ئەحمەد کایا

گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێکی کورد (١٩٥٧–٢٠٠٠)

ئەحمەد کایا (٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧ لە مەلەتی، تورکیا – ١٦ی تشرینی دوەمی ٢٠٠٠ لە پاریس، فەڕەنسا)[٣][٤] گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێکی کورد بوو کە لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕی، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریکی مۆسیقا بووە.[٥][٦] پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئەستەمبوڵ شۆفێری تەکسی بووە[٥] ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە.[٤]

ئەحمەد کایا

لەدایکبوون٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧
مەرگ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠(٢٠٠٠-١١-١٦) (٤٣ ساڵ ژیاوە)
پیشەشاعیر، گۆرانیبێژ، چالاکی سیاسی
چالاکبوون١٩٨٥–٢٠٠٠
خەڵاتەکان
  • خەڵاتی گۆرانیبێژی ساڵ - ١٩٩٩ - ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی تابلۆید (شەوی ئاژاوەکە)
  • خەڵاتی سەرۆکایەتی تورکیا - پاشمەرگ[١]
  • خەڵاتی داوای لێبوردن - ٢٠١٢ - ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی تابلۆید (ھەمان ڕێکخراوی شەوی ئاژاوەکە)[٢]
وێبگەwww.ahmetkaya.com

کایا لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئەلبومی خۆی بە ناوی «مەگری کۆرپەکەم» بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاری بکات.[ژێدەر پێویستە] ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بەھاوکاری دۆستەکانی یەکەمین ئەلبومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکوومەت ئەلبومەکەی قەدەغە کرد.[٤]

کایا لە مناڵییەوە ڕۆحێکی یاخی ھەبووە و ھەندێک جاران لەگەڵ یاسا تووشی کێشە بووە، ھەر لەو کاتەوەی لە ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپکردنی لافیتەی نایاسایی گیرا.[٦] لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بەردەوام بوو لە مۆسیقا و گۆرانی لە «یانەی زانستەکانی خەڵک» کە وای کرد کایا زیاتر برەو بدا بە گیانە یاخییەکەی.[٦] ئەمەش دواتر لە زۆربەی ئەلبوم و گۆرانییەکانی کایادا ڕەنگ دەداتەوە و ڕووداوەکانی تری ژیانی کایاش بەدوای خۆیدا دەھێنێت.[١][٧] لەیەکەم ھەوڵیشیدا بۆ دەرکەوتن، دوای کۆنسێرتێکی سازژەنی بەناوبانگ بە ناوی «ڕووحی سو»، چووە زانکۆی «بۆغاز ئیچی» و داوای لە ڕووحی کرد کە گوێ لە سازژەنینەکەی بگرێ. دوای ئەوەی داواکارییەکەی قبووڵ کرد، ڕووحی لە نیوەی ژەنینەکەی کایادا سازەکەی لەدەست وەرگرت و پێی وت «ساز نابێ بە شێوەیەک بژەنرێ وەک ئەوەی سواری ئەسپ بی، بەڵکو دەبێت بە نەرمی بیژەنی.» کایا لەسەر شێوازی ژەنینەکەی خۆی سوور بوو.[٤]

ژیان دەستکاری

سەرەتای ژیان دەستکاری

کایا پێنجەم و دوا مناڵی خێزانەکەی بووە، باوکی کورد و دایکی تورک بوو. باوکی بە ئەسڵ خەڵکی سەمسوور بووە، و بۆ دۆزینەوەی کار ڕۆیشتووەتە مەلەدی. کاتێک کایا لەدایک بوو، باوکی لە کارگەیەکی دەوڵەتدا کاری دەکرد. دایک و باوکی و ھەر پێنج مناڵەکە لە خانوویەکی بچووکی کارگەکەدا دەژیان.[٧] لە نۆ ساڵیدا لە کارگەکەی باوکی دەستی بە گۆرانیوتن کرد بۆ کرێکارەکانی تر لە شەوی جەژنی کرێکاراندا.[٤]

دوای ئەوەی گەورەتر بوو، کایا دەچوو بۆ خوێندنگە و کاتەکانی تریش لە فرۆشگەیەکی فرۆشتنی قەوان و کاسێتدا کاری دەکرد.[٤] ئیشکردن لەو فرۆشگایەدا وای لە کایا کرد کە بە شێوەیەکی باشتر شارەزای مۆسیقا و ئاوازدانان بێت.

