چەمکان بەکار بێنێ.

تێگەیشتن و چەمک پێوەندییەکی زۆر نزیکیان ھەیە؛ بۆیە لە زمانی کودریدا ھەندێ جاران بە چەمک دەوترێ تێگەیشتە یان تێگەھ.

ڕوانگەی کانت دەستکاری

کانت دەیوت تێگەیشتن ھێزی دەرکردنی حوکمە لەمەڕ ئەو شتەوە کە بەدی کراوە. ئەم کارەش بە ھۆی چەمکەوە دەکرێ. چەمکیش دوو جۆرە: ئەزموونی و پێش-ئەزموونی. چەمکی ئەزموونی لە ڕێگەی داڕووتاندن و دەرھەستاندنی ئەزموون و ھەستەوە بە دەست ھاتووە، وەک چەمکی «پشیلە». کاتێ حوکم دەکەین «ئەوە پشیلەیە» یانی لەوەی کە دیومانە تێگەیشتووین. چەمکی پێش-ئەزموونی یا چەمکی پێشینی بەو چەمکە دەوترێ کە بە دەرھەستکاری لە ئەزموونەکاندا بە دەست نایێت، خۆی نابینرێ و بەدی ناکرێ، بەڵام ئەقڵ بە بەکارھێنانی دەتوانێ خۆی لەوەی کە بینراوە و بەدی کراوە تێ بگەیێنێ. بۆ وێنە، کە حوکم دەکەین «ئەوە پشیلەیە»، جگە لە چەمکی «پشیلە» کە ئەزموونییە، چەمکێکی تریشمان بە کار ھێناوە کە پێشینییە، ئەویش کانت وتەنی چەمکی «تەواوێتی»یە (totality). حوکمەکە بۆ «تەواوێتی»ی ئەو گیاندارە دەر چووە. یانی زەینی ئێمە لە «تەواوێتی» تێ دەگات و ئەم تێگەیشتنەشی لە ڕێی ئەزموونەوە دەست نەکەوتووە.[٢]

ڕوانگەی ھێرمینۆتیک دەستکاری

زانایانی ھێرمینۆتیک دەڵێن فام یا تێگەیشتن ھەمان لێکدانەوە و وەدیارخستنی مەعنای شتەکانە، بۆ وێنە، مەعنای وشەکان و نیشانەکان و ڕووداوەکان. ئەم کارەش لە ڕێگەی تێکەڵکردن و یەکپارچەکردنی ئەو شتانە لە ناو دڵی تەڤاھییەکی مەعناییدا بە ئەنجام دەگات. تێگەیشتن وەرگرتن و گواستنەوەی پەتیی زانیاری نییە؛ لە زانین ئەولاتر دەچێ. بۆ تێگەیشتن مرۆڤ دەبێ ھەم فاکتەکان وەربگرێ و ھەم ئاوێتەی تێکڕایییەکی مەعناداریان بکات و لەوێ لە جێگای خۆیان دایان نێت. بۆ نموونە، کاتێ مرۆڤ سندووقێ ببینێ کە وشەی «fragile» یا «زوو دەشکێت» بە سەریەوە نووسراوە، ھەوڵ دەدا لە ھەڵگرتن و گواستنەوەیدا زۆرتر وشیار و وریا بێ، ئەگەرچی ناشزانێ چیی تیایە. ئەمە لەبەر ئەوەیە کە خێرا ئەو وشەیە ئاوێتەی تێکڕایییەکی مەعنادار دەکا کە لە تەرازی زانیاریی پەتی ئەولاترە، ئەولاتر لە شیکردنەوەی زمانەوانانەی وشەکە. وشەکە بە گوێرەی ئەوەی لە ژیانی خۆیدا بە سەریا ھاتووە و، بە گوێرەی شێوەی ڕوانینی ئەو کولتوورەی تێیدا گەورە بووە بۆ ماڵ و دارایی، لێک دەداتەوە و تەفسیر دەکاتەوە.[٣]

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ خوانساری, محمد (1356). فرهنگ اصطلاحات منطقی. انتشارات بنیاد فرهنگ ایران. صفحه ۱۱۶. {{cite book}}: Unknown parameter |nopp= ignored (help)
  2. ^ هارتناک, یوستوس (1401). نظریه معرفت در فلسفه کانت. هرمس. pp. 32–41.
  3. ^ Zimmermann, Jens (2015). Hermeneutics: a very short introduction.