تیۆریی ڕێژەیی

(لە بیردۆزی ڕێژەییەوە ڕەوانە کراوە)

تیۆریی ڕێژەیی یان بیردۆزی ڕێژەیی (بە ئینگلیزی: Theory of relativity) لە فیزیک، بەگشتی دوو تیۆریی ئەلبەرت ئاینشتاین دەگرێتەوە: تیۆریی ڕێژەیی تایبەت و تیۆریی ڕێژەیی گشتی. تیۆریی ڕێژەیی تایبەت بۆ گەردیلە بنەڕەتییەکان و کارتێکەرییان لەسەر یەکدی بەکار دەبرێت و ھەروەھا ھەموو دیاردە فیزیکییەکانیان بێجگە لە ھێزی ڕاکێشان، ڕاڤە دەکات. تیۆرییی ڕێژەیی گشتی شرۆڤەی ھێزی ڕاکێشان و پەیوەندیی ئەم ھێزە بە ھێزەکانی دیکەی سروشتەوە دەکات. ئەم تیۆرییە لە گەردوونناسی، ئەستێرەفیزیک و ئەستێرەناسیشدا بەکار دەبرێت.

دەرھاوێشتەیەکی دووڕەھەندی لە چەمانەوەی کاتـجێ لە بۆشایییەکی سێڕەھەندیدا، کە لە تیۆریی ڕێژەیی ئاینشتایندا دێتە بەر باس.

تیۆریی ڕێژەیی ئاینشتاین فیزیکی ھزری (بە ئینگلیزی: Theoretical physics) و ئەستێرەناسیی سەدەی ٢٠ـەمی گۆڕی و جێگەی تیۆریی ٢٠٠ ساڵەی میکانیک (میکانیکی کلاسیک)ی گرتەوە کە ئیسحاق نیۆتۆن دایڕشتبوو.

لە دوای ساڵانی ١٩٨٠وە فیزیکزانان پڕۆژەیەکیان دەست پێکردبوو بۆ پێکەوە گرێدانی ئەلەکترۆموگناتیسی جەیمز ماکسوێڵ بە میکانیکەکەی ئیسحاق نیۆتۆنـەوە. تیۆریی ڕێژەیی دەرەنجامی ئەو پڕۆژەیە بوو. لەو پڕۆسە و ڕەوتەدا چەندین کێشەی تیۆریی سەریان ھەڵدا. چارەسەرێک کە پێدەچوو کاردانەوە و شوێنھاتی زۆر گشتگیر دوای خۆی جێ بھێڵێت پێشنیار کرا و لە دووتوێی بابەتێکدا ساڵی ١٩٠٥ز بە زمانی ئاڵمانی لەژێر ناوی «ئەلەکترۆدینامیکی تەنە بزۆزەکان» (بە ئاڵمانی: Zur Elektrodynamik bewegter Körper) لە گۆڤاری «ساڵنامەی فیزیک» (بە ئاڵمانی: Annalen der Physik) چاپ و بڵاو بووەوە. نووسەری ئەو بابەتە ئاڵبرت ئاینشتاین بوو.

تیۆریی ڕێژەیی تایبەت و پـێزەکانی ئاینشتاین دەستکاری

بە وتەی ئاینشتاین خۆی، تیۆریی ڕێژەیی تایبەت لەسەر دوو پـێزی١ بنەڕەتی دامەزراوە:

  1. یاساکانی فیزیک بۆ ھەموو بینەرێک کە لە ئاستی یەکدا بە شێوەی یەکنەوا لە جووڵە/بزووتندان (بزووتنی یەکنەوا: uniform motion)، یەکسانن (پرەنسیپی ڕێژەیایەتی/ بنەمای ڕێژەیایەتی)
  2. خێرایی ڕووناکی لە بۆشاییدا٢ هەردەم و بۆ ھەموو بینەرێک یەکسانە، بێ گرینگیدان بەوەی کە بینەر یان سەرچاوەی ڕووناکییەکە لە ئاستی یەکدا لە جووڵەدا بن یان نا.

تیۆریی بەدەستھاتوو لەم پێزانە زۆر باشتر لە میکانیکی کلاسیک لەگەڵ تاقیکارییەکاندا دێتەوە. بۆ وێنە پێزی ژمارە ٢ دۆنگی (دەسکەوت، ئەنجام)و ئاکامی تاقیکاریی مایکڵسنـمۆرلیمان بۆ ڕاڤە و ڕوون دەکاتەوە.

بێجگە لەوەش، ھەندێک دەرەنجام و شوێنھاتی سەرسووڕھێنەر و دژەخۆماکی (counterintuitive)ی لێ دەکەوێتەوە. ھەندێکیان بۆ نموونە ئەمانەن:

  • ھاوکاتیی ڕێژەیی (بە ئینگـ: Relativity of Simultaneity): دوو ڕووداو کە پێدەچێت بۆ بینەرێک ھاوکات ڕوو بدەن، مەرج نییە بۆ بینەرێکی دیکەش ھاوکات ڕوو بدەن ئەگەر ئەم دوو بینەرە لەئاستی یەکدا لە جووڵەدا بن.
  • درێژبوونەوەی کات (بە ئینگـ: Time dilation): کات لەو کاتژمێرانەدا کە لە جووڵە و ڕۆیشتندان خاوتر/ھێواشتر تێدەپەڕێت لەچاو کاتژمێرێکی ھادار (ھادار: نەجووڵ، بێبزاو، بە ئینگـ: Stationary)
  • کورتبوونەوەی درێژایی (بە ئینگـ: Length contraction): ھەموو شتومەکێک، تەنێکی فیزیکی، لەو ئاڕاستەیەی لەمەڕ بینەرێکدا لە بزووتندایە، کورتتر دێتە بەرچاو.
  • خێرایی سنووری ھەیە: ھیچ تەنێکی فیزیکی، ھیچ پەیامێک یاخود شتێکی دی ناتوانێت بە خێراییەکی زۆرتر لە خێرایی ڕووناکی بڕوات.
  • کاریگەریی ھێزی ڕاکێشان تەنیا دەتوانێت بە خێرایی ڕووناکی لە بۆشاییدا بڕوات، نە زۆرتر یان دەمودەست.
  • یەکسانی بارستەـوزە (بە ئینگـ: Mass-Energy Equivalence):  ، وزە و بارستە دەساندەس (بەرامبەر، یەکسان)ی یەکن و دەتوانین بۆ یەکتریان بگۆڕین؛ واتە، وزە دەتوانێت ببێت بە بارستە و بارستەش ببێت بە وزە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. پـێز: یاسا، بنەما، ئەسڵ. بە ئینگـ: Postulate, axiom. "پێز" داخواز، وتە یان دەربڕینێکە کە ڕاستی و دروستییەکەی لەسەلماندن نایەت، بەڵام ناچارین بەڕاست وەری گرین، تا وەکوو خاڵێکی دەستپێک و بنچینەیەک بەکاری بێنین بۆ بەڵگە و گۆڤانییەکانی دیکەمان.
  2. بەتاڵی: بە ئینگلیسی: Vacuum، بە عەرەبی/فارسی: خلاء."بەتاڵی بە جێگایەک دەڵێن کە ھیچ چەشنە ماک (ماددە، ئینگـ: matter)ێکی تێدا نەبێت.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • Relativitetsteorien(1926). Oslo، نووسراوی Olaf Valuer. بە زمانی نوروێژی.
  • Einstein A. (1916), Relativity: The Special and General Theory (Translation 1920), New York: H. Holt and Company
  • ویکیپێدیای ئینگلیسی: Theory of relativity