ھاوسەرگیری لەگەڵ گولتەن دەستکاری

گولتەن کایا (پێش شووکردن بە کایا نازناوی خەیاڵئۆغڵوو بووە) دوای بڵاوکردنەوەی دووەم ئەلبوومی بەناوی "تێکئاڵان بە ئازار" ھاوسەرگیری دەکات لەگەڵ کایا. لە ساڵی ١٩٨٥دا گولتەن ھەڵبەستی "ئاوازی شەبەق"ی نەوزاد چەلیک دەگەیەنێتە کایا کە بۆ دایکی نەوزاد نوسراوە لە سجنەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦یشدا "کاتێک دێ" بڵاو دەکاتەوە. لەدوای ھاوسەرگیری لەگەڵ گولتەن، کایا دەبێتە ناسراوی یوسف خەیاڵئۆغڵوی برای گویلتەن کە زۆرێک لە گۆرانییەکانی کایا ھۆنراوەی ئەون.[٦]

شەوی خەڵاتەکە دەستکاری

 
گۆڕی ئەحمەد کایا لە پاریس. بە تورکی نوسراوە: لەلایەن کچەکەی مەلیس و ژنەکەی گولتەنەوە دروست کراوە بەو وزە و شەرەفەی بۆی بەجێ ھێشتن.

ئەحمەد کایا کە بە گۆرانییە کۆمەلایەتییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردی تورکیا دەکات، ئەم شێوازەی گۆرانیوتن و لایەنگری کەمینەکان دەبێتە ھۆی لە بەندیخانە کران و قەدەغە بوونی گۆرانییەکانی کایا و ھەروەھا ڕێگای گۆرانی گوتنیشی لێ تەنگ دەکرێتەوە.

لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ کایا براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی چاپی تابلۆید دەبێت و براوەی خەڵاتەکە دەر دەچێت.[٥] کاتێک خەلاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵ کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا پەخش دەکرێ وەردەگرێ، ڕای دەگەیەنێت: «من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبۆمە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم. گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبۆمە تازەکەم بڵاوبکەنەوە.»[٧] دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: (خاین! بڕۆ دەرێ).

دادگاییکردن و دەرکران لە تورکیا دەستکاری

دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ ڕۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندن داوای حوکمی ئیعدامیشیان بۆ کرد. لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو کە یەکەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەکەی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکەم بابەتی دژی کایا بڵاوکردوە بە وێنەیەکی دروستکراو گوایە کایا لە بەرلین کۆنسێرتی کردوە و پارەی بۆ پەکەکە کۆکردووەتەوە کە ھەڵبەستراو بوو.[٨][٩] دواتریش چەن بابەتی دیکەی بە دواتا ھات.[١٠] بەڵام ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا. دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی بۆ ئەو دا. ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو داکۆکینامەیەی ئەحمەد کایا لەبەردەم دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا پێشکەشی کرد لە ساڵی ١٩٩٩دا:

