ئیسماعیل خەیات (١٩٤٤ لە خانەقین - ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە سلێمانی) ھونەرمەندی شێوەکاری کوردی خەڵکی باشووری کوردستان بوو. ئیسماعیل خەیات وەکوو ھونەرمەندێکی کوردی ناسراو لە پیشخستنى هونەری شێوەکاری بە تایبەت لە شارى سلێمانى ڕۆلێکى گرنگى هەبووە و ھەروەھا لە سەر ئاستى عێراق لە مێژووى هونەرى شێوەکاریی ساڵەکانى شەستەکان، حەفتاکان و هەشتاکاندا بەشدارى کردووە.[١] ئەو ئەندامی کۆمەڵەی شێوەکارانی جیھان بوو.[٢]

ئیسماعیل خەیات
لەدایکبوون١٩٤٤
مەرگ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
خوێندنگەخانەی ‏مامۆستایانی بەعقووبە
پیشەشێوەکار
چالاکبوون١٩٦٣-٢٠٢٠
ھاوسەرگەزیزە عومەر

ژیان دەستکاری

ئیسماعیل خەیات لە ساڵی ١٩٤٤ لە شاری خانەقین لە دایک ببوو. ئەو دەرچووی خانەی ‏مامۆستایانی بەعقووبە بوو. ھەروەھا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ ھەتا ١٩٩٨ لە وەزارەتی رۆشنبیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری ھونەری ‏شێوەکاری بوو.[٢] ھەروەھا لە ساڵی ١٩٦٧دا وەکوو سەرپەرشتیارى هونەرى لە چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی بەشدار بووە.[١]

ئیسماعیل خەیات لە ڕێکەوتى ١٠ی شوباتی ٢٠٢٠ بەھۆی ڕووداوێکى کەوتندا لە ماڵەکەى خۆى تووشی نەخۆشی بوو و بەدوای دوو کەڕەت نەشتەرگەریی قورس بۆ مێشکى بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ بێهۆش کەوت.[١] ئەو لە ئاکامدا لە کاتژمێری ١١:٣٠ی پێشنێوەڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆچی دواییکرد.[٢]

چالاکییەکان دەستکاری

ئیسماعیل خەیات، لە ماوەی ٥٧ ساڵ ژیانی ھونەریی خۆیدا ٤٥ پێشانگەی شێوەکاریی کردووەتەوە.[٢]

لە کاتی شەڕی براکوژی و دابەشکردنی باشووری کوردستان لەنێوان دوو لایەنی پارتی و یەکێتی، ئیسماعیل خەیات وەکوو ناڕەزایەتییەک دژی ئەو شەڕە و بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاشتەوایی و یەکبوونەوەی کوردستان، بەردەکانی سنووری نێوان پارتی و یەکێتیی لە دێگەڵەی ڕەنگ کرد.[٢]

پێشنیاری درۆستکردنی ناوەندێکی هونەری ئیسماعیل خەیات دەستکاری

لە دوای تێکچوونی باری تەندروستیی ئیسماعیل خەیات لە ڕێکەوتی ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٠دا، زامۆئا داراغا پێشنیاری کرد ناوەندێکی هونەری وەک شوینێک بۆ ئەرشیف و لیکۆلینەو و شیکاری لەسەر هونەری شێوەکاری کوردی بە ناوی ئیسماعیل خەیاتەوە درۆست بکرێت. بەلام تا کاتی کۆچی دوایی ئەو ھونەرمەندە هیچ دامودەزگایەکی حکوومی و ناحکوومی بەدەم ئەم پێشنیارەوە نەهاتووەتەوە.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

ئەمانەش ببینە دەستکاری