"لەساڵی ١٩٨٥ەوە مۆسیقارێکی پیشەییم. ژنم ھێناوە و دوو کیژی حەڤدەو دوازدە ساڵەم ھەیە. سەدان سترانم داناوەو گەلێ ئاوازیشم بۆ کەسانی دیکە داناوە. حەڤدە ئەلبومم بلاوکردووەتەوە کە چەندان میلیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە."..."لەولاتانی دنیا کۆنسێرتم کردوە و چەند جارێک وەک گۆرانیبێژی ساڵ لەلایەن دەزگا ھونەرییە جۆراوجۆرەکانەوە ھەڵبژێردراوم و خاوەن دەیان خەڵاتم. تا تەمەنی چلودوو ساڵی لەم وڵاتەدا بە تورکی بیرم کردووەتەوە، بە تورکی گۆرانیم نوسیوە و گوتوە. ھاوولاتییەکی ئەم دنیایەم کە خۆی بەموڵکی ھیچ ناوچەیەک نازانێ و ھەست و سۆزم سنوردار نەکردوە بە ھیچ شێوەیەک تا ئەو ڕادەیە کەسێکی مۆسیقاژەنم. دڵم ئەوەندە گەورەیە جێگای چاکەی گشت زمان و کولتوور و باوەڕو گۆرانییەکانی دنیای تێدا دەبێتەوە. خەڵاتێکی ترم وەرگرت (مەبەستی شەوی ١٠ی شوباتی ١٩٩٩یە) کەچی دنیام لێگۆڕا. لەلایەن ھەندێ ھێزی دیار و نادیارەوە بە یەک شەو تۆمەتی خەیانەت، دووبەرەکی خواز، ئەڵقە لەگوێ و بێئەدەب و بێئەقڵ و شێت یان دایە پاڵم."... "روانگەو قسەی مرۆڤێک، کە بنەمای ھەموو ئەم تۆمەتانە، لە ھیچ ولاتێکی پێشکەوتوو و یاسا پەروەردا بە تاوان و تۆمەت ناژمێردرێن".[١١]

مەرگ دەستکاری

لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، بەهۆی جەڵدەی دڵەوە کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس «پیرلاشیز»[٣] بەخاک سپێردرا. یڵماز گونەیش ھەر لەوێ بەخاک سپێردراوە کە کایا گۆرانی «ناوی یڵماز»ەی بۆ وتوە. گویلتەنی خێزانی وتویەتی: «تا لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا بە کوردی گۆرانی نەوترێ ئەمەوێ مەزاری لە فەڕەنسا بێت».[٣]

دوای مەرگ دەستکاری

دوای خۆی، «گوڵتەن»ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی بەناوی «گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم» بڵاوکردەوە. چەن ئەلبومێکی تریش دوای خۆی بڵاوکرانەوە و بەھاتنە سەر حوکمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش ناوبانگی کایا زیاتر گەشەی سەند. ھەر لە ماوەی ئەوەی بە «کرانەوەی دیموکراسی» ناوزەندکرا، بۆ یەکەمجار دەزگای پەخشی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا TRT قەدەغەی ھەڵگرت لەسەر بەرھەمەکانی ئەحمەد کایا.[١٢]

دیسکۆگرافی دەستکاری

ئەلبومەکان دەستکاری

  • مەگری کۆرپەکەم (١٩٨٥)
  • تێکئاڵان بە ئازار (١٩٨٥)
  • ئاوازی شەبەق (١٩٨٦)
  • کاتێ دێ (١٩٨٦)
  • دیموکراتی ماندوو (١٩٨٧)
  • سەربەرزدەکەمەوە (١٩٨٨)
  • خوێندنەوە-١ (١٩٨٩)
  • گوڵێکی نییەت چاک - کۆد ناوی بەختیار (١٩٨٩)
  • خوێندنەوە-٢ (١٩٩٠)
  • دیواری خۆشەویستی (١٩٩٠)
  • تووشی بەڵا بووم (١٩٩١)
  • بەرم مەکەوە ئەسوتێی (١٩٩٢)
  • ناجێگیر (١٩٩٣)
  • گۆرانییەکانم بۆ شاخەکانە (١٩٩٤)
  • بمدۆزەوە (١٩٩٥)
  • ئەستێرە و مانگاشەو (١٩٩٦)
  • بەرامبەر دۆست و دوژمن (١٩٩٨)

پاشمەرگ:

  • خوات لەگەڵ چاوەکەم (٢٠٠١)
  • تۆزێکیش تۆ بگری (٢٠٠٣)
  • با داواکەم بمێنێ (٢٠٠٥)
  • فرمێسکەکانم بوونە ھەزارساڵە (٢٠٠٦)
  • بابا-ئەرۆ تەنھام ئەحمەد کایا (٢٠١٢)


ڕێزلێنانی ئەردۆغان دەستکاری

ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە ٢٦ی ئەیلوولی ١٩٩٩دا کاتێک لەسەر خوێندنەوەی شیعرێکی سیاسی ١٠ مانگ زیندانی دەکرێ ئەو ڕۆژە بۆ زیندان دەبرێ، کایا بەیادی ئەو گۆرانی «ئاوازی شەبەق» دەڵێت و دەڵێ «ئەمە بۆ ھەموو ئەوانەی لە زیندانن و دەچنە زیندان»[١٠][١٣] بۆیە ئەردۆغانیش دوای ھاتنە سەر حوکوم ئەوەی لە یاد بوە و ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی دواتر بە فەرمی کایا دوای مەرگی ڕێزی لێ بگیرێت. لە کاتی ڕووداوەکانی پارکی گێزی ئەستەمبوڵیشدا، دەستەواژەی «ھەتیو ھەمووتان لەوێ بوون» بڵاو بوەوە کاتێ ئەردۆغان باسی ئەو ھونەرمەندانەی دەکرد کە دەیانوت ئەو شەوەی کایا لەوێ نەبوون.[١٤]

خەڵاتی سەرۆکایەتیی تورکیا دەستکاری

عەبدوڵا گولی سەرۆکی تورکیا خەڵاتی «گەورە»ی بەخشییە کایا پاش مەرگی لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣دا.[١] یەکێ لەو ھۆیانەی دەکرێ ئەم سەرۆکەی تورکیا ئەو کارەی کردبێ ئەوەیە کە سەرۆک وەزیران ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕێزی تایبەتی لە کایا گرت دوای ھاتنە سەر حوکم.[١٠]

ناوبانگ دەستکاری

 
ڕێزلێنانێک لە ناوبانگی کایا لە ئۆکمەیدانی، ئەستەنبوڵ، گرافیتییەکە نوسراوە: "تەنھا دەرمانێک بە گوێ بکێشرێ ئەحمەد کایایە"

لە تورکیا دەستکاری

پێش دەرچوونی لە تورکیا، جگە لە دەرکەوتنی تر، ١٣ ئەڵقە بەرنامەی کەناڵ دیی تورکی لە ١٩٩٥ بەناوەوە بووە بەناوی «کەشتییەکەی کاک ئەحمەد» (بە تورکی: Ahmet Abinin Vapury).[١٥] ھەم بەھۆی ئاست و ئاخاوتنی لەگەڵ گوێگر، ھەم بەھۆی ڕووداوەکانی شەوی خەڵاتەکەوە، ناوبانگی کایا گەورەیە. جگە لەوەی ھەم ئەوانەی شەوی خەڵاتەکە ئازاریان دا دوای مەرگی داوای لێبوردنیان لێ کرد ھەم لەناو خەڵکیشدا باوە. ھەروا کتێبیش نوسراوە چ دەربارەی خۆی چ دەربارەی ھونەر و گۆرانییەکان، بۆ نموونە کتێبی «خوات لەگەڵ چاوەکەم» کە ھەمان ناونیشانی ئەلبومەکەی ٢٠٠١یەکە.[١٦] زۆر لە ھونەرمەندە تورکەکانیش گۆرانییەکانی کایایان وتووەتەوە و بەناوبانگتریان کردوە.[١٧]

لەناو کورد دەستکاری

زۆرێک لە گۆرانییەکان و کلیپەکانی کایا وەگێڕدراون بۆ سەر سۆرانی.[١٨] زۆرێک لە شوێنەکانی باشووری کوردستان بەناوی ئەحمەد کایاوە ناونراون، لەوانە شەقامی کایا و پارکی ئەحمەد کایا لە سلێمانی.[ژێدەر پێویستە] چەندین بەرنامە و دۆکومێنتاری لەسەر ژیانی کایا لەلایەن کەناڵە کوردییەکانیشەوە ئامادەکران و بڵاوکراونەتەوە. لەوانە، «کۆلارەکەم بوو بە تەلەوە» وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی بەناوی «ئەستێرەیەک ناوی ئەحمەد قایا بوو» لە کەناڵی گەلی کوردستان.[١٩]

لە جیھان دەستکاری

کاتێ گۆرانیبێژی ئینگلیز ئەدێڵ گۆرانی Million Years Ago - ملیۆنێک ساڵ لەمەوپێش -ی بڵاوکردەوە لە میدیاکانی بەریتانیا ھەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە دەکرێ ئەدێڵ ئاوازی «تێکئاڵان بە ئازار»ی کایای بەکارھێنابێ لەبەر لێکچوونی ئاوازەکان.[٢٠] ڕەخنەگری تورک نەعیم دیلمەنەر بە تەلەگرافی بەریتانی وتوە: «باوەڕناکەم ئەدێڵ گوێی لە کایا گرتبێت».[٢٠] دەکرێ ھەواڵەکان تەنھا وروژاندن بێ بەڵام دەری دەخات کە کایا دەنگێکی ناسراوە لەدەرەوەی تورکیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.[٢١]

ھەڵبەستەکان دەستکاری

جۆر دەستکاری

زۆرێک لە گۆرانییەکانی کایا ھۆنراوەی شاعیری کورد یوسف خەیاڵۆغڵوو بوون و ئەم کردوونی بە گۆرانی. بە گشتی ئەو ھەڵبەستانەی کردوە بە گۆرانی کە لەگەڵ حەز و کەش و ھەوای ئەو دەمەی تورکیادا ئەگونجان. ئەمەش وای کردوە دوای خۆشی خەڵکێک لە تورکیا ھەن کە گوێگرتن لە گۆرانییەکانی ئەو بە گوێگرتن لە کەسێکی «خائین و تیرۆریست» ناو دەبەن.[٢٢] ناونیشانی ئەلبومەکانیش زیاتر ئەمە نیشان دەدەن، بۆ نموونە «تێکئاڵان بە ئازار»، «بەرم مەکەوە ئەسوتێی»[٢٣] و ھتد. ھەروا دوای دەرچوونی لە تورکیاش ئاشکراتر خۆی وەک دژی سیستمی دەوڵەتی تورکیا و پشتیوانی بۆ پەکەکە و جووڵانەوەی کورد لە تورکیا تۆختر کردەوە بۆ نموونە گۆرانیوتن بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان بە گۆڕینی وشەکانی گۆرانی «بیری ئاشتی دەکەین» لە ڤیستیڤاڵی ئازادی و دیموکراسی لە میونیخ.[٢٤]

سەردێڕی ھەندێکیان دەستکاری

  • یاخی دەبم
  • فریام کەوە
  • تۆو
  • ئیدی بەسە
  • مەرگیش دەلەرزێ
    • پارچەیەکی:

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب ڕۆژنامەی زەمان ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. خەڵاتی سەرۆکی تورکیا بۆ کایا دوایین سەردان ٦/١١/٢٠١٣
  2. ^ ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسان ڕێز لە کایا دەگرن، ڕۆژنامەی حوڕییەت. ١٩-٦-٢٠١٢. دوا سەردان ٢٩-٩-٢٠١٨
  3. ^ ئ ا ب ھەواڵی مردنی[بەستەری مردوو]، ڕۆژنامەی حوڕییەت، ١٧٫١١٫٢٠٠٠. دوا سەردان ١٩٫٥. ٢٠١٤
  4. ^ ئ ا ب پ ت ج ژیاننامەی ئەحمەد کایا ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. (ئینگلیزی) ماڵپەڕی فەرمی دوایین سەردان ٢٨/٩/٢٠١٨
  5. ^ ئ ا ب "IMDb". ئای ئێم دی بی. Retrieved 28-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)
  6. ^ ئ ا ب پ "ئەحمەد کایا کێیە؟ (تورکی)". ڕۆژنامەی سەباح. Archived from the original on 12ی Februaryی 2019. Retrieved 28-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  7. ^ ئ ا ب ئەرسلانبەنزەر, ھاکان (١٧-٤-٢٠١٥). "ئەحمەد کایا: لە ئامێزگرتنی خەفەت". دەیلی سەباح. Retrieved 28-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)
  8. ^ ئەرشیڤی حوڕیەت ٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. چاوەکەم عەیبت کرد، بابەتەکەی حوڕییەت، دوایین سەردان ٦/١١/٢٠١٣
  9. ^ کایا نەیویست ئەو شەوە بڕوات - بەتورکی. گۆڤاری ئاکسیۆن چاوپێکەوتن لەگەڵ ئومێد یڵماز. ١٤/١٢/٢٠٠٩. دوا سەردان ١١/٤/٢٠١٥[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  10. ^ ئ ا ب ئەلمۆنیتەر ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. ڕۆژنامە تورکییەکان چۆن گۆرانیبێژێکی کوردیان بەبێ مەحکەمە کوشت، دوایین سەردان ٦/١١/٢٠١٣
  11. ^ باڵجی, موحەڕڕەم. "دەقی بەرگریکردنەکەی کایا لە دادگا" (PDF). Archived from the original (PDF) on 23ی Novemberی 2018. Retrieved 29-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  12. ^ Gunes, Cengiz (2014). The Kurdish Question in Turkey: New Perspectives on Violence, Representation and Reconciliation. New York: Routledge. pp. ٢٣٣. ISBN 978-0-415-83015-7.
  13. ^ "ئەردۆغان کایای بیرنەکرد". ڕۆژنامەی حوڕییەت. ١٦-١١-٢٠١٣. Retrieved 29-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)
  14. ^ یەنی شەفەق (١٩-١١-٢٠١٣). "ئەوانەی پەلاماری ئەحمەد کایایان دا لە پارکی غازی بوون". ماڵپەڕی یەنی شەفەق. Archived from the original on 4ی Januaryی 2020. Retrieved 29-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date=، |date= و |archive-date= (help) ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  15. ^ "تۆماری Ahmet Abi'nin vapuru لە ئای ئێم دی بی". ئای ئێم دی بی. Retrieved 29-8-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)
  16. ^ ئۆزتورک, بیرۆڵ (2015). خوات لەگەڵ چاوەکەم (٢٨٨ پەڕە). ئەستەنبوڵ: چاپخانەی یاسۆن. ISBN 6059869009.
  17. ^ خەبەرلەر (٢٢-٢-٢٠١٤). "گۆرانییەکانی کایا بە دەنگی ٢٧ گۆرانیبێژ". ماڵپەڕی خەبەرلەر. Archived from the original on 30ی Decemberی 2019. Retrieved 29-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date=، |date= و |archive-date= (help)
  18. ^ نەریمان, سیامەند، مافی بڵاوکردنەوەی کۆمپانیای غەم موزیک. "گۆرانییەکانی ئەحمەد کایا". یوتیوب. Retrieved 29-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)
  19. ^ گەلی کوردستان (١٧-١١-٢٠١٨). "ئەستێرەیەک ناوی ئەحمەد قایا بوو". یوتیوب. گەلی کوردستان، ھەولێر. Retrieved 29-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)
  20. ^ ئ ا سۆندەرز, تریسترام فرانس (٨-١٢-٢٠١٨). "بەڕاست ئەدێڵ کۆپی گۆرانیبێژی کورد ئەحمەد کایای کرد بە ئاوازی ملیۆنێک ساڵ لەمەوپێش؟". ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی. Retrieved 29-8-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)
  21. ^ بی بی سی (٨-١٢-٢٠١٥). "ئەدێڵ تۆمەتبار دەکرێ بە قۆپیکردن لەلایەن ھەوادارانی مۆسیقاری تورک ئەحمەد کایاوە". بی بی سی. Retrieved 29-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)
  22. ^ سیاسی خەبەر (٣-٨-٢٠١٥). "لە کۆلێژی پزیشکی گوێگرتن لە ئەحمەد کایا یاساغە". ماڵپەڕی سیاسی خەبەر. Archived from the original on 11ی Septemberی 2017. Retrieved 29-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date=، |date= و |archive-date= (help) ١١ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  23. ^ سپۆتیفای. "ئەلبومی بەرم مەکەوە ئەسوتێیی لە سپۆتیفای". سپۆتییفای. ھەژماری ئەحمەد کایا لە سپۆتیفای. Retrieved 29-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)
  24. ^ حوڕییەت (٢٧-١٢-١٩٩٩). "بیری ئاپۆ ئەکات". ڕۆژنامەی حوڕییەت. Retrieved 29-9-2